ژنانی چالاکوانی تونس: دەنگی ژنان بێدەنگ دەکرێت

چالاکوانانی تونس جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە توندکردنەوەی بازنەی کۆمەڵگەی مەدەنی فێمینیست دەنگی ژنان "بێدەنگ" دەکات و مافەکانیان دەخاتە مەترسییەوە، ئەمەش پێویستی بە پاراستنی کاری مەدەنی هەیە بۆ دڵنیابوون لە پشتیوانی بەردەوامی ژنان و گروپە سستەکان.

ئیخلاس حەمروونی

 

تونس- کۆمەڵەی ژنان لە تونس ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە، دیارترینیان فەرمانی ڕاگرتنە کە هەڕەشەی بێدەنگکردنی دەنگە سەربەخۆکان دەکات، چالاکوانان پێیان وایە ئەمە ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی سیستماتیکە کە چالاکوانانی ژنان لە داهاتوویەکی نادیاردا دادەنێت و خەباتیان دەکاتە بەردەم پەراوێزخستن و وەدەرنان.

 

ژنان لە تونس لە ئەنجامی زیادبوونی سنووردارکردنەکان بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی فێمینیست، ناچار دەکرێن بێدەنگ بن، چالاکییەکانی چەند کۆمەڵەیەک ڕاگیراون و ژنانی بێ پاراستن ڕووبەڕووی ئاستەنگیی ڕاستی دەبنەوە، ئەم ڕاستیە پرسیاری بەرچاو دەوروژێنێت سەبارەت بە چارەنووسی ژنان کاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی بەرتەسک دەبێتەوە، هەروەها سەبارەت بە داهاتووی هەوڵی چالاکوان و پسپۆڕانی فێمینیست کە ژیانی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە پرسی ژنان تەرخان کردووە.

 

"ئاڵەنگاری ڕاستەقینە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە"

مونیرە بوعەزیزی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگەی مەدەنی ژنان لەبەردەم "کۆت و بەندێکی بێ وێنە"دایە، هەروەها بڕیاری بەستنی چالاکییەکانی چەند کۆمەڵەیەکی ژنان کە بۆ چەندین ساڵە ڕۆڵی ئەرێنییان لە کۆمەڵگەی تونسدا هەبووە، جێگەی نیگەرانییە و ئەو ژنانەی کە سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمەڵانە، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ڕاستەقینە دەبنەوە.

 

ڕوونی کردەوە، ئەم کۆمەڵانە کە چالاکییەکانیان بەستراوەتەوە، لەوانە کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، دەنگی ژنان، حەوا و ئەوانی دیکە، تەنها پێکهاتەی فەرمی نەبوون، بەڵکو ئەو کۆمەڵەیە دەنگی هەموو ژنێکی ستەملێکراو یان گۆشەگیرکراوە و هەمیشەش پشتیوانی ڕاستەقینەی ئەوان بوون.

 

"کۆمەڵگەی مەدەنی هاوبەشە لە دروستکردنی هاوسەنگی و چاکسازی"

مونیرە بوعەزیزی جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان کۆمەڵەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەیە، وتی: کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی و ژنان بە تایبەتی هێزێکی چاودێری و پێشنیار و چاکسازی پێکدەهێنن، هەروەها کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان هاوبەشن لە دروستکردنی هاوسەنگی و چاکسازیدا، دژایەتی نێوان دروشمەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و بەستنی هەندێک کۆمەڵەی شەرمەزارکرد کە نوێنەرایەتی پشتیوانییەکی ڕاستەقینە بۆ ژنان دەکەن.

 

ئەو پاڵنەر و ئامانجەکانی پشت ئەم پرۆسەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەپرسێت، ئایا ئەمە پێشەکییەکە  بۆ سیاسەتێکی سەرکوتکردنی دواتر؟، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی مەدەنی فێمینیست مافی ئەوەی هەیە ڕۆڵی خۆی لە ڕەخنە و لێپرسینەوەدا بەکاربهێنێت و ئەم جۆرە سنووردارکردنانەش دەرئەنجامی نەرێنی دەبێت و تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات.

 

ڕۆڵی کۆمەڵەکان وەک نموونە دەهێنێتەوە، وتی: نزیکەی سەد خێزان هەن کە لەلایەن ئەم کۆمەڵانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، نوێنەرایەتی دەنگی ئەوان دەکەن و بەرگرییان لێدەکەن، بۆیە چارەنووسی ئەمڕۆیان چییە؟، هەروەها دیارترین دەرکەوتنی ئەم سەرکوتکردنە بەستنی سەروەت و سامانەکەیانە و هەندێک لە چالاکوانانی فێمینیست وەک سەنیە دەهمانی و بوشرا بلحاج موبارەک لە ئێستادا ڕووبەڕووی دادگاییکردن و زیندانیکردن بوونەتەوە، هەروەها من بەشێوەی شەخسی ڕووبەڕووی دۆسیەی یاسایی بوومەتەوە، بۆیە هەست دەکەم بەرگری لە دەنگی ژنان ناکرێ، بەڵکو سەرکوت دەکرێن.

"دابەزینی چالاکی فێمینیست"

فادیە خەسخوسی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سیدی بوزید، ڕایگەیاند، کە چالاکوانانی ژنان لە تونس بەدەست دابەزینێکی نزیک بە تەواوی دەناڵێنن، جگە لە چەند کەسێک کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیان بە خەبات و تێکۆشان کردووە و بەردەوامن لە بەرگریکردن لە کۆمەڵێک ماف کە ئاواتەخوازن بەدەستی بهێنن، ئەم دابەزینە بە پلەی یەکەم بەهۆی شەپۆلی سنووردارکردنەکانەوەیە کە بەسەر کۆمەڵەکاندا سەپێنراوە، لەگەڵ کەمی بودجە و ڕێکارە ئاڵۆزەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم دواییانەدا نزیکەی دوو هەزار کۆمەڵە کە زۆربەیان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤن لە ژێر پەردەی ڕێکارە یاساییە ڕوونەکاندا داخراون، ئەم ناڕوونییە هەمووان دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەکی بەرزەوە، بەو پێیەی چالاکوانان دڵنیا نین لەوەی کە ئایا دەتوانن لەم هەلومەرجەدا لە کۆمەڵەکاندا درێژە بە کارەکانیان بدەن و ئەوانەی ئەمڕۆش ماونەتەوە تەنها ئەوانەن کە پابەندبوون بە بنەما و مافەکانیانەوە.

 

"بێتوانایی لە پشتیوانیکردنی ژنان"

فادیە خەسخوسی ڕوونیشیکردەوە، زیندانیکردن، ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی بە خیانەت بۆتە ڕاستیەکی ڕۆژانە بۆ چالاکوانانی مافی ژنان، هەروەها بەهۆی بوونی ژمارەیەک چالاکوان لە زیندان لە ئەنجامی چالاکییە مەدەنییەکانیان، دۆخەکە خراپتر بووە، ئەو مەرج و سنووردارکردنە گشتیانەی کە بەسەر کۆمەڵەکان و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی ژناندا سەپێنراون، وایکردووە کۆمەڵەکان بەردەوام نەبن لە کارەکانیان سەرەڕای خواستی بەهێزیان بۆ بەردەوامبوون.

 

وتیشی: ئەمڕۆ هەموو ئەم پێکهاتانە تۆمەتبارن یان داخراون، کەواتە چۆن دەتوانین بەردەوام بین لە کارکردن لەگەڵ گروپە سستەکاندا؟، ئەم گروپانە بریتین لە ژنانی دەستدرێژیکراو کە لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن، کۆچبەران و کرێکارانی ناوماڵ، کە کۆمەڵەکان هەوڵیانداوە چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە و کاریان کردوە بۆ گۆڕانکاری لە یاساکاندا، وەک یاسای ٥٨ سەبارەت بە نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان، یاسای ٢٢٧ و یاساکانی دیکەی پەیوەست بە ئابووری کۆمەڵایەتی و هاوپشتی.

"هەوڵی ژنانی چالاکوان بێهودەیە"

چالاکوانان مونیرە بوعەزیزی و فادیە خەسخوسی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پەرەسەندنی سنووردارکردنەکان بۆ سەر کۆمەڵە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ژنان، وایکردووە گەیشتن و یارمەتیدان و گوێگرتن لە ژنان قورس بێت، چونکە چالاکوانانی فێمینیست خۆیان پێویستیان بە پشتیوانی بووە، جەختیان لەوە کردەوە، کە کاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی فێمینیست سنووردار دەکرێت، دەنگی ژنان بێدەنگ دەکرێت، مافەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و هەوڵی چالاکوانان بێهودە دەبێت، ئەمەش پێویستی بە پاراستنی کاری فێمینیست هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پشتیوانییەکان.