ژنانی میسر: پشتیوانی ژنانی سنوور بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکاریەکان لە ئێران زۆر گرنگە

لەگەڵ کەڵەکەبوونی قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی، شەقامی ئێران زیاتر ئامادە بووە بۆ هەڵگیرساندنی هەر ڕووداوێک کە دەست لە مافە سەرەتاییەکان بدات، ئەو پریشکەی کە یەکێکە لە گرنگترین شۆڕشەەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران بە ناوی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵگیرسا.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە – لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٢دا ناوی ژینا ئەمینی بوو بە هێمایەکی جیهانی بەرخۆدان و ئازادی، ئەم ژنە گەنجە کوردە تەمەن ٢٢ ساڵە بە بیانووی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی زۆرەملێ لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن بەناو "پۆلیسی ئەخلاق"ەوە کوژرا.

 

هەواڵی مردنی ئەو ژنە گەنجە لە مێژوویەکی دوور و درێژی پێشێلکارییەکاندا ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو توڕەییەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە کە لە شارە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ سەرتاسەری ئێران بڵاوبووەوە و بە خێرای گۆڕا بۆ یەکێک لە گەورەترین شۆڕشەکانی کۆمەڵایەتی لە دەیەکانی ڕابردوودا.

 

ئەوەی ئەم شۆڕشەی جیاکردەوە، تەنها قەبارەی جوگرافی یان ماوەی کاتی نەبوو، بەڵکو سروشتی تایبەتیش بوو. ژنان پێشەنگایەتیان کرد و بە ئاشکرا باڵاپۆشەکانیان لابرد و لە گۆڕەپانەکاندا سووتاندیان و تەحەدای دەسەڵاتی دەوڵەت و هێما پیاوسالارییەکانی دەکرد.

 

ئەو دروشمەی کە بەرزکرایەوە، "ژن، ژیان، ئازادی"، تەنها قسەی ناڕەزایەتی نەبوو؛ ڕاگەیاندنی دیدگایەکی نوێ بوو بۆ ئێرانێکی جیاواز و دادپەروەرتر و یەکسانتر، هەروەها بزووتنەوەکان تەنها لە ژناندا سنووردار نەبوون؛ گەنجان، خوێندکاران، کرێکاران و کەمینە نەتەوەییەکانش بەشدارییان کرد، لە دیمەنێکدا کە ڕەتکردنەوەی سیاسی لەگەڵ خواستی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕیشەی تێکەڵ دەکرد.

 

دەنگدانەوەکانی شۆڕش لە ئاستی جیهانیدا تەشەنەی کرد و خۆپیشاندانی هاوپشتی لە دەیان وڵاتدا ڕویدا و وێنەی ژینا ئەمینی بوو بە ئایکۆنێکی جیهانی ئازادی و کەرامەت، هەروەها شۆڕش ڕۆشنایی خستە سەر بابەتگەلێکی قوڵتر، وەک پەیوەندی نێوان جەستە و سیاسەت، هەڵاواردن لە دژی ژنان و کەمینەکان و سنووری دەسەڵاتی ئایینی لە بەرامبەر خواستەکانی نەوەیەکی نوێ کە بەدوای کەرامەت و یەکسانی دەگەڕێن.

 

شەڕی ئەم دواییە ئازارەکانی ژنانی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە خۆیان دەبیننەوە لە نێوان چەقۆی توندوتیژی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەنگەری ئازارەکانی ململانێکاندا گیریان خواردووە، لەڕووی لەدەستدانی ئاسایش و ئاوارەبوونی خێزان و بارگرانی مانەوە و خۆڕاگریەوە دوو هێندە باج دەدەن.

 

"شەڕ بووەتە ڕێگر لە ڕێگای خەباتی کۆمەڵایەتی"

لەمیا لوتفی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستپێشخەری ژنانی گوندنشین، جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی عەرەبی ئێران بە بەشێک لە خۆی نازانێت، جگە لە ڕووداوە گەورەکان، بەدواداچوونێکی ڕاستەقینە لە لایەن عەرەب زمانەکانەوە نییە، لەوانە ئەو شۆڕشەی کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ئەو ژنە گەنجە کوردە سەریهەڵدا، کە ئەمەش بەهۆی ئەو سنووردارکردنانە بوو کە بەسەر ژناندا سەپێندرا و پابەندبوونیان بە توندی بە ڕواڵەتی دەرەکییەوە، بەتایبەتی باڵاپۆشی.

 

پێیوابوو، کە سنووردارکردنەکە درێژبووەتەوە بۆ ئەوەی بێتوانای لە جوڵە و گەشتکردندا بگرێتەوە، هەروەها شۆڕشەکە بۆ چەند مانگێک بەردەوام بوو وەک دەربڕینی بیروڕا و داواکارییەک بۆ ئازادی بڕیاردان لە کایەی گشتیدا، پرسێکی گرنگە کە تەنها لە ئێراندا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە سروشتێکی تۆتالیتارییان هەیە، کە فشار دەخاتە سەر ڕەفتاری کەسی تاکەکان، وە ئەوەی لە سودان ڕوودەدات هاوشێوەیە، یاسا ڕێگەی پێدەدات لە شەقامەکاندا قامچی لە ژنان بدرێت ئەگەر دەرکەوتنیان لە هەندێک حاڵەتدا بە نەگونجاو هەژمار بکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پشتگیری لە سنوور بەزاندن پاڵپشتی مرۆییە، چونکە ژنان هەنگاو دەگرنەبەر کە بەشێکە لە ناسنامەکەیان، جا لەڕێگەی بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان، بڵاوکردنەوە، یان پێشکەشکردنی فۆڕمی جۆراوجۆری پشتیوانی بێت، لەگەڵ ئەو ڕەشبوونەوەی لە ئێران ڕوودەدات، پێویستی بە دەستێوەردان هەیە، بە تایبەت لەگەڵ دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، چونکە بە پشتبەستن بە بانگەشەکان و بابەتگەلی سیاسی گەورە، وەک تۆمەتی "خیانەت"، دەیان لەسەر شەڕەکە یەکلایی دەکرێنەوە.

 

لەمیا لوتفی، جەختی لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی گروپە گەورەکان کردەوە، کە ئامانجیان پشتگیریکردنی ژنانە، کە هەماهەنگی و گروپی عەرەبی کاریگەر هەیە، بەڵام بارودۆخی ئێستا پێویستی بە بیرکردنەوە لە کارکردن لەسەر ئاستی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەهۆی ئەو خاڵە یەکتربڕانەی کە دەتوانرێت بونیاد بنرێت و کاری لەسەر بکرێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە سەرەڕای پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ئایکۆنێک دەمێنێتەوە کە لە ئەنجامی خراپی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاسای لە ئێراندا ژیانی لەدەستداوە و خەباتێکی کۆمەڵایەتیش بەردەوام دەبێت کە داوای مافی ژنان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازاد دەکات.

"چالاکی ناوخۆی بۆ پشتیوانی دەرەکی گرنگە"

نور جەلال، ڕۆژنامەنووس، ڕاهێنەر لە وەزارەتی گەنجان و وەرزش و چالاکوانی ژنان، ڕایگەیاند، ئەوەی لەگەڵ ژینا ئەمینی ڕوویدا، وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەمێنێتەوە لە راستی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پیاوان و سەرپەرشتیکردنی پیاوسالاری لەلایەن ژنانەوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە یاسای جیاکاری دژی ژنان دەردەکەن، وەک ئێران.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو کاتێکدا ژنان وەک لاوازترین گروپ دەبینن و ئەم شۆڕشە هاوارێکی ڕاستەقینە بوو بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان بە جیهان، لە ژێر ڕۆشنایی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتداران بۆ سەر مافەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرەتاییترین مافەکان، لەوانەش توانای خۆدیاریکردنی جلوبەرگ، گواستنەوە، خوێندن، هەموویان پێویستیان بە خەباتێکی ڕاستەقینە و پشتیوانییەکی بەرچاو هەیە، هەروەها هیچ لایەنێک و تەنانەت "پۆلیسی ئەخلاقیش" مافی ئەوەی نییە کە ڕوخساری ژن هەڵسەنگێنێت یان دیاری بکات، هەربۆیە پێویستی بە شۆڕشێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی.

 

ئاشکرای کرد، کە ڕاستی ژنان لە ئێراندا پێویستی بە بزووتنەوەیەکی نوێ هەیە بۆ داوای مافە دزراوەکانیان، ئەم بزووتنەوەیە ئەو پەنجەرەیەیە کە دەتوانێت جیهانی دەرەوە کۆبکاتەوە بۆ پشتیوانیکردنیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمەی کە یاسای هەڵاواردن دژی ژنان دەسەپێنێت، هەروەها ڕاستی ئێستا پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لە سەرانسەری هەموو وڵاتان بۆ پشتیوانی لە دۆزی ژنان و خەباتیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان.

"یاساکانی ئێران جیاکارین و هاوپەیمانییەکی ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان پێویستە"

نەهلە مەحمود، پارێزەر کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری یاسا و چالاکوانی مافی مرۆڤە، جەختی لەوە کردەوە، کە شۆڕش هەنگاوێکی ئەرێنییە کە دەتوانرێت لە خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان لەسەری بونیاد بنرێت، بەڵام ئێستا ئەو بابەتە پێویستی بە پێکهێنانی گروپ و سەندیکاکانی ژنان هەیە کە ڕووبەڕووی یاسا جیاکارییەکانی ئێران دەبنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە یاساکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و ئەوەی پێیان دەوت یاسای پاکیزەی و پەیوەندیەکەی بە باڵاپۆشیەوە، هەموویان ئامرازی دەسەڵاتن بۆ سەپاندنی سەرپەرشتیکردنی بەسەر ژناندا، کە ئەمەش بووە هۆی کوژرانی ژینا ئەمینی لەگەم سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی دژ بە ڕەفتاری دەسەڵاتداران کە تەواو دژ بە مافەکانی مرۆڤە.

 

پێیوابوو، کە ئەخلاق تەنها بە ڕواڵەتی دەرەوە سزا دەدرێت و ئاماژەی بەوەدا، کە بزووتنەوە و شۆڕش لە ناوخۆی ئێراندا پێویستن، چونکە دەرگا بۆ پشتیوانیکردن دەکەنەوە، زانیاری دەربارەی ناوخۆی ئێران کەمە، کە ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی کەناڵی ڕاستەقینەی پەیوەندییە کە ڕێگە بە پشتیوانیکردن بدات، شۆڕش هەست و سۆزی ژنانی لە سەرانسەری جیهاندا وروژاندووە و دەتوانرێت لەسەر ئەمە بونیاد بنرێت بۆ ئەوەی سوود بە ژنانی ئێرانی بگەیەنرێت، هەروەها پێویستە چالاکوانانی ژنان یەکبگرن بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان.

 

شایانی باسە کە شۆڕشی "هن، ژیان، ئازادی" و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و دواتر نیشانیدا کە ژنان لە ئێراندا ئیتر تەنها قوربانی سیاسەتی سەرکوتگەرانە نین، بەڵکو لە پێشەنگی خەباتی ئازادی و کەرامەتدان، سەرەڕای ئەو بارگرانییە زیادانەی کە بەهۆی شەڕی ئەم دواییە لەسەر شانیان کەوتووە، ئازایەتی ژنان و توانای ڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوەیان لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمەدا دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵات لە هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی خۆیاندایە، دیمەنەکە ئەوە ئاشکرا دەکات کە بزووتنەوەی ژنان و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا ئیتر ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە خەریکە هاوسەنگی هێز دادەڕێژێتەوە و پرسی ژنان دەخاتە ناو دڵی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو.