٣٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی باشووری خەرتوم کوژران

نزیکەی ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا لە باشووری خەرتوم کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٠ی ئەیلوول، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای سودان بۆ سەر گەڕەکێکی باشووری خەرتومی پایتەخت، بەلایەنی کەم ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون.

 

لیژنەی بەرگەری لە سودان ڕایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکان ناوچەی بازاڕی گۆرۆیان بۆردومان کردووەو ئامارە سەرەتاییەکان ڕایانگەیاند کە ١١ کوژراو و دەیان بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی بەشائر لە ناوچەکە.

 

لیژنەکانی بەرگری ئەو گروپانەن کە خۆپیشاندانیان ڕێکخست بۆ داواکردنی دەسەڵاتی مەدەنی دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ٢٠١٩ کە ڕژێمی عومەر ئەلبەشیری ڕووخاند و لەوەتەی جەنگ دەستی پێکردووە چالاکن لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ دانیشتوان.

 

لە بەرامبەردا، نەخۆشخانەی بەشائر داوایەکی بەپەلەی لە کارمەندانی پزیشکی کرد بۆ ئامادەبوون لە کاتێکدا ژمارەی بریندارەکان زیادی کردووە.

 

سەرچاوە پزیشکیەکان و چالاکوانانی سودان ڕایانگەیاند، ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بۆ سەر ناوچەی "کەلاکلا ئەلکوبە" لە باشوری ویلایەتی خەرتووم و دانیشتوانەکەی ناچارکرد ناوچەکە جێبهێڵن.

 

بەپێی ڕێکخراوی ناحکومی ACLID، لەکاتی دەستپێکردنی شەڕی سودان لە ناوەڕاستی مانگی نیسان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا زیاتر لە ٧ هەزارو ٥٠٠ کەس کوژراون و لەوانەیە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر زیاتر بێت، بەتایبەتی بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان لە چەند ناوچەیەک.