توندوتیژی ئەلیکترۆنی لە هەرێم ڕوولە زیاد بوونە
دروشـی ئەمساڵی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی "یەکدەگرین بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان"ە و پارێزەر ئاسۆس نامیق دەڵێت: ژنان لەکاتی توندوتیژی ئەلیکترۆنی دەتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە دروشمی "یەکدەگرین بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان" لە هەرێمی کوردتسان دەستیپێکردوەو چەندین چالاکی جیاواز بەڕێوەدەچێت.
بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو ئامێرەکانی پەیوەندی کردن، تاکی کۆمەڵەی کوردیی بە تایبەت ژنان زیانبەرکەوتووی یەکەمی هەرجۆرە توندوتیژییەکن، توندوتیژی ئەلیکترۆنیش جۆرێکی ترە، کە لە پشت شاشەکانەوەو بە هەژمارو ناوی ساختە کەسانی نەناسراو توندوتیژی دژی ژنان دەکەن و دەبنە هەڕەشە بۆسەریان، هەڕشە لە ژنان دەکەن کە ئەگەر وێنەو ڤیدیۆی خۆیان نەنێرن ئەوا ناویان دەزڕێنن، هەندێک جار ژنانیش لەبەر خێزان و کۆمەڵە بێدەنگ دەبن و دەچنە ژێر داواکاری ئەو فریودەرانە، بەڵام ژنانێکیش هەن هۆشیارن و ئەم جۆرە توندوتیژییە ڕەت دەکەنەوەو سکاڵا تۆمار دەکەن.
دەپرسین ئایا لە هەرێمی کوردستان ئەم جۆرە توندوتیژیە هەیە؟
ئاسۆس نامیق براخاس مامۆستای زانکۆو پارێزەر قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: توندوتیژی ئەلیکترۆنی توندوتیژیەکە ڕووبەرووی هەردوو ڕەگەز دەبیتەوە، بەڵام ژنان زیاتر بە هۆکاری تایبەتمەندی زیاتر و لە یاسا عێراقیەکان زۆر زووتر هەست بەمە کراوە کە ئامێری نوێی تیادا بەکار بهێندرێت، لە سالی ٢٠٠٨ یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهینانی ئامێری پەیوەندی کردن کە تیایدا ژنانی بەڕێز هەرکاتیک زانی ڕووبەرووی توندوتیژی یان دەستدریژی دەبێتەوە دەتوانێت بەدەقەکانی ئەم یاسایە، پارێزگاری لەخۆی بکات و مافەکانی دەستبکەوێتەوە، لە ڕێگەی یاساییەوە دەتوانین ماف بگەڕێنینەوە بۆ مافخوراو.
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو کەسەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی بەرامبەر دەکرێت لە ڕووی یاساییەوە دەبێت چی بکات پارێزەر ئاسۆس نامیق وتی: لە ڕووی یاساییەوە دەتوانێت بێت و داوای مافی خۆی بکات و پارێزگاری لەخۆی بکات، بەڵا ئەمە تەنها لایەنە یاسایەکەی نییە، ناتوانین لە ڕێگەی یاساییەوە دەستەبەری مافی مافخوارو بکەینەوە، بەڵکوهاوشانی یاساکان پێویستمان بەڕۆشنبیری کۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی باری سەرشانیان سوک بێت و قورستر نەبێت، ئەم جۆرە کارانە پیویستە بە لەکۆمەڵگەی کوردی ئەم جۆرە توندوتیژیە زۆرە لە ناوزڕاندن وهەرەشەکردن و لە ڕووە یاسایەکەوە دادگا سەرپشکەو دوای ئەوە دادگا گەشتە ئەو باوەڕەی توندوتیژی ڕوویداوە، ئەوکاتە ماف دەگەڕێتەوە بۆ زیانبەرکەتوو، کەسی مافخوراو دەتوانێت داوای مافەکانی خۆی بکات.