ژنانی داریا لە "چادری ڕاستی" یەکدەگرن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان
دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لەگەڵ ئەوەی چارەنووسی ئازیزانیان تا ئێستا نادیارە، ژنان لە شاری داریا، لە گوندەکانی دیمەشق، دەستپێشخەریی "چادری ڕاستی"یان دەستپێکرد بۆ ڕێکخستنی هەوڵەکانی خێزانەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی زەبر و زەنگ و بارگرانی ڕۆژانەو ئاڵەنگاری.
جلنار عەلی
دیمەشق- لەو چاوەڕوانییە ئازاربەخشەی کە بەهۆی دیارنەمانی کوڕ و هاوژین و کەسوکارەکانیانەوە سەپێندرا، ژنان لە داریا، لە گوندەکانی دیمەشقی سووریا، دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا بۆ بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ونبووەکان و داوای ڕاستی، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کردنەوەی زیندانەکان، هێشتا زۆرێک لە بنەماڵەکان هیچ وەڵامێکیان لەبارەی چارەنووسی ئازیزانیان نەدۆزیوەتەوە، کۆمەڵێک ژن بڕیاریان دا هەوڵی خێزانەکان ڕێکبخەن بۆ بزووتنەوەیەکی مافی مرۆڤ کە داواکارییەکانیان یەکبخات و ڕێگەیان پێبدات بەکۆمەڵ مامەڵە بکەن.
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٥، ژنان دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی "چادری ڕاستی" لە داریا، ئیلهامیان لە دەستپێشخەری هاوشێوە وەرگرت کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریا سەریان هەڵدابوو، کۆمەڵێک لەوان گروپێکی دامەزرێنەریان پێکهێنا و پەیوەندییان بە کەسوکاری بێسەروشوێنەکانەوە کرد، بانگهێشتیان کردن بۆ بەشداریکردن، شیفا جنبلات کە پێشتر خۆبەخش بوو لە کارگێڕی مەدەنیدا، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە گەیشتن بە خێزانەکان و ڕێکخستنی کۆبوونەوە سەرەتاییەکان.
شیفا جنبلات بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، بیرۆکەی چادرەکە لە وەڵامی ئەو شۆک و هەستکردنە بە زیانەیە کە ژنان لە دوای ڕووخانی ڕژێم ڕووبەڕووی بوونەوە، سەریهەڵداوە، چونکە کوڕ و هاوژینو کەسوکاریان بێسەروشوێن ماونەتەوە.
بۆ زۆرێک لە ژنانی داریا، گەڕان بەدوای ونبووەکاندا تێکەڵ بەو بارگرانییە ڕۆژانەیانە بوو کە بەهۆی نەبوونی ئەندامانی خێزانەوە دەسەپێندرا، ئەم ژنانە خۆیان بە بەرپرسیار زانی لە پشتیوانیکردنی منداڵەکانیان و بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵەوە لە شارێکدا کە هێشتا پەڵەی شەڕی لەسەرە، خێزانەکان خەبات دەکەن بۆ چاککردنەوەی ماڵەکانیان یان ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان.
ئەوەشڕوون بووەوە کە ئەو ژنانە هیوایان خواستبوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکان، چ حکومەت بێت یان کۆمیسیۆنەکانی دادپەروەری گوازراوە و کەسانی ونبوو، چارەسەری دۆخی نالەباری ئەوان بکەن، بەڵام هەستکردن بەوەی کە کەس گرنگی بە ئازارەکانیان نادات، وای لێکردن بیر لەوە بکەنەوە کە خۆیان دەتوانن چی بکەن، ژنێک ڕوونیکردەوە، کە گەیاندنی بە بنەماڵەی ونبووەکان لە ڕێگەی ئەو تۆڕەی پەیوەندییەوە دەستی پێکردووە کە لە کاتی خۆبەخشی لەگەڵ کارگێڕی مەدەنی دروستی کردووە، لەوێ لە بواری ئاماردا کاری کردووە و لەگەڵ زۆرێک لە دانیشتوانی شارەکە ئاشنا بووە.
شەفا جنبلات گروپێکی خۆبەخشی هەبوو کە بە نزیکەی لە ١٠٠ ژن پێکهاتبوو، تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٥٠ ساڵدا بوو، کە زۆربەیان لەو خێزانانە هاتبوون کە ئەندامانی ونبوو یان بێسەروشوێنیان هەبوون، لەم گروپە پێنج ژنی هەڵبژارد بۆ پێکهێنانی گروپی دامەزرێنەر کە دەستپێشخەرییەکەی ڕێکخستبوو، جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە پاشخانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی جیاواز لە چادرەکەدا کردەوە، لەوانە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ژنانی خوێندەوار و ئەوانی دیکە کە هەوڵدەدەن کاروباری خۆیان دەستپێبکەن بەبێ بڕوانامەی فەرمی و ئەزموونی پیشەیی، هەروەها ئەو ژنانەی لەخۆگرتبوو کە هەرگیز بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا نەکردبوو، و ئەوانی دیکەش کە خێزانەکانیان بە شێوەیەکی نەریتی لە ماڵەوە دەیانهێشتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوژینەکانیان نەماون، لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەمە شتێکی بنەڕەتی بوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن نوێنەرایەتی ئەزموونە جیاوازەکان بکەن و هەریەکەیان بتوانن کەشی بەشداریکردن بدۆزنەوە، بەبێ گوێدانە ئەزموونەکەی یان بارودۆخی کۆمەڵایەتی.
خێزانەکان لە پێشەنگی بزووتنەوە
هەر لە یەکەم کۆبوونەوەکانەوە ژنان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی "چادری ڕاستی" کەشێک دەبێت کە خێزان بەڕێوەی دەبات، خێزانەکان خۆیان داواکاری و یەکەمایەتییە دیاری دەکەن، ڕۆڵی گروپی دامەزرێنەر سنووردار بوو بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە و فراوانکردنی بەشداریکردن و پێشکەشکردنی پشتیوانی و هەماهەنگی لە نێوان خێزانەکان و کارکردن بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
شیفا جنبلات ڕوونیکردەوە، کە هەر ژنێک لە گروپەکەدا بە پەیوەندیکردن بە پێنج خێزان لە گەڕەکەکەی و بانگهێشتکردنیان بۆ کۆبوونەوەیەکی ناساندن دەستیپێکردووە، نزیکەی ٣٠ خێزان بەشدارییان کرد و پاشان دەستپێشخەرییەکە لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێ و خزمەکانەوە بڵاوبووەوە، تا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە چادرەکەوە کرد گەیشتە نزیکەی دوو سەد، ئەو مەزەندە دەکات کە گروپەکە پەیوەندییان بە نزیکەی سێ سەد خێزانەوە کردووە.
کاتێک چادرەکە دەبێتە شتێکی دەستنەکەوتوو
هەرچەندە دەستپێشخەرییەکە ناوی "چادری ڕاستی"ە، بەڵام ژنانی داریا نەیانتوانی چادرێکی ڕاستەقینە لە کەشی گشتیدا هەڵبکەن، وەک ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی سووریا ڕوویدا، شیفا جنبلات وتی: سروشتی کۆمەڵگەی ناوخۆیی وایکردووە کە ژنان لە شەقام و کەشی گشتیدا کۆببنەوە، بەرەوڕووی ڕەخنە ببنەوە.
ئەمەش وای لە گروپەکە کرد بەدوای شوێنێکی لارێزراودا بگەڕێن کە خێزانەکان بتوانن کۆببنەوە بەبێ ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردن یان بڕیاردانی کۆمەڵایەتی ببنەوە، گروپەکە بەدوای کەشی سەربەخۆدا دەگەڕان کە نەبەسترێتەوە بە ماڵی هیچ خێزانێکەوە، بۆ ئەوەی هیچ خێزانێک بەرپرسیارێتی میوانداریکردنی کۆبوونەوەکان لە ئەستۆ نەگرێت، یان وا دەرکەوێت کە بزووتنەوەکە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت، هەروەها ژنان هەوڵیان دا ناوەندی ڕۆشنبیری شارەکە بەکاربهێنن، بەڵام کرێکەی زۆر بوون و لەگەڵ سەرچاوە بەردەستەکانی دەستپێشخەرییەکە نەدەگونجا.
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەکان لە باخچەی ساوایانەوە دەستی پێکرد کە شیفا جنبلات تێیدا کاردەکات و بەردەوامە لە میوانداریکردنی زۆربەی کۆبوونەوەکانی گروپەکە، وتی: شوێنەکە دوای هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو هەڵبژێردرا کە دڵنیابێت لەوەی کۆبوونەوەکان بەردەوام بن لە هەمان کاتدا پاراستنی نهێنی بەشداربووان.
ئەم وردەکاریانە ئاڵەنگاری زیاتر لە کارەکانیان لەسەر ئەو پرسە دەخاتە بەردەم ژنان، بەشداریکردن لە بزووتنەوەیەکی گشتیدا هەندێکجار لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەدا بەریەک دەکەوێت کە ژنان دەتوانن لە کوێ بن و سروشتی چالاکییەکانیان دیاری دەکەن، سەرەڕای ئەمەش ژنانی گروپی دامەزرێنەر لەسەر فراوانکردنی بەشداری خێزان و پاراستنی ڕۆڵییان لە داڕشتنی ئاراستەی بزووتنەوەکەدا مانەوە، وتی: ئەرکی ئەوان پاڵپشتیکردنی خێزانەکان و بەهێزکردنی توانای هەڵسوکەوتنیانە، هاوکات پرسی بێسەروشوێنەکان و داواکارییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان وەک بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ ماونەتەوە.
لە داریادا "چادری ڕاستی" بە ناوی کەشێکەوە ناونراوە کە ژنان نەیانتوانیوە لە شەقامەکەدا هەڵیبەن، بەڵام ئەو کۆبوونەوانەی کە باخچەی ساوایان میوانداری دەکات، بوونەتە شوێنێک کە خێزانەکان کۆدەبنەوە، پرسیارە بێ وەڵامەکان هاوبەش دەکەن و ژنان کار دەکەن بۆ ئەوەی پرسی ونبووەکان لە کایەی گشتیدا ئامادەبن.