ژنان وەک قوربانی تەڵاق، ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانی دەستی خێزانەکانیان

لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا بە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەقبەستووی پیاوسالاریەوە جیابوونەوە بە لەکە و عەیبە دەزانرێت، هەمیشە ژنان دەبنە قوربانی تەڵاق جا بە شێوەی کوشتنی ڕاستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ لەڕێگای تانە و تەشەرەکان کۆمەڵگاوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا بە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەقبەستووی پیاوسالاریەوە جیابوونەوە بە لەکە و عەیبە دەزانرێت، خێزانەکان ڕێگا بە جیابوونەوەی ژنان نادەن بەهۆی ڕوانینەکانی کۆمەڵگا و پلارەکانیان، هەمیشە و بەردەوام ژنان دەبنە قوربانی جیابونەوە و خاوەن ناسنامەی بێوەژن، بە پێی ئامارەکان لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا ٣٣ هەزارو نۆسەد و حەفتا حاڵەتی جیابوونەوە لە هەرێم تۆمار کراوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ٣٣٩٧٠ ژن بوونەتە قوربانی و کوژراون جا کوژرانێکی هەتا هەتای یانیش کوژرانێکی ئارام بە پلارەکانی کۆمەڵگا.

خێزانەکان هاوسەرگیری بۆ ئەبەد مانەوە دەزانن

لە سەردەمی بەر لە دروست بوونی چینایەتی شتێک بە ناوی هاوسەرگیری و جیابوونەوە بوونی نەبووە، مرۆڤەکان ئازاد بوون لە ژیان کردندا، بەڵام لە دوای دروست بوونی پرۆسەی هاوسەرگیری لە نێوان مرۆڤەکاندا ئیتر پیاوان ژنانیان بۆ خۆیان کردە موڵک و پیاوسالاری خۆیان سەپاند، لەو کاتەوە تا ئێستا بە بەردەوامی ژنان دەبنە قوربانی ئەم پرۆسەیە، لە سەردەمی ئێستاداشدا زۆربەی کۆمەڵگا هەنوکەییەکان لەگەڵ دیاردەی تەڵاق دەستە و ئێخەن بە جۆرێک کە ژیانی کۆمەڵایەتی تاکی خستۆتە مەترسییەوە، بەو هۆکارەی لە کۆمەڵگای کوردیدا سیستەمێکی چەق بەستوی پیاوسالارانە پەیڕەو دەکرێت و ئاستە کۆمەڵایەتیەکانیشی گرتۆتەوە خێزانەکان هاوسەرگیری بۆ ئەبەد مانەوە دەزانن و پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە لەکەیە بۆیان، هەڵبەت ئەمە تەنها بۆ مێیەکان بەم شیوازەیە دەنا بۆ نێرەکان هیچ ناڕەزایەتی و لەکەیەکی لەدوا نییە.

لە ئاینی ئیسلامدا جیابوونەوە حەڵاڵ کراوە و ڕەوایەتی دراوە بە ژنان کە داوای جیابوونەوە لە پیاوان بکەن، کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ ئەوەی لە ٨٠٪ لە پەیڕەوکەرانی ئاینی ئیسلامن، بەڵام تا ئێستا ئەو مافە لە ژنانیان زەوت دەکەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەم ڕوانینی کۆمەڵگا بۆ جیابوونەوە وەک لەکە، دووەمیان ڕوانینی پیاوان بۆ ژنەکان وەک موڵک.

 پاشگری بێوەژن و بوون بە ناسنامە بۆ ژنان

ژنان هەمیشە قوربانی یەکەمی پلار و تانەکانی کۆمەڵگان، لە دوای هەڵبژاردنی ڕێگای جیابونەوە ناسنامەیەکی تایبەتیان لە کۆمەڵگا پێ دەدرێت بە ناوی بێوەژن کە بۆ هەمیشە ئەمە دەبێتە پاشگری ناوەکەیان و لەناو کۆمەڵگادا گوێبیستی ئەم ڕستانە دەبن" ئەوە ژنە بێوە ژنەکەیە، وەیش توخوا بێوەژنە، کورە خوا ئەزانێت لەسەر چی پیاوە نەیویستووە، ئەگەر باش بوایە تەڵاق نەدەدرا" بێگومان زۆر تانە و تەشەری دیکە کە لە لایەن خودی ئەو ژنانەی بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری ژیان دەگوزەرێنن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

هێرۆ عەتا: لە ١٠ ژندا ٢ ژن دەزانێت کە دەتوانرێت مافی تەڵاق لەدەست ژن بێت

هێرۆ عەتا پارێزەر لە دادگای سلێمانی باسی لەوە کرد ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا هۆشیاریەکی ئەوتۆیان نیە دەربارەی گرێبەستی هاوسەرگیری، بە بڕوای ئەو لە ١٠ ژندا تەنها ٢ ژن دەزانن کە شەرع و یاسا مافی جیابونەوەی بەدەست ژن داوە، ئەم پارێزەرە دەربارەی کێشەکان دوای جیابوونەوە لە کۆمەڵگادا بۆ ژنان وتی: جیابوونەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی چارەسەری کێشە، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە دوای جیابوونەوە کێشەکان قوڵ دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی وشەی "بێوەژن"ە کە دەبێتە پاشگر یان پێشگر بۆ ژنان وەک ژنانی دیکەی کۆمەڵگا سەیر ناکرێن و پلاری جۆراو جۆر دەخرێتە پاڵیان.

دیاردەیەکی مەترسیدار لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بە دیار کەوتووە ئەویش کوژران و بوونە قوربانی ژنانە لە کاتێکدا کە دەیانەوێت گرێبەستی هاوسەرگیری هەڵبوەشێننەوە، لەم ڕووەوە چەندین نمونەی زیندوو لە بار بوونیان هەیە و بوونەتە جێی باسی کاستەکانی کۆمەڵگا، لەوانە پەیمان عەبدوڵای ٣٧ ساڵ لە ٢١/١٢/٢٠١٨ لە سوید بەرەبەیانێک بەر لە گەیشتنی بە کار لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە درایە بەرگولە.

شادیە جاسم کە لە ئێستادا چیرۆکی کوژرانەکەی بۆتە مێژوو لە ڕۆژی یەکشەمە لە بەرواری ١/٩/٢٠١٩ لەبەردەم دادگای هەولێر لە لایەن مێردەکەیەوە بە ٦ گولە کوژرا لە بەرامبەر ئەوەی دەیویست ژیانی بەرەو باشتر بەرێت و جیابونەوە و تانەکانی کۆمەڵگا هەڵبژێرێت بە بەراورد بەو ژیانەی لەگەڵ بکوژەکەیدا بەسەری بەرێت، پارێزەر هێرۆ دەربارەی کوژرانی ژنان لەسەر داوای جیابونەوە و بە تایبەت کەیسی شادیەی گەڕاندەوە بۆ دادگا، چونکە بە بڕوای ئەو دادگا زۆر هێواشە لە بینینی داواکاندا بە وتەی ئەم پارێزەرە دۆسیەیەک لە دادگای سلێمانی ٣ بۆ ٤ مانگ دوادەکەوێت ئەمەش دەبێتە هۆی قوڵ بوونەوەی کێشەکان.

٧٠٪ ی تاوانەکانی کوشتن بە چەکی بێ مۆڵەتەوە ئەنجام دراوە

بە گوێرەی ڕاپۆرتی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم٧٠٪ ی تاوانەکانی کوشتن بە چەکی بێ مۆڵەتەوە ئەنجام دراوە دیارە چەکەکە خۆی تاوانبار نییە و ئەو دەستەی وا کەڵکی نابەجێی لێ وەردەگرێت تاوانبارە، ئەمەش دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی دەزگای دادوەری لە کاری سزادانی سەرپێچیکەران و کەسانی خاوەن چەکی بێ مۆڵەتدا کە بۆتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا ببێتە لەشێکی بێ سەر و هەرکەس هەرچییەکی ویست بە بێ ترس لە سزا ئەنجامی بدات.

خێزانەکان: جیابوونەوەی چی عەیبە حەیامان ئەچێت

لە باشووری کوردستان ناهۆشیاری خێزانەکان بە ڕادەیەکە کە ئامادە نین گوێ بۆ ژنان بگرن یانیش ئەگەر گوێ بۆ ئازار و داواکەیان بگرن تەنها دەڵێن "قەینا باش دەبێت، جیابونەوە چارە نییە عەیبە حەیامان دەچێت، قەینا بۆ خاتری منداڵەکان دانیشە قسە مەکە، جیابوونەوەی چی با لە ناو بنەماڵەدا حەیامان نەچێت"، بە ڵام لە دواجاریشدا کاتێک ژنە دەبێتە قوربانی شینی بۆ دەکەن، سەهەند دڵشاد لە ٢٣/٥/٢٠١٩ بەهۆی ڕێژەی زۆری سوتانی گیان لە دەست دەدات، سەهەند بەر لە سوتانی بە دەستی خەسوی و مێردەکەی وەک دایکی سەهەند بە ناوی لەیلا عاسی دەیگێڕێتەوە دەڵێت سەهەند هاتە لام و وتی" دایکە کێشەم هەیە لەگەڵی ناگونجێم"، بە ڵام من پێم وت: کێشە هەر دەبێت ژیان لە خۆت تێک مەدە و بڕۆرەوە ماڵی خۆت، کە دواجار بە قسەی دایکی کرد و ژیانی بە سوتان گەیشت.

لە ڕۆژی ١٦ کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە گەڕەکی ئاسوودەی شارەدێی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ژنێک بە ناوی سێوان قادر، لەگەڵ سێ منداڵەکەی بە ناوی لارین تەمەن دوو ساڵ، دارینی تەمەن پێنج ساڵ و دەروونی تەمەن یەک ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیاندا لە لایەن "دیار مەجید"ی هاوسەریەوە سوتێنران، ڕاستەوخۆ هەرسێ منداڵەکە گیانیان لە دەستدا و سێوانیش پاش مانەوەی زیاتر لە هەفتەیەک لە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری ریژەی سوتانەکەی گیانی لە دەستدا، ئەمە یەکێکە لە کەیسەکانی باشوری کوردستان ئێمە وەک ئاژانسی ژنها بە ئامادەبوونمان لە گشت دانیشتنەکاندا و گوێبیستبوونمان لە شایەتی خێزانەکەی ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە کە تەنها دیار بکوژ نییە، بەڵکو بکوژی سەرەکی خێزانەکەین کە چەندین جار سێوانیان ڕەوانەی ئەو دۆزەخەی ماڵی دیار کردووەتەوە لە پێناوی ئەوەی قسەی کۆمەڵگایان نەیەتە سەر و حەیایان نەچێت، سێوانیان کردە قوربانی.

 ٢١/٥/٢٠١٩ ئەژینی تەمەن ١٧ ساڵ، وەک خۆی باسی لێوە کردووە بە هۆی پەیوەندیەکی هەڵەوە هاوسەرەکەی گومانی لێ دەکات و بەردەوام ئەشکەنجە و ئازاری دەدات ئەمیش بێدەنگ دەبێت نە بادا ماڵەوەش بروای پێنەکەن، لە دوای ئەشکەنجەی زۆر ئەژین ناچار دەبێت بچێتەوە ماڵی باوکی بەلام باوكی ئامۆژگاری دەكات و دەڵێت ئەو جۆرە كێشانە لە نێوان ژن و مێرد هەر دەبێت، بۆیە دەگەڕێتەوە لای هاوژینەكەی دواتر بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر گیان لەدەست دەدات.

ئەمانە بەشێک لەو نمونە دیارانە بوون کە بوونەتە قوربانی تەڵاق، لەگەڵ ئەمانەشدا هەزارەها نمونەی دیکە و شاراوە بووونیان هەیە، چەندین ژنی دیکە لە کۆمەڵگادا هەن کە لە چوار دیواردا خنکێنراون و ڕێگایەکیان لە بەردەمدا نییە بۆ هەڵبژاردن.

هێڤی عیزەت: پیاو خۆی بە بەرزتر لە ژن دەزانێت

هێڤی عیزەت وەک هاوڵاتیەک جیا بوونەوە بە مافێک دەزانێت کە دینی ئیسلام ڕەوایەتی پێداوە و داواکارە لە خێزانەکان هۆشیار ببنەوە لە ڕوانین بۆ جیابونەوە وەک چارەسەر و هاوکار بن لە بەردەم ژناندا نەک ئەوەی ڕێگریان بن، هەروەها وتی: ئەو پیاوسالاریەی لە کۆمەڵگادا هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە وای کردوە کە پیاو خۆی بە بەرزتر لە ژن بزانێت و دەڵێت مافت نییە لە من جیا ببیتەوە، دەبێت هەموو شتێک لە من قبوڵ بکەیت، بۆیە ژنان دەبنە قوربانی.

جوانە سدیق وەک هاوڵاتیەک جیابوونەوەی لە ئێستادا بە قوڵبوونەوەی کێشەکان زانی وەک لە چارەسەر ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ دواکەوتووی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا و ئەو پلار و تانانەی دەدرێتە پاڵ ژنان لە دوای جیابوونەوە.

لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا ژنان ڕووبەڕووی لەکە دەبنەوە

شنیار تۆفیق وەک توێژەرێکی دەروونی لەم بارەیەوە بۆ ژنها دوا و وتی: جیابوونەوە مافی هەر تاکێکە، بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا ژنان کە دەیانەوێت داوای جیابوونەوە بکەن ڕووبەڕووی لەکە دەبنەوە هەم لە ناو خێزاندا هەم لە ناو کۆمەڵگادا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری تاک و دواکەوتووی کلتور و دابونەریتی کۆمەڵگا، ئەم توێژەرە کردنەوەی کۆڕ و سیمیناری تایبەت بە باسکردنی جیابونەوە وەک چارەسەر نەک لەکە بە پێویست زانی بۆ بەرزبوونەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا و ڕزگارکردنی ژنان وەک قوربانی.

 

ت.پ