"پێویستە ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر پێش ئەوەی منداڵی زیاتر بمرێت"
نورسەل ساریۆغڵو، سکرتێری گشتیی ناوەندی مافی منداڵانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند، کە پێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵان لە نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت دەڵێت: لەبری ئەوەی دوای مردن بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.
ئامەد – "ڕاپۆرت سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا کەوتە بەر باس و خواسی ڕای گشتی و میدیاکان"، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ژووری پارێزەرانی ئامەدەوە بڵاوکرایەوە، ڕاپۆرتەکە ئەو مەترسییانەئاشکرا دەکات کە منداڵان لە وڵاتدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
تیشکی خستە سەر ئەو پێشێلکارییانەی کە منداڵان هەم لە ناو ماڵدا، هەم لە شوێنەکانی کار و هەم لە شەقامەکاندا تێیدا دەژین، پێشنیارەکانی چارەسەری پێشکەش کرد و داوای لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کرد کە بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ، بەپێی داتاکانی ناوەندی مافەکانی منداڵانی ژووری پارێزەرانی ئامەد، لە ماوەی شەش مانگدا بە گشتی ٣٤٤ منداڵ گیانیان لەدەست داوە، ٣٢٦ دانەیان لەوانە بە هۆکاری پێشگیری گیانیان لەدەستداوە و ١٨یان لە دۆخێکی گوماناویدا گیانیان لەدەست داوە، لە ڕاپۆرتەکەدا دیارکرا کە ٢٢٤ منداڵ تووشی توندوتیژی سێکسی، جۆرەکانی تری توندوتیژی یان برینی جەستەیی قورس بوونە، لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی ژیاندا بە گشتی ٥٦٨ منداڵ تووشی پێشێلکاری قورسی مافەکان بوون.
"٣٥ منداڵ لەم منداڵانەی کە لە شەش مانگدا گیانیان لەدەست داوە، لە MESEM دا کاریان دەکرد"
نورسەل ساریۆغڵو، سکرتێری گشتی ناوەندی مافەکانی منداڵانی ژووری پارێزەرانی ئامەد، کە بۆ ئاژانسی ئێمەی قسە کرد، تیشکی خستە سەر کەمتەرخەمی دەوڵەت و کەمکووڕییەکانی سیاسەتەکانی پاراستن.
لە ڕاپۆرتەکەدا، باسی ئەو منداڵانەش کرا کە لە کاتی کارکردندا لە ناوەندی پەروەردەی پیشەیی (MESEM) گیانیان لەدەست داوە، ڕایگەیاند ٣٥ منداڵ لەم منداڵانەی کە لە ماوەی شەش مانگدا گیانیان لەدەست داوە، لە ناوەندی پەروەردەی پیشەیی (MESEM) دا کاریان دەکرد و وتی: ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە ئەم ناوەندانە لەلایەن دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی پێویست کۆنتڕۆڵ ناکرێن و منداڵان لە کەرتی بیناسازی و پیشەسازیدا لە دۆخێکی زۆر قورسدا کار دەکەن.
نورسەل ساریۆغڵو، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەت لە پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییدا بێباکە و وتی: دەبێت دەوڵەت لە جێگەی ئەوەی دوای ڕووداوەکان کاردانەوە نیشان بدات یان بە پەلە بەدوای چارەسەریدا بگەڕێت، پێویستە پێش ڕوودانی ئەو جۆرە مردنانە چاودێرییەکی دروست و کاریگەر ئەنجام بدرێت، مناڵ هەیە لە شوێنی کاردا دامەزراون، پێمان وایە کە دەبێت هەموو شوێنەکانی کار لەم شێوەیە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەزگا سەربەخۆکاندا بن.
گیان لەدەستدانە گوماناوییەکانی منداڵان: لێکۆڵینەوەی پێویست ناکرێت
نورسەل ساریۆغڵو ڕوونیکردەوە، گیانلەدەستدانی گوماناوی منداڵان لە زیادبووندایە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ١٨ منداڵ لە ژێر بارودۆخی گوماناویدا گیانیان لەدەستداوە، وتی: پرسەکانی وەک توندوتیژی خێزانی، هێرشی ئەلیکترۆنی و قسەی ڕەقاوی بە ئەلیکترۆنی لە زیادبووندایە، لەو حاڵەتانەی کە ئەوانەی بەرپرسیارن لە مردنی منداڵێک دەستنیشان نەکراون، زۆرجار ڕووداوەکە وەک "گیان لەدەستدانی گوماناوی" تۆمار دەکرێت، بێگومان هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە پڕۆسەی دادوەری بە وردەکاری پێویستەوە ئەنجام نادرێت، ئەمەش کەموکورتییەکانی کۆنتڕۆڵ و بەدواداچوون و سەرپەرشتی دەردەخات.
"سیاسەتی بێ سزای لە کاردایە"
نورسەل ساریۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە منداڵان "بێ سزا"یە و داوای کۆتایی بەو سیاسەتانە کرد کە ڕێگا بۆ ئەم بێ سزایە خۆش دەکەن، وتی: کاتێک منداڵێک تووشی تاوانێک دەبێت، بەپێی جۆری تاوانەکە تووشی ئاستی جیاوازی زەبر و زەنگ دەبێت، ئەم دۆخە بە تایبەتی لە حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێناندا دیارە، کاتێک پرۆسەی دادوەری بە جددیەتی پێویست بەڕێوەناچێت و ئەو حاڵەتانەی کە مافی ژیانی منداڵان پێشێل دەکات بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکرێت، زۆرجار دۆسیەکە بە بێ سزا کۆتایی دێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوون و بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە.
نورسەل ساریۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، بێ سزایی متمانەی منداڵان و خێزانەکانیان بە سیستەمی دادوەری لاواز دەکات، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر ڕێژەی ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکان دەبێت و وتی: دەبێت سیاسەتی بێ سزایی کۆتایی بێت و پرۆسەکانی دادوەری پێویستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵتر و وردتر هەیە.
ئایا یاسای پاراستنی منداڵ بە واتای ڕاستەقینەکەی پاراستن دابین دەکات؟
نورسەل ساریۆغڵو ڕوونیکردەوە، جگە لە پێشێلکردنی مافەکان، ئەو یاسایانەی بۆ منداڵان دەردەچن دەتوانن ڕێگە خۆش بکەن بۆ پێشێلکاری زیاتر، هەروەها سەرنجی بۆ "یاسای هەموارکردنەوەی یاسای منداڵپارێزی و هەندێک یاسای دیکە" ڕاکێشا کە لە مانگی ئابدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕگەکانی پەیوەست بە منداڵان لە پرۆسەکانی دادوەریدا لەخۆدەگرێت، وتی: گۆڕانکارییەکانی یاساکە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە سوودمەندبوونی منداڵان لە کەمکردنەوەی سزاکان ئەنجامدراون، هەروەها ئەم یاسایە ژمارەی ئەو منداڵانە کەم ناکاتەوە کە تاوان ئەنجام دەدەن.
نورسەل ساریۆغڵو وتی: چونکە کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە لەو وڵاتەی ئێمە تێیدا دەژین، دەوڵەت لە دوای ڕووداوێک کاردانەوە دەستێوەردان دەکات، لەبری ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە چارەسەر بکات پێش ئەوەی ڕووبدات، لەبری ئەوەی دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییانەی کە منداڵان بەرەو تاوان دەبەن، یان پەرەپێدانی سیاسەتی پاراستنی کاریگەر، سزای قورستر بەسەر ئەو منداڵانە بسەپێنێت کە دەکەونە ناو تاوانەوە.
زیندانەکانی منداڵان
هەروەها ڕاپۆرتێک کە لە مانگی ئایاردا لەلایەن ناوەندی مافی منداڵانەوە بڵاوکرایەوە، جێگەی سەرنجە.
"ڕاپۆرتی پێشێلکردنی ماف و مەرجەکانی دەستبەسەرکردنی منداڵان لە زیندانی ئامەد بۆ منداڵان و لاوان" دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ٤٥ منداڵ لە نێوان مانگی نیسانی ٢٠٢٥ تا نیسانی ٢٠٢٦ ئامادەکرا، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە جۆرەها پێشێلکاری مافەکان لەناو ئەو دامەزراوانەدا ڕوودەدات، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە هەر چوار منداڵ، یەکێکیان لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە تووشی بێڕزی یان قسەی ناشرین دەبن، هەروەها لە هەر پێنج منداڵ یەکێک ڕایدەگەیەنێت کە لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە تووشی توندوتیژی بووە.
نورسەل ساریۆغڵو، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ناوەندی مافی منداڵان بەردەوام سەردانی زیندانی منداڵانی ئامەد دەکات، وتی: زیندانەکان ئەو شوێنانەن کە نابێت منداڵان تێیدا بن، منداڵان ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانیان دەبنەوە و لەلایەن هاوتەمەنەکانیانەوە قسەی ناشرینیان پێدەکرێت و هەندێکجاریش لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت، دەرفەتەکانیان بۆ بینینی خێزانەکانیان سنووردارە، ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و تێڕوانینیان بۆ ژیان دەگۆڕێت، ئەمەش وادەکات جارێکی دیکە چوونە ناو کۆمەڵگەوە بۆیان قورستربێت، لەم چوارچێوەیەشد،ا زیادکردنی سزاکان تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە هێندەی تر دابڕاو بن لە کۆمەڵگە، کە ئەمەش لە بەرامبەردا ڕێگری دەکات لە دووبارە تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.
نورسەل ساریۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، کە لەبری زیادکردنی سزاکان، پێویستە ڕێوشوێنی پاراستن بۆ منداڵانی بەشدار لە تاوان بگیرێتەبەر و وتی: لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەدا، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بووەتە زۆرەملێ، هەروەها ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی ئەرێنییە، لەگەڵ خاڵەکانی تری وەک ئەگەری سزادانی دایک و باوک و میکانیزمی گەڕاندنەوەی تاوانەکە، بەڵام جگە لەمانە، زیادکردنی سزاکان بە هیچ شێوەیەک ڕێبازێک نییە کە ڕێگری لە کەم کردنەوەی تاوانەکان بکات یان ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخەکە.
ساڵی خێزان: ئەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان زیادکردنی ژمارە و قەبارەی کۆمەڵگەیە و دۆخەکە باشتر ناکەن
بەبڕیاری ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ساڵی ٢٠٢٥ بە “ساڵی خێزان” ناسێندرا و ماوەی ٢٠٢٦-٢٠٣٥ بە “دەیەی خێزان و دانیشتوان” دەستنیشانکرا، ئەم سیاسەتە لەلایەن هەردوو ڕێکخراوی مافی ژنان و گروپەکانی مافی منداڵانەوە ڕەخنەی لێگیرا، نورسەل ساریۆغڵو وتی: بەبێ باشترکردنی دۆخی ئێستا، دروستکردنی ژینگە و کۆمەڵگەیەکی دۆستی منداڵان، سیاسەتەکانی زیادکردنی ژمارەی منداڵان لە کۆمەڵگەدا، دۆخەکە باشتر ناکات.
نورسەل ساریۆغڵو "ساڵی خێزان"ی لەڕووی مافەکانی منداڵانەوە هەڵسەنگاند و وتی: لەم بارودۆخەی ئێستادا منداڵان ناتوانن خوێندن وەربگرن و لە هەژاریدا بژین، هەم منداڵ و هەم خێزانەکانیان ناچارن کاربکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی شوێنێک بۆ ژیان، منداڵان لە کاتی کارکردندا دەمرن، هەروەها هەندێک منداڵ لە نزیک ئاو یان ڕووبارەکان گیان لەدەست دەدەن، کاتێک ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاری مافەکانی منداڵان دەبنەوە، گرنگیدان بە زیادکردنی ژمارەکە نابێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، بە پێچەوانەوە تەنها کێشە و لاوازییەکانی هەن قووڵتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵانی زیاتریش بێ پارێزراو بمێننەوە، لەبری ئەوەی هەوڵی زیادکردنی ژمارەکە بدرێت، زۆر سوودی زیاتری دەبێت کە گرنگی بە باشترکردنی ژیانی ئەو کەسانە بدرێت کە پێشتر بوونیان هەیە و جێبەجێکردنی سیاسەتی هەمەلایەنە کە دۆستی منداڵان بێت.
چارەسەر: دەبێت کۆمەڵگەیەکی منداڵ دۆست بونیاد بنرێت
نورسەل ساریۆغڵو، وتی: لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، نۆ منداڵ گیانیان لەدەست داوە، دەمانەوێت جەخت لەسەر گرنگی دەستێوەردانی پێشوەختە و بەهێزکردنی سیستەمی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی بکەینەوە لە وەڵامدانەوەی ئەم حاڵەتانەدا، پێویستە ڕۆڵی ڕاوێژکارانی قوتابخانە و کارمەندانی کارگێڕی بەهێز بکرێت و ژمارەیان زیاد بکرێت و لەژێر چاودێرییەکی گونجاودا بن، داکۆکی لە کۆتاییهێنان بە کولتووری بێ سزای دەوروبەری گیانلەدەسدانی گوماناوی منداڵان دەکەین و داوای چاودێری و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەکی کاریگەر دەکەین بە درێژایی پرۆسەی یاسایی.
لە کۆتایی قسەکانییدا وتی: لەبری ئەوەی سەرنج بدرێتە دەستێوەردانی پێشوەختە یان چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا، دەستێوەردانێکی کاردانەوە و ڕەخنەگرانە دوای ڕووداوەکە هەیە، ئێمە دەڵێین لەبری دەستێوەردانی کاردانەوە، دەوڵەت پێویستە ژینگەیەکی دۆستی منداڵان لە سەرانسەری هەموو کەرتەکاندا دروست بکات، بۆ ئەوەی کێشەکان بە خێرایی چارەسەر بکات و "سیاسەتی پەروەردەیی بونیاد بنێت، هەروەها بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە مەترسی پێشێلکردنی مافەکان کەم بکاتەوە، زۆر گرنگە لەو شوێنانەی کە منداڵان تێیدا دەژین.