١٨ تۆمەتباری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیر دەکرێن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە ١٨ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ٦ هەوڵی ناوزڕاندنی ژنانی گەنجیان پوچەڵ کردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەغدا باندێکی ١٨ کەسیان بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ناوچەی "مەشتەل"ی ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەستگیرکردووە، دوای داننان بە تاوانەکەیاندا پەڕوی لێکۆڵینەوەیان بەپێی بڕگەکانی ماددەی ٢٣٤ی سزادانی عێراقی بۆکراوەتەوە.

 

هەروەها هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ژمارەیەک تاوانبار دەکردووە کە تۆمەتی دزینی پارە و خانووی نیشتەجێبوون و دوکانیان هەیە و ساختەکارییان کردووە و لەلایەن ناوەندەکانی کەرخ و ڕەسافەوە داواکراون.

 

لە هەوڵێکی دیکەی پۆلیسدا ٦ هەوڵی ناوزڕاندنی ئەلکترۆنی پوچەڵکراوەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن هێڵی گەرمی ٤٩٧ ئاگادارکراونەتەوە لە هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر ژنانی گەنج و ترساندنیان بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرامبەر بڕێک پارەدا یاخود بەکارهێنانیان لەپێناو بەرژەوەندی کەسیدا.

 

پۆلیس ڕێوشوێنی یاساییان گرتووەتە بەر.