یاسای بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی خێزانی، بۆ هەموار ناکرێتەوە؟

ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستاندا ساڵی ٢٠١١ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرکراوە لە ئێستادا چارەسەری کێشە خێزانییەکانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێناکرێت و پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە، بەڵام بەهۆی ڕەوشی سیاسی و ئابوری هەرێمەوە گرنگیدان بەو یاسایانە پشتگوێ دەخرێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- کێشە خێزانییەکان بە بەراورد بەو یاسایانەی هەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی خێزانی چارەسەرکردنیان ئەستەمە، گۆڕانکاری و زیادبوونی کێشەکان وایان کردووە ئەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دەرکراوە نەتوانێت چارەسەری کێشەکانی پێبکرێت.

 

یاساکان کەموکورتیان تێدایە، بەڵام هەموار ناکرێنەوە، هۆکارەکەشی گرنگیدانە بە ڕەوشی سیاسی و ئابوری هەرێم و وەلانانی پرسی خێزانی و لە نێویاندا ژنان.

ژنها بە پێی ئەو ئامارانەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی توندوتیژی خێزانی دەستیکەوتووە، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا ٧١٥ سکاڵا تۆمار کراوە، لە پێنج مانگی ئەمساڵیشدا ٦٣٢ سکاڵا تۆمار کراوە.

 

هەروەها بەپێی ئامارەکانی نوسینگەیەکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا ٨٥٧ سکاڵا و پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ ١٣٤٥ سکاڵا تۆمارکراون.

 

لەم ئامارەوە دەردەکەوێت کە ڕێژەی سکاڵاکان لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا زیادی کردووە بەراورد بە دادگاکان، چونکە وەک نەقیب سازگار ڕەحیم، ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان لە دۆسیەی پێشوودا باسی لێوەکرد، کێشەکان لە بەڕێوەبەرایەتیەکاندا بە گفتوگۆی کۆمەڵایەتی هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت پاشان دەدرێتە دادگا، یاخود هەندێک لەو سکاڵایەنە بە ڕێگەی دیکە لەلایەن خێزانەوە بێدەنگەیان لێدەکرێت، کە ئەم ڕێگەیە لە هەندێک حاڵەتدا کوشتنی ژنانی بەدواوە دێت.

 

"خێزانەکان پەیوەیستن بە کلوترێکی بێ بنەما"

کیژان محەمەد، پارێزەر لە دادگای سلێمانی، دەربارەی ڕۆڵی خێزان دەڵێت: خێزان ئەرکێکی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی تاکێکی تەندروستدا، ئەرکی گواستنەوەی کلتور و فکرەیە، بۆیە دەبێت هۆشیارانە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن، چونکە زۆرکات هاوڵاتیان و خێزانەکان دابونەریتێک جێبەجێ دەکەن و خویان پێوە گرتووە، لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی یاسای نییە، بۆ نمونە، لە ساڵانی ڕابردوو کارکردن و چونەدەرەوەی ژنان بە پێی دابونەریت ڕێگەپێنەدراو بووە کە ئەمە یاسایی نییە.

 

"ژنان ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن لە بەرامبەردا مافەکانیان وەرناگرن"

ئەو پارێزەرە دەڵێت: کاتێک کۆمەڵگا پێشدەکەوێت ژنان ئاشنا دەبن بە ئەرک و مافەکانیان، ئەرکەکانیان پێ جێبەجێدەکرێت، بەڵام مافیان پێنادرێت بۆیە لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

کیژان محەمەد، هۆکاری سەرەکی پێشێلکردنی مافی ژنانی بۆ بەخێوکردنی پیاوان وەک ئەوەی خاوەن دەسەڵاتن دەگەڕێنێتەوە، دەشڵێت: "بە جۆرێک لە هزری پیاواندا چەسپاوە کە ژنان نابێت دەنگ بەرز بکەنەوە و داوای ماف بکەن".

پیاوان دەیانەوێت بەردەوام لەو پلە بەرزیەدا بن کە چەند ساڵە خاوەندارێتی دەکەن و قبوڵی ژنان ناکەن لە ئاستیاندا بن، ئەم هێزەش لەلایەن خێزانەکانەوە بە پیاوان دەدرێت.

 

"دەرکردن و بڕیاردان بۆ هەموارکردنەوەی هەر یاسایەک لە پەرلەماندا، پشت دەبەستێت بە پێویستبوونی"

لەوکاتەی درک بە زیادبوونی کێشەیەک دەکرێت لە کۆمەڵگادا و کار دەکاتە سەر دۆخی هاوڵاتیان، پەرلەمان وەک خاوەن بڕیارێک هەڵدەستێت بە دەرکردنی یاسایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کیژانیش دەڵێت کێشەکان لەوە گەورەترن کە بتوانرێت بەو یاسایانەی پەرلەمان دەریکردووە دەربارەی توندوتیژی خێزانی چارەسەر بکرێن، بۆیە لەو حاڵەتانەدا لێکۆڵەرەکان و دادگا کە دەبینن کێشەکان چارەسەرییان نییە، ئەو کەیسانە کۆدەکەنەوە و ئاڕاستەی پەرلەمانی دەکەن و داوای گۆڕانکاری دەکەن لە مادەکانی یاساکاندا یاخود هەموارکردنەوەی یاساکان.

 

لە درێژەی قسەکانیشیدا کیژانی پارێزەر ئەوەشی ڕوونکردەوە، هەموار نەکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هۆکارە بۆ دووبارە زیادبوونی کێشەی خێزانی و توندوتیژی زیاتر بەرامبەر بە ژنان، بۆیە هەموارکردنەوەیان گرنگی تەواوی هەیە، هەروەها بەو هۆیەی ئەم یاسایە پشتگوێ خراوە، ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن چاونەترسانە بەردەوامن، چونکە دەزانن یاسایەک نییە بۆ سزادانیان.

 

"ڕەوشی سیاسی کوردستان پرسی ژنانی لاواز کردووە"

ڕەوشی سیاسی باشوری کوردستان کاریگەری تەواوی کردووەتە سەر دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکار، جگە لەمانەش کاری کردووەتە سەر هەموو کایە جیاوازەکان، یاساکانیش بووەنەتە بەشێک لەو لایەنانەی پەراوێز خراون و هەموارناکرێنەوە لەگەڵە ئەوەی کەم کورتییان هەیە، ئەوەشی خستەڕوو، تەنها یاسا ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات، بەڵکو دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی ناو حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.

بۆ نمونە لە کاتێکدا ژنێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە بەڵام ناتوانێت سکاڵا بکات و داوای مافی خۆی بکات، چونکە خاوەنی هیچ دامەزراوەیەک نین کێشەی ژنان چارەسەر بکات.

 

یاخود هیچ لایەنێک نییە لێکۆڵینەوە لە کێشەی خێزان و دۆخی خێزانی ئێستا بکات، هەروەها لایەنی لێکۆڵەریشمان نییە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی.

 

چارەسەری کەم بوونەوەی توندوتیژی خێزانی

کیژان محەمەد، پارێزەر، لەگەڵ ئەوەی پێی وایە زاڵبوونی کلتور بەسەر کۆمەڵگادا هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییە، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش دەخاتەڕوو کە پێویستە چارەسەر بکرێن، وەک، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە ڕێی سیستمێکی پەروەردە بۆ ناو خێزانەکان، تا لەوە تێبگەن ژنان وەک پیاوان لە یەک ئاستدان، هەروەها پیاوان چیتر بە چاوی هەبوونی چێژێک تەماشای ژنان نەکەن، جگە لەمانەش کار بکرێت بۆ هێنانەدی یەکسانی جێندەری، هەروەها یاساکان هەمواربکرێنەوە بە گوێرەی ڕووداو و کێشەکانی ئەمڕۆ تا توانای چارەسەرییان هەبێت.

 

ت.پ