ژنانی مەغریب لە پشت پەردەوە کاردەکەن

لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ژنان هەن کە لە پشت پەردەوە کاردەکەن، هەوڵە ڕۆژانەکانیان لەناو کۆمەڵەکاندا تەرخان دەکەن، بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی ڕەگەزی دەچێنن و بەشداری دەکەن لە گۆڕانکارییەکی بێدەنگ و قووڵدا.

حەنان حارت

 

مەغریب – ئەزموونی سوعاد شەبانە و شەیما وەهاب نموونەیەک بۆ ئەو ژنانە دەخاتە ڕوو کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی مەغریبدا کاردەکەن، چالاکییەکانیان پەروەردە بۆ یەکسانی لەگەڵ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان تێکەڵ دەکات، کە سوود لە ئەزموونی دامەزراو و هەیەجانی گەنجانە وەردەگرێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار، بوونیان وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەکی فراوانتر سەرهەڵدەدات کە هەوڵدەدات بۆ دامەزراندنی یەکسانی لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی درێژخایەنی کولتووری و پەروەردەییەوە، کە لە پۆلەکانەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ کۆمەڵگە بە گشتی، نموونەیەکی هەمەلایەنەی ژنان پێکدەهێنێت کە بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی لە منداڵییەوە تا ژیانی گشتی دەچێنن.

 

”پەروەردە وەک ڕێبازێک بۆ یەکسانی”

لە ساڵی ١٩٩٨ەوە، سوعاد شەبانە ئەزموونێکی بەرفراوانی لە کاری ژنان لە چوارچێوەی چەند کۆمەڵەیەکدا کۆکردۆتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ لە کارەکەی وەک ژمێریار خانەنشین بوو، هەڵیبژارد بەردەوام بێت لە پابەندبوونەکەی لە پۆستێکی جیاوازەوە، پەیوەندی بە کۆمەڵەی ئاڵەنگاری یەکسانی و هاوڵاتیبوون کرد وەک ڕێکخەری پەروەردەیی، شارەزایی خۆی خستە خزمەت پەروەردەی بەهاکان لەناو دامەزراوە پەروەردەییەکان.

 

ڕۆژەکەی زوو دەست پێدەکات، بەرەو خوێندنگەکان دەڕوات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەریەکاندا و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی هۆشیاری لەناو پۆلەکاندا، هەروەها پشت بە وتاری تیۆری یان زمانی ئاڵۆز نابەستێت، بەڵکو سادەیی وەک خاڵی دەستپێکی گفتوگۆ هەڵدەبژێرێت، شوێنی بیرکردنەوە دەدات بە منداڵان و دەرفەتیان پێدەدات بۆ خۆیان واتاکە بدۆزنەوە، تا دەگەنە ئەنجامێک کە پێدەچێت سادە بێت و لە هەمان کاتدا قووڵ بێت، یەکسانی، لە بناغەکەیدا، بە واتای "مامەڵەی یەکسان" دێت ”کە هەمووان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەبێ جیاوازی”.

 

لەناو پۆلەکاندا، گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەکاتەوە: پەیوەندی نێوان خوشک و براکان، نێوان کچان و کوڕان، دابەشکردنی ڕۆڵەکان لەناو خێزانەکەدا، کێ یەکەمجار هەڵدەبژێرێت و داوا لە کێ دەکرێت چاوەڕێ بکات.

 

سوعاد شەبانە تێدەگات کە چەشنە کۆنەپەرستانەکان هەمیشە بە دەنگی بەرز ناسەپێنرێن، بەڵکو بە هێمنی لە ڕێگەی داب و نەریت و وشە باوەکانەوە دەچنە ناوەوە، بۆیە بە هەمان گفتوگۆی ئارام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، وتی: ئێمە فێری یەکسانیان ناکەین، بەڵکو یارمەتی منداڵان دەدەین بۆ خۆیان بیدۆزنەوە.

 

بۆ ئەو منداڵانەی لە زگماکیدا توانای تێگەیشتن لە واتای دادپەروەری هەیە، بەڵام پێویستیان بە ڕێنمایی هەیە بۆ گۆڕینی ئەم تێگەیشتنە بۆ هۆشیارییەکی بەردەوام و ڕەفتارێکی پراکتیکی و ڕۆژانە کە لە گۆڕانکاری بچووکدا دەردەکەوێت: منداڵێک کە یارییەک لەگەڵ خوشک و براکەیدا هاوبەش دەکات یان خوێندکارێک بە متمانەوە ڕایدەگەیەنێت کە دەتوانێت خەون بە هەر پیشەیەکەوە ببینێت کە بیەوێت، ئەم وردەکاریانە ئاسایی دەردەکەون، بەڵام بە بڕوای من نوێنەرایەتی تۆوی گۆڕانکاری بەردەوام دەکەن.

 

هەروەها سوعاد شەبانە پاڵپشتی دایکانی تەنها دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە تایبەتمەندەکانی وەک کۆمەڵەی  "قطرة حليب" "دڵۆپێک شیر"، پشتیوانی کۆمەڵایەتی و ڕێنمایی یاسایییان بۆ دابین دەکات، ئەم پشتگیرییە بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی دادگا بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی تۆماری مەدەنی بۆ منداڵان دەگرێتەوە، بەم شێوەیەش خۆیان لە هەر ئاستەنگێک دەپارێزن کە دواتر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، چونکە نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی منداڵ لە مافی بنەڕەتی خوێندن بێبەش دەکات.

 

”لە ئەزموونی کەسییەوە تا داکۆکی لە مافەکانی ژنان”

لەناو هەمان کۆمەڵەدا، شەیما وەهاب کار لەسەر ڕێگایەکی تەواوکەر دەکات، لە ساڵی ٢٠١٧ پەیوەندی بەوەوە کردووە، بەهۆی ئەزموونێکی کەسییەوە کە شایەتحاڵی کاریگەرییەکانی نادادپەروەری و هەڵاواردن دژی ژنان بوو لە کۆمەڵگەکەیدا، بەتایبەتی دایکی، ئەم ئەزموونە پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی ئازارەکانی بگۆڕێت بۆ پابەندبوونێکی پراکتیکی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان.

 

ڕۆڵی ئەو لە هۆشیارکردنەوە زیاترە، کە گوێگرتن، پێشکەشکردنی پشتگیری یاسایی، یاوەریکردنی ژنان بۆ نەخۆشخانەکان و بەدواداچوون بۆ ڕێوشوێنە یاساییەکان لەخۆدەگرێت.

 

سەبارەت بەو ئالەنگاریانەی کە چالاکوانانی مافی ژنان لە کۆمەڵگەی مەغریبدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕوونی دەکاتەوە، کە چالاکییەکانی زۆرجار بەهەڵە لێی تێدەگەن وەک ڕووبەڕووبوونەوە یان ئاڵەنگاریەک بۆ پیاوان، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم کارە چاندنی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانییە لە ژیانی ڕۆژانەدا، چ لەناو خێزان، چ لە خوێندنگە یان لە کۆمەڵگەی فراوانتردا.

وتیشی: هەوڵدەدەین بۆ بەهێزکردنی ژنان و ناساندنیان بە زانینی مافەکانیان، هەروەها ئامانج دروستکردنی ڕووبەڕووبوونەوە نییە لەنێوان ژن و پیاودا، بەڵکو زیاتر بەرەوپێشبردنی دادپەروەرییە لەناو کۆمەڵگەدا بەگشتی.

 

شەیما وەهاب بەشداری لە چالاکییە پەروەردەییەکان دەکات لەناو خوێندنگەکاندا، لە ڕێگەی وۆرکشۆپ و کورتە فیلم و گفتوگۆی گروپییەوە، هەروەها ئامانجمان ئەوەیە منداڵ لەڕێگەی ئەزموونی ڕۆژانەیەوە تێبگات کە دادپەروەری دەبێت بەشێک بێت لە ژیانی، جا چ لە خوێندنگە بێت یان لە ماڵەوە.

 

کارەکە درێژدەبێتەوە بۆ پشتگیریکردنی ئەو منداڵانەی کە لەناو خێزانەکانیاندا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، یارمەتیان دەدات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەبێ ئەوەی هەست بە پەراوێزخراوبوون یان ستەمکردن بکەن لە دۆخەکانی ڕۆژانە تێبگەن، بۆ ئەو گۆڕانکاری لە داننان بە مافەکان و دروستکردنی شوێنی پارێزراوەوە دەست پێدەکات کە ڕێگە بە ژنان و منداڵان بدات خۆیان دەرببڕن و داوای ئەوەی ئەو مافانە بکەن کە شایەنین.

 

ڕوونیدەکاتەوە، منداڵان هەندێک جار دێن و باسی ئەو شتانە دەکەن کە لە ماڵەکانیاندا ڕوودەدەن یان باسی ئەزموونی ڕۆژانەیانمان بۆ دەکەن، لە ڕێگەی وۆرکشۆپەکانەوە هەوڵدەدەین فێریان بکەین کە چۆن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخانەدا بکەن، بەبێ ئەوەی کەس هەست بە چەوساندنەوە یان پەراوێزخستن بکات.

 

ئاماژە بەوە دەکات ،کە ئەم جۆرە کارانە سەرنجی میدیاکان بەدەست ناهێنێت، بەڵام کاریگەرییەکی قووڵی هەیە، لە تەمەنێکی بچووکەوە تۆوی بیرکردنەوە و یەکسانی دەچێنێت، هەروەها ژنانی ناو کۆمەڵەکە هێڵی یەکەمی بەرگرین بۆ مافەکانی ژنان و یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا پێکدەهێنن، وتی: دەمانەوێت ژنان و مندالانی کج بزانن کە مافەکانیان نادرێت، ئەوان دەبرێن، ئەگەر قسە نەکەن هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات، ئەوە کاری ئێمەیە کە شوێنێک دروست بکەین کە ڕێگەیان پێبدات دان بە مافەکانیاندا بنێن و بەرگریان لێبکەن.

 

شەیما وەهاب لە کۆتای قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەرگای کۆمەڵەکە کراوەیە بۆ هەمووان، ئامانجیش دابینکردنی چارەسەری ئامادەکراو یان ڕێکارە یاساییە تایبەتەکان نییە، بەڵکو بەهێزکردنی ژنان و گەنجان و منداڵانە بۆ ئەوەی بەهاکانی هاوڵاتیبوون و یەکسانی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا لە باوەش بگرن لە ڕێگەی فێربوون و بەشداریکردن و هۆشیارکردنەوەی بەردەوامەوە.

 

”لە دەرەوەی ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان

لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا، کە جەخت لەسەر گرنگی پەروەردەی منداڵی سەرەتایی دەکاتەوە لە کەمکردنەوەی کەلێنی ڕەگەزیدا، ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە ڕەهەندێک بەدەستدەهێنن کە سنوورە جوگرافییەکانیان تێدەپەڕێنێت، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە چاندنی بەهاکانی یەکسانی لە تەمەنێکی گەنجیدا بەشدارە لە دووبارە داڕشتنەوەی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان کە دواتر سووتەمەنی هەڵاواردن دەدەن.

 

لەم ڕوانگەیەوە، کارەکانی شەیما وەهاب و سوعاد شەبانە تەنها لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی بچووکدا لە ناو مەغریبدا سنووردار نییە، بەڵکو بەشێکە لە هەوڵێکی جیهانی فراوانتر کە پەیوەستە بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامەوە، بەتایبەتی ئەو ئامانجەی کە پەیوەندی بە یەکسانی ڕەگەزییەوە هەیە، گۆڕانکاری کولتووری و کۆمەڵایەتی تەنها لە ڕێی دەقە یاساییەکانەوە بە دەست ناهێنرێت، بەڵکو لەسەر داڕشتنەوەی هۆشیاری لە منداڵییەوە لە ڕێگەی پەروەردەی ڕۆژانە و هۆشیارکردنەوە لە ناو خوێندنگەکان و کۆمەڵگەوە دەستپێدەکات.