١١ی شوبات ڕۆژێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ژنانی بوێر لە جیهانی زانستدا

دیدار شەهلا- ڕۆژنامەنووس

 

کاتێک باس لە مێژووی زانست دەکرێت زۆرجار وێنەی پیاوانمان دێتە پێش چاو، بەڵام ڕاستییە مێژووییەکە شتێکی ترە، چونکە ئەمڕۆ ١١ی شوبات ڕۆژی جیهانی ژنانە لە بواری زانست و ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا یادی ئەو مێشکانە دەکرێتەوە کە سەرباری هەموو بەربەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان توانییان ڕێڕەوی مرۆڤایەتی بگۆڕن. بۆ سەدان ساڵ دەرگای تاقیگەکان و هۆڵەکانی خوێندن بە ڕووی ژناندا داخرابوون و ژنان نەک هەر ڕێگرییان لێ دەکرا بەڵکو زۆرجار داهێنانەکانیشیان بە ناوی پیاوانەوە تۆمار دەکران، بەڵام ژیریی مرۆڤ سنوور ناناسێت و مێژوو پڕە لەو ژنە بوێرانەی کە ئەو دیوارانەیان تێکشکاند.

 

ماری کوری وەک یەکەم ژن کە خەڵاتی نۆبڵی بردەوە تەنها زانایەک نەبوو ، بەڵکو جەنگاوەرێک بوو کە لەناو تاقیگەیەکی سادەدا توانی تیشکدەرەوەی ڕادیۆئەکتیڤ بدۆزێتەوە و ڕێگەی نوێ بۆ پزیشکی بکاتەوە، لە تەنیشت ئەویش کاترین جۆنسۆن وەک ئەو کۆمپیوتەرە زیندووەی ناسا ناسرا کە بەبێ هاوکێشە بیرکارییەکانی ئەو مرۆڤ هەرگیز نەدەگەیشتە سەر مانگ، هاوکات نابێت ڕۆزالیند فڕانکلین لە یاد بکەین کە ئەو پاڵەوانە ونبووە بوو کە وێنەی پێکهاتەی DNAی گرت و نهێنی ژیانی بۆ جیهان ئاشکرا کرد،هەرچەندە لە کاتی خۆیدا مافە زانستییەکانی پێ نەدرا.

 

ئەمڕۆ ژنان تەنها بەشێک نین لە زانست بەڵکو ڕێبەرایەتی پڕۆسەکان دەکەن و لە دۆزینەوەی ڤاکسینەکانەوە تا گەڕان بەدوای ژیان لە هەسارەکانی تر و کارکردن لەسەر زیرەکی دەستکرد ڕۆڵی سەرەکی دەبینن و ئێستا لە هەموو جیهان و لە کوردستانیش ژنان بە خەونی گەورەوە دەچنە ناو کایەکانی تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری و پزیشکی و زانستە سروشتییەکان، زانست ڕەگەز ناناسێت و تەنها پێویستی بە تێڕامان و ئیرادە هەیە و ئەم یادە تەنها یادکردنەوەیەکی سادە نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ژنێک کە دەیەوێت بە زانستەکەی جیهان بگۆڕێت چونکە تاقیگەکان و داهاتوو چاوەڕێی دانایی و لێهاتووتی ژنانی زانان.