ژنکوژی لە هەڵکشاندایە و دەسەڵاتی دادوەریش شکست دەهێنێت لە جێبەجێکردنی ڕۆڵی

باکووری کوردستان و تورکیا شایەتحاڵی بەردەوامی کردەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، لەوانەش کوشتن و دەسەڵاتی دادوەری بەرپرسیارێتییەکی بەرچاو لە زیادبوونی ڕێژەی ئەو تاوانانە لە ئەستۆ دەگرێت.

مەمیهان هیلبين زيدان

 

وان ـ پرسی توندوتیژی دژی ژنان و سیاسەتی بێ سزای پەیوەست بەوەوە، جارێکی دیکە توندوتیژی لە تورکیا و باکووری کوردستان توندتر کردووەتەوە، ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی کە ڕۆژانە ڕوودەدەن، چیرۆکی توندوتیژی دژ بە ژنان و زنجیرەی کەمتەرخەمی لەم پرۆسەیەدا ئاشکرا دەکەن کە بەرەو مردنیان دەبات، سەرەڕای چەندین داواکاری و فەرمانی پاراستن هێشتا دەکوژرێن، ئەمەش پرسیاری ڕاستەقینە لەبارەی سیستەمی دادوەری تورکیا دەوروژێنێت.

 

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوەکانی ژنانی تورکیا و کورد لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ٢٢ ژن کوژراون و تەرمی ١٤ ژنیش لە هەلومەرجێکی نهێنیدا دۆزراونەتەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا بە لانیکەم ٢٩٤ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ٢٩٧ حاڵەتی مردنیش وەک "گوماناوی" تۆمارکراوە.

 

”فەرمانی پاراستن ژنان ناپارێزن”

مەلیحە کەسکین لە زانکۆی ئێرجیس لەلایەن هاوژینەکەی پێشوویەوە کوژرا، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەڕەشەی لێکردبوو، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی ٥٠ ڕاپۆرتی تۆمارکردووە و زیاتر لە ٨٠ فەرمانی پاراستنی بەدەستهێناوە و تەنانەت دوو جار مۆنیتەری ئەلیکترۆنی پاژنەی پێیەکانی بۆ هاوژینەکەی پێشووی داناوە، بەڵام هێشتا کوشتوویەتی.

 

لە ئاگری، گولەر ئۆزکان تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە پیاوێکی توندوتیژ بوو و حەوت جار پۆلیس ئاگادار کردۆتەوە.

 

لە ئەنقەرە ڕەجەب جەنگیز کە بەم دواییە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو، دایکی و منداڵەکەی و ئەو ژنەی کە لە پرۆسەی جیابوونەوەیدا بوو، کوشت.

 

”لە یەک ڕۆژدا شەش ژن کوژران”

مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو لە یەک ڕۆژدا شەش ژن کوژران، لە ئیستەنبوڵ فیلیز شەعبان گول لەلایەن ئەو پیاوەی کە جیابووەوە لێیکوژرا، لە جبزە ئایلین پۆلات لەلایەن کەسێکەوە کوژرا کە فەرمانی خۆگرتنی هەبوو لە دژی هەبوو، لە شاری وان گۆنول ئالکان لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا کە فەرمانی خۆگرتنیشی لە دژی هەبوو. لە عوسمانییە، ئیلکنور کۆتش لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا، بەهەمان شێوە لە ئاقچسەرای کوبرا کیلیش لەلایەن هاوژینەکەی پێشوویەوە کوژرا، کە هاوژینەکەیش تەقەی لە ئامۆزا گەورەکەی کردووە کە ناوی زەینەب ئەیاز بوو و کوشت.

 

“ناتوانرێت بوترێ زیادبوونی توندوتیژی بۆ یەک هۆکار دەگەڕێتەوە”

ماریا بیلدریجی بۆرازان، پارێزەر لە سەندیکای پارێزەرانی وان لە باکووری کوردستان، سەرنجێکی لەسەر سیاسەتی توندوتیژی دژی ژنان و بێ سزایی لە تورکیا دا و ڕایگەیاند، توندوتیژی هۆکاری زۆری هەیە، هەروەها پرسێکی ئەوەندە ڕوون نییە کە بتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ یەک هۆکار، توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو بارودۆخێکدا و لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا بەردەوام لە زیادبووندایە و ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنی کێشەکە لە ڕوانگەیەکی هەمەلایەنەترەوە هەیە.

 

سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی، وتی: دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی ئەمە ببەستینەوە بە چەمکی پیاوسالارییەوە، پێویستە باس لە بوونی ئەو هەڵوێستانە بکەین کە دەبنە هۆی سەرهەڵدان و پەروەردەکردن و ڕەنگە تەنانەت زیندووکردنەوەی ئەم چەمکە پیاوسالارییە.

 

“یاساکان بەسە، بەڵام جێبەجێ ناکرێن”

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ژنکوژی، ئەو تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەیە کە سووتەمەنی "پیاوایەتی"یە، سیاسەتی بێ سزایی و "نەبوونی ڕێوشوێنی خۆپارێزی"، نابێت وەک پێکهاتەیەکی یەکلایەنە سەیری دەسەڵاتی دادوەری بکەین، هەروەها ئەو پێکهاتەیەی ئێمە پێی دەڵێین دەسەڵاتی دادوەری دەبێت میکانیزمی خۆپارێزیش پەرەپێبدات، سزا بە تەنها بەس نییە، لە هیچ سەردەمێکی مێژوودا سزا بە تەنها بەس نەبووە بۆ ڕێگریکردن لە تاوان.

 

ڕوونیشیکردەوە، کێشەی ڕاستەقینە لەوەدایە کە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتی خۆپارێزی بەکارناهێنێت، یاساکان بەسە، هەرکەسێک لەدەرەوەی سیستەمی دادوەری بێت دەتوانێت هەر یاسایەک بخوێنێتەوە و بڵێت: لێرە هیچ تاوانێک ئەنجام نادرێت، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ناکرێت، ژنان دەتوانن فەرمانی خۆگرتن و فەرمانی پاراستن بەدەستبهێنن، دەتوانن لە کاتی پێویستدا بەدوای پەناگەدا بگەڕێن، دەتوانن بچنە پەناگە، دەتوانن ناسنامەی خۆیان بگۆڕن، بژاردەکانی بەردەست زۆرن، بەڵام بەداخەوە، ئێمە نایبینین بە کردەوە جێبەجێ بکرێن.

 

ماریا بیلدریجی بۆرازان ڕوونی دەکاتەوە، کە سەرەڕای ئەو فەرمانانە هێشتا زۆرێک ژنان لە تورکیا زیانیان پێدەگات، هەروەها پێویستە باس لە کەموکوڕییەکانی یاساکان بکرێت و ئەو ڕاستییەش، کە ئەو تاوانبارانە زوو زیندانی دەکرێن بە مەرجی ڕەفتاری باش ئازاد دەکرێن.

 

"پێویستە بە پێی بنەماکانی دەوڵەتی سۆسیال دیموکراتیک مامەڵە بکەین"

جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان پرسێکی دیارە لە کارنامەی ژنان.م، هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان هەموو جۆرە خەباتێک بەڕێوەدەبەن، ئەوان لە شەقام و لە دامەزراوەکاندا ئامادەن، بەڵام ئەمە شتێک نییە کە ئێمە بە تەنها بیکەین، ئێمەی ژنان خەبات بۆ مافەکانمان دەکەین، بەڵام تەنانەت بەبێ ئەوەی پێویست بە شەڕی خۆمان بکەین، پێکهاتەگەلێک هەن کە دەبێت بەناوی ئێمەوە هەنگاو بنێن و بەپێی نزیکبوونەوەی دەوڵەتێکی خۆشگوزەرانی کاربکەن.

 

”ئەنجامدانی تاوان لەکاتی مۆڵەتدان لە زیندان”

سەبارەت بە پرسی ئەو زیندانیانەی کە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد دەکرێن و تاوانی تۆڵەسەندنەوە دژی ژنان ئەنجام دەدەن، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو پیاوانەی بە مۆڵەت لە زیندان ئازاد دەکرێن زۆرجار جارێکی دیکە تاوان دژی ژنان یان منداڵان ئەنجام دەدەنەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە دەرچوون لە زیندانەوە پەیوەندی بە تاوانە سیاسییەکانەوە نییە، ڕەنگە پێویست بێت لەم کەیسەدا کۆنتڕۆڵەکان توندتر بکرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە تاوانە توندوتیژییەکان، بە لانیکەم تاوانی دژ بە ژیان، دەکرێت میکانیزمی چاودێریکردن پەرەپێبدرێت، هەروەها دەتوانرێت سنووردارکردن بخرێتە سەر مۆڵەتی ئەو کەسانەی کە بەو تاوانە هاوشێوەکان سزا دراون، ئەمەش بوونی ئەوان لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا سنووردار دەکات لەگەڵ بوارە تایبەتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا سنوورداریان دەکات.

 

"دەبێت ئەنجامدەری توندوتیژی چاک بکرێتەوە"

توندوتیژی دژی ژنان، جەخت لەوە دەکاتەوە، کێشەیەک نییە کە بە سزادان یان زیندانیکردنی تاوانبارەکە چارەسەر بکرێت، بەڵکو دەوڵەت دەبێت مسۆگەری چاککردنەوەی ئەو کەسانە بکات کە بە تاوانی کوشتنی ژنان سزا دراون، چونکە ئەم تاوانبارانە دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێن، بۆیە زۆر گرنگە لە زینداندا نەمێننەوە و لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا بارودۆخیان زیاتر تێکبچێت، دەوڵەت دەبێت مسۆگەری ئەوەمان بۆ بکات، لە کاتێکدا، ئێمە هێشتا باس لە سیاسەتەکانی بێ سزایی دەکەین، ئەمە ڕەنگە وەک شتێکی گرانبەها دەرکەوێت بۆ ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هەرگیز واز لە داوای هەموو مافەکانمان بهێنین.

 

"سیستەمی ڕێگریکردن بێکاریگەرە و لەڕادەبەدەر کەمتەرخەمن

ماریا بیلدریجی بۆرازان پێی وایە بۆ کەسێک کە مەیلی توندوتیژی هەیە، کەسێک کە مەترسییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات، ڕێوشوێنی بێکاریگەر بێ سوودە، چونکە کەسێک کە ئامادەبێت بۆ کوشتن، بە سزای سێ مانگ زیندانیکردن، ڕێگری لێناکرێت، ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین فەرمانی خۆگرتن لەڕاستیدا دەبێت ڕێگریان لێبکات، فەرمانی پاراستن لەم وڵاتەدا ماوەیەکی زۆرە بێکاریگەر بووە، ئەپی چاودێریکردنی پاژنەی پێ ئەلیکترۆنی هەیە، بەڵام هەندێکجار بەکارناهێنرێت، گوایە لەبەرئەوەی بەردەست نییە. کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە کە سیستەمەکانی ئێستا بێکاریگەرن و لەڕادەبەدەر پشتگوێخراون، بۆیە دەبێت سەرەتا ئەم دۆخە بگۆڕێت.

 

"زمانی میدیا سووتەمەنی توندوتیژی دەدات"

زمانی میدیایی کاریگەری لەسەر توندوتیژی و کوشتنی ژنانیش هەیە، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان بەردەوامن لە ڕەوایەتیدان بە توندوتیژی، هەروەها قۆناغێکمان بینی کە بەناو کوشتنی کەرامەت کەمیکرد، بەڵام لەم دواییانەدا شاهیدی سەرهەڵدانەوەی ئەم دیاردەیە بووین.

 

چارەسەرەکە، وەک دەردەکەوێت، لە لێکۆڵینەوەیەکی ورددایە لە هۆکارەکانی ئەمە، گەلەکەمان کاریگەری زۆری زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و زمانی میدیایی لەسەرە، منداڵانی بچووک دەمانچەی یارییان پێیە، لە کاتی یاریکردندا دەستەواژەی وەک ”تۆ کررامەتی منیت” دەوترێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن (RTÜK) سیاسەتێکی سەرنجڕاکێش دەگرێتەبەر، چونکە دەتوانێت سنووردارکردنی دەستبەجێ بسەپێنێت و پەخشی بەرنامەکان بوەستێنێت ئەگەر بینی لەگەڵ بەهاکانیدا ناکۆکن.

 

ڕەخنەی لەو زمانە سێکسیستییە گرت کە لە میدیاکاندا بەکاردێت و وتی: کاتێک دەڵێیت ”تاوانێکی خۆشەویستی”، تاوانەکە ڕۆمانسی دەکەیت، وای لێدەکەیت کە بەزەییدار بێت، وەک ئەوەی بڵێیت، ”من لە پێناو خۆشەویستیمدا دەمرم یان دەکوژم”، بە هەمان شێوە زمانی هەواڵ وەک ”ئەو ژنەکەی کوشت دوای بینینی لەگەڵ پیاوێکی دیکە، نامەیەکی کورتی بینی و کوشتی” تاوانەکە شەرعیەت دەدات، هەر بۆیە میدیا دەبێت ڕزگاری بێت لەم زمانە.

 

“ژن دەکوژرێن”

لە کۆتای قسەکانیدا، ماریا بیلدریجی بۆرازان، پارێزەر جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو وێنانەی لە ژن و منداڵی کوژراو دروست دەکرێن ڕادەی توندوتیژییەکە دەشارنەوە، وێنەی ژنێکی کوژراو یان منداڵێکی دەستدرێژیکراو نابێت وەک ئەوەی فریشتەی باڵدار بن، هاوبەش بکرێن، چونکە کاتێک دەکوژرێین، لە بەرزایییەکی زۆرەوە فڕێ دەدرێین، یان دەستدرێژی دەکرێتە سەر، لەناکاو ناچینە ناو جیهانێکی ڕۆمانسی، ئێمە دەکوژرێین، ئێمەین بریندار بووین، لەناو دەچین ژیان و خەونی بێکۆتامان بەجێدەهێڵین.