ئامەد... ناوچەی دۆڵی گۆدێرنی بەر تێکدانی ژینگە کەوتووە

ئەندامێکی لیژنەی ژینگە، مێلیسا تانتان، جەختی لەوە کردەوە کە هەموو بەرگریکارانی ژینگە دەبێت بەرامبەر ئەو تێکدەر و وێرانکارییە بوەستن کە لە دۆڵی گۆدێرنی ڕوودەدەن، کە بە ناوەندی جۆراوجۆری زیندەوەران دادەنرێت.

مەدینە مامەد ئۆغلۆ

 

ئامەد- ئۆپەراسیۆنی داربڕین لە باکوری کوردستان کە لە جودیەوە دەستی پێکرد، تا شنیایلا لە شاری موش، تا ئێستاش بێ وەستان لە ناوچەی گۆدێرنێ لە کولپ، ئەو دۆڵەی کە دوای دروستکردنی بەنداوی سیلڤان کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ GAP  پلانی بۆ دانراوە کە ژێر ئاو دەکەوێت.

 

بەنداوی سیلڤان کە ساڵانێکە لە قۆناغی دروستکردندایە و لەکاتی چالاککردنی ٥٠ گوند کە دەکەونە سەر سنووری کۆلب، لێگی، سیلڤان و هەزرۆ وێران دەکات.

 

ئەو دۆڵەی کە خەڵک زۆر سەردانی دەکەن بۆ چێژوەرگرتن لە دیمەنەکانی و سروشتە دڵگیرەکەی وێران دەبێت و نامێنێت و تورکیا دەستیکردووە بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی کە بە ئاوی بەنداوەکە بەر لافاو دەکەون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو خێزانانە داوای یاساییان لەسەر تۆمارکردووە.

 

دۆڵی گۆدێرنی پێش چالاککردنی بەنداوەکە وێران بوو

دۆڵی گۆدێرنی کە بە چالاککردنی بەنداوی سیلڤان لافاوی بەر دەکەوێت، یەکێکە لەو شوێنانەی کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن، دیمەنەکانی ناو دۆڵەکە چێژ و جوانییەکی مێژوویی و سروشتی سەرسوڕهێنەر دەبەخشێت کە بینەران سەرسام دەکات، جگە لە هەموو ئەمانە، دۆڵی گۆدێرنی خاوەنی تایبەتمەندییە کە وا دەکات ببێتە شوێنێکی میراتی جیهانی، بەو پێیەی بە ناوچەیەکی سروشتی دادەنرێت کە ئیکۆسیستمێکی دەوڵەمەند و پێکهاتەی کولتووری هەیە و ڕابردوویەکی مێژوویی دوور و درێژی هەیە، بەڵام لەناوچوونی مێژوویی و ژینگەیی لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دەستیپێکردووە ئەو ناوچەیەی کە تەنانەت پێش دەستپێکردنی چالاککردنی بەنداوەکە بەهۆی قەتیسبوونی ئاوەکەیەوە بەر لافاو دەکەوێت.

 

جگە لەوەش چەند مانگێکە ناوچەکە بەرکەوتەی پڕۆسەی داربڕین بەدرێژایی ڕێگای هەزرۆ و کۆلپ بووە، ئەم دارانە دەفرۆشرێن، کە پاسەوانانی گوندەکە دوای گواستنەوەیان بۆ سەنتەرەکە دەیبڕن و دەیخەنە ناو تراکتۆر و بارهەڵگرەکانەوە، بەهۆی بڕینی نەمامەکان و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە، خەڵک پێیان وایە لەگەڵ کاراکردنی بەنداوەکە، وشکەساڵی زیاتر زیاد دەکات.

 

"هەموو هەنگاوێک هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر زیندەوەران"

ئەندامێکی لیژنەی ژینگە لە کۆنفرانسی گەلی دیموکرات، مەلیس تانتان سەبارەت بەو زیانە ژینگەییانەی ڕوودەدەن، ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت هەموو بەرگریکارانی ژینگە لەبەرامبەر ئەو کارەساتە ژینگەییەدا بوەستنەوە کە ڕوودەدەن و نابێت بابەتەکە تەنها لە ئەستۆی خەڵکدا بمێنێتەوە، "ئەو بوارەی باسی دەکەین گۆڕەپانی فرەچەشنی بایۆلۆجییە لە ناوچەکەدا، جگە لەوەی کە شوێنی دەیان گوندی دەوروبەرە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە لێرەدا کاریگەریی سیاسەتە ئەمنییەکانی دەوڵەت دەبینین و بێگومان پایەی یەکەمی ئەم سیاسەتانە لە بێ دانیشتووانی ناوچەکەدا دەردەکەوێت، پاشان مەترسی لەسەر فەزای ژیانی هەموو بوونەوەرە زیندووەکانی تر دەست پێدەکات و ئێستاش دوای دروستکردنی ڕێگاوبان و پردەکان، ناوچەکە شاهیدی تەقینەوەی دینامیتە، بێ گومان ئەمە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای خەڵک دروست دەکات، بەو پێیەی ناوچەکە ڕووبەڕووی بڕینی دار و درەختی بەرفراوان دەبێتەوە، ئێمە لەم ماوەیەی دواییدا لە جودی شاهیدی ئەو جۆرە کارانە بووین، ئەوان دەیانەوێت ژیان لێرە بە وێرانکردنی ئەو ناوچانە لەناوببەن."

 

"دەوڵەت دەبێت دەستی لە سروشت بکێشێتەوە"

مەلیس تانتان داوای پاراستنی دار و ژیانی سروشتی کرد و وتی: "دەزانین ئەم ئۆپەراسیۆنە داربڕینە بووە هۆی دروستکردن و فراوانکردنی ئابوورییەکی نوێی قازانج لە ناوچەکەدا، ئێستاش کاردەکەن بۆ ئەوەی دۆڵی هۆدێرنی بکەنە نموونەی ئەوە، ئەم شێوازە داربڕانە کە دەوڵەت بۆ قازانج و کرێ ئەنجام دەدات پێویستە بە زووترین کات بوەستێنرێت، زۆر داوای یاسایی هەیە کە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە تۆمار کراوە سەبارەت بەم پڕۆژەیە و ئەو پێشێلکاریانەی کە ڕوویانداوە، بەڵام نابێت بابەتەکە لە سنووری ئەم داوایە بوەستێت کە تەنها لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە تۆمارکراوە، و دەبێت کۆتایی بە بڕینی داری ئەم دۆڵە بهێنین، دەوڵەت دەبێ بە وازهێنان لە پراکتیکی سیاسەتە ئەمنییەکانی خۆی دەستی لە سروشت بکێشێتەوە."