١١یەمین پاکێجی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا ڕێگە بە ئازادکردنی تاوانبارانی دژی ژنان و منداڵان دەدات
١١یەمین پاکێجی دادوەری بە دەنگی ئاکەپە و مەهەپە پەسەندکرا و دەم پارتی بێلایەن مایەوە و جەهەپەش دژی دەنگی دام هاوکات پەرلەمانی تورکیا تا شەشی کانوونی دووەم چووە پشووەوە.
ناوەندی هەواڵ
١١یەمین پاکێجی دادوەری کە لەلایەن ئاکەپەوە براوەتە پەرلەمان و زیندانییانی سیاسیی ناگرێتەوە، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر کرا، دوای گفتوگۆکان، پاکێجەکە خرایە دەنگدانەوە و پەسەندکرا.
بەهۆی ئەوەی پاکێجەکە زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوەو ڕێگە بە ئازادکردنی ئەو کەسانە دەدات کە بەهۆی تاوانی دژ بە ژنان و منداڵان سزادراون، دەم پارتی دەنگی بە پاکێجەکە نەدا و بێلایەن مایەوە. ئاکەپە و مەهەپە بە "بەڵێ" و جەهەپەش بە نەخێر دەنگیاندا.
لە دەنگدانەکەدا بە گشتی ٣٧٢ پەرلەمانتار بەشدارییان کرد؛ ٢٧٤ دەنگی بەڵێ، ٧٧ دەنگی نەخێر و ٢١ دەنگی بێلایەن تۆمارکران.
دوای پەسەندکردنی پاکێجی دادوەری، پەرلەمان تاوەکو شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ چووە پشووەوە.