سوەیدا چاوەڕێی ڕێبازێکی نیشتمانی دەکات کە سیستەمێکی ناناوەندی دابمەزرێنێت

نەجوا تەویل، چالاکوان دەڵێت: ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشە بەرامبەر دانیشتووانی سوەیدا ئەنجامدرا، خاڵی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ڕاگوزار پێکهێنا، داواکاری ئەمڕۆی دانیشتووان بۆ پاراستنی شارەکە و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆیە.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-دوابەدوای ڕووخانی ڕژێم، سوەیدا لە باشووری سووریا چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئەمنییەوە، چووە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، شارەکە کە چالاکوانەکانی بە ژن و پیاو بەشدارییان لە تەڤگەری نەتەوەیی کردبوو، داوای دەوڵەتی ئازادی و شکۆمەندیان دەکرد، دواتر خۆی لە بەردەم ڕووداوی خوێناوی و دووبەرەکی قووڵدا بینیەوە کە پێویستیەکانی لە قاڵب داوە.

 

بە بڕوای نەجوا تەویل، چالاکوانی مەدەنی و ژنان، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد، وتی: ئەوەی ڕوویدا تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو گۆڕا بۆ قەیرانێکی بوونگەرایی متمانە کە کۆمەڵگەی ناوخۆیی ناچارکرد هەڵسەنگاندن بۆ پێویستیەکانی خۆی بکاتەوە، ئاسایشی لە سەرووی هەموو شتێکەوە دانا.

 

هەروەها زنجیرە ڕووداوە خوێناوییەکانی، لە کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانەوە، تا ڕووداوەکانی سەحنایە، ئەشرەفیە و سورە، کە بە کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا گەیشتنە لوتکە، بە خاڵی وەرچەرخانی بنەڕەتی لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ڕاگوزاردا زانی، بۆ بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکە، ئیتر ئەو پرسە تەنها سیاسی نەبوو، بەڵکو پەیوەست بووبوو بە پارێزراوی جەستەیی و ترسی ئەوەی کە بە پاساوی ئایینی بکرێتە ئامانج.

 

نەجوا تەویل ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەدا ڕوویدا دوای ڕادەستکردنی چەکەکان، هەروەها ڕاپۆرتەکانی پێشێلکاری و ڕفاندنی ژنان، ترسی یەکگرتنی سەربازیی لەناو ئەو پێکهاتانەدا بەهێزتر کرد کە ناسنامەی نەتەوەیییان بە ڕوونی دیاری نەکراوە، بۆیە "پرسی ڕادەستکردنی چەک لە ڕادەبەدەر هەستیار بووە"، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی وتاری ڕق و کینە لە دژی دروزەکان و ڕووداوەکانی توندوتیژی بە ئامانجگرتنی خوێندکارانی درووز لە زانکۆکانی سووریا.

 

"هەستکردن بە جیابوونەوە" و لەدەستدانی متمانە

نەجوا تەویل باسی دابڕانێکی جوگرافیای نەکرد، بەڵکو باسی لە "دابڕانێکی هەستکردن"ی کرد کە لە هەستکردن بە خیانەتەوە سەریهەڵدا، نەک تەنها لەلایەن دەسەڵاتداران، بەڵکو لەلایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سووریاشەوە کە بێدەنگ بوون یان ڕوودانی پێشێلکاریەکانی ڕەتکردەوە، هەروەها ئەم هەستە درزی نەتەوەیی قووڵتر کردەوە و ئەو متمانەیەی لاواز کرد کە لە ساڵانی خەباتی هاوبەش دژی ستەمکاریدا هەبوو.

 

"خۆبەڕێوەبەری و پێکهاتەیەکی ئاسایشی ناوخۆیی"

نەجوا تەویل ڕایگەیاند، کە سوەیدا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاروبارەکانی بەڕێوەدەبات، بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ناوەندی لە ئەنجامدانی ئەرکە سەرەتاییەکانیان، تا ئەمڕۆش ئەکتەرە ناوخۆییەکان بە دامەزراندنی پێکهاتەیەکی ڕوون بۆ هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کاردەکەن بۆ بەدامەزراوەییکردنی دۆخی ئەمنی، پۆلیس و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەی تاوان سەرەڕای نەبوونی موچە بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، ئەوەی پێی دەوترێت "پاسەوانی نیشتمانی" ڕێکخراوە و کوتلە ناوخۆییەکان دەخرێنە ژێر پلەبەندییەکی کارگێڕییەوە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئاژاوە و دڵنیابوونە لە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی یەکگرتوو.

 

پێی وایە ئەم ڕێوشوێنانە سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی بچووک، بەشدارییان کردووە لە پاراستنی ئاستێکی ئەمنی تاڕادەیەک سەقامگیر بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی سووریا، وتی: کوتلە ناوخۆییەکان لە دەرەوەی شاری سوەیدا بەشداری ئۆپەراسیۆنی شەڕکەریان نەکردووە، بەڵکو ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە دابەزینی بۆ ناو ململانێی فراوانتر سنووردار کردووە.

 

"ئاڵەنگاری گەمارۆ و خزمەتگوزارییەکان"

نەجوا تەویل دۆخەکە بە "گەمارۆیەکی ڕانەگەیاندراو" پێناسە دەکات، کە تایبەتمەندە بە ڕێگریکردن لە ئارد و کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە و دواکەوتن لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پێویست بۆ گواستنەوەی کاڵاکان، سەرەڕای ئەمەش کۆمەڵگە زۆر پشت بە سەرچاوەکانی خۆی و پاڵپشتی تاراوگەییەکان دەبەستێت بۆ پاراستنی کەمترین ئاستی خزمەتگوزاری و سەقامگیری ئابووری، سەرەڕای زیانێکی بەرفراوان بە ژێرخانی ئابووری و ئاوارەبوونی دانیشتووانی دەیان گوند.

 

"پێشهاتە سیاسییەکان و داهاتووی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵات"

سوەیدا وەک ناوچەکانی تر بە خەونی دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای هاوڵاتییەکی یەکسان دامەزرابێت دەستی پێکرد، بەڵام کۆنگرەیی وتووێژی نیشتمانی و دواتر جاڕنامەی دەستووری نەیتوانی خواستەکانی بەشێکی زۆری دانیشتووانی سووریا بەدی بهێنێت، بە تایبەتی پەسەندکردنی فەقهیەی ئیسلامی وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان بەبێ مسۆگەری فرەنەتەوەی، ڕەتکردنەوەی سیاسیی لێکەوتەوە کە ڕەگ و ڕیشەی لە نەبوونی متمانەدا بوو.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندی لەگەڵ "دەسەڵاتی ڕاگوزار" هیچ پێشهاتێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی ناو سوەیدا بۆ دانوستان لەگەڵیدا، چونکە متمانە "دوای ڕووداوە خوێناوییەکان خراپ بووە" و هیچ هەنگاوێکی ڕوون بەرەو دانپێدانان، لێپرسینەوە یان قەرەبووکردنەوە نەنراوە.

 

داوای ئەوە دەکات کە "قوربانی" دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بکات، نالۆژیکییە، مەگەر پرۆسەی سیاسی لەگەڵ ڕێوشوێنی کۆنکرێتیدا نەبێت کە متمانە بگەڕێنێتەوە و ڕێگایەکی ڕوون بۆ دادپەروەری ڕاگوزار دابنێت.

 

"کاردانەوەی ناوخۆیی لەسەر داهاتوو"

لە سوەیدا گفتوگۆ سەبارەت بە بژاردەی جیاوازی بۆ پەیوەندی داهاتوو لەگەڵ دەوڵەت لە ئارادایە، لە ناناوەندی بەڕێوبەری فراوانکراوەوە تا دەگاتە فیدراڵیزم یان هاوکێشەی دیکە، بەڵام ئەم پێشنیازانە بە کردەوە بەهۆی گرژییە ئەمنییە بەردەوامەکان و قسەی هەوکردنەوە ماونەتەوە، چونکە ئێستا پءویستی چەسپاندنی سەقامگیری ناوخۆییە.

 

"ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی ناوخۆیی: پێویستیەکە"

نەجوا تەویل جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە ئێستادا پشت بە پشتیوانی سیاسی دەرەکی نابەستێت، بەڵکو زیاتر گرنگی بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی و دڵنیابوون لە بەردەوامی پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەدات، پێی وایە لە ئێستادا سوەیدا هەوڵدەدات "خۆی بونیاد بنێتەوە" لەسەر بنەمای توانا ناوخۆییەکانی، لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی ڕێبازێکی نیشتمانی فراوانترە کە متمانە بگەڕێنێتەوە و دەوڵەتێکی دامەزراوەیی ڕاستەقینە دابمەزرێنێت.