١١ خێزانی چەتەکانى داعش لە کامپی ڕۆژەوە ڕادەستی ئوستراڵیا کرانەوە
ئەمڕۆ ١١ خێزانی چەتەکانى داعش، کە لە ٣٤ کەس پێکهاتوون و خاوەن ڕەگەزنامەی ئوستراڵین، لە کامپی ڕۆژى ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕادەستی وڵاتەکەیان کرانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی بیانی ناو کامپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هاوار سەبارەت بە گەڕانەوەى چەند خێزانێکى بیانى چەتەکانى داعش لە کامپی ڕۆژى ڕۆژئاواى کوردستان بۆ وڵاتەکەی خۆیان، زانیارى نوێی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ ١١ خێزانی چەتەکانى داعش، کە لە ٣٤ کەس پێکهاتوون و خاوەن ڕەگەزنامەی ئوستراڵین، لە کامپی ڕۆژى ڕۆژئاوای کوردستان، ڕادەستی وڵاتەکەیان کرانەوە، ئەم گەڕانەوەیە بە هاوکاریی لەگەڵ کەسوکارى ئەو خێزانانە بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕادەستکردنەوەی ئەم خێزانانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی ناو کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی باری گرانی سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەو ناوچانەدا.
کامپی ڕۆژ کە دەکەوێتە ناوچەی دێرک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئێستادا ٧٤٢ خێزانی چەتەکانى داعشی تیادا نیشتەجێیە، کە کۆی گشتییان دەگاتە دوو هەزار و ٢٣١ کەس، ئەو خێزانانەی لەو کامپەدا ماونەتەوە، هەڵگری ڕەگەزنامەی زیاتر لە ٤٠ وڵاتی جیاوازی جیهانن.