پارێزەر دەریا محەمەد: ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی سەرەکی قەیرانەکانن

پارێزەر دەریا محەمەد دەڵێت: قەیرانەکان هەمیشە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، بە تایبەت قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر ژنانی جیابووەوە هەیە، نەفەقە پێویستییەکە و دەبێت مانگانە هەبێت، هەروەها تەنها لەسەر موچە نەبێت.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە- لەهەر قەیرانێک کە ڕوو لە کۆمەڵگە دەکات، ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی سەرەکین و زەرەرمەند دەبن لە ڕووی ژیانەوە، چونکە بەربەست و ئاستەنگ و قورسایی دروست دەبێت، هەرچەندە ژنان هەمیشە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان دەدەن، بەڵام قەیرانی دارایی بەردەوام هەمیشە بەرۆکی ژنانی گرتووە بە تایبەت ئەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیا بوونەتەوە، هەندێک لەوانە بێکارن یاخود هاوژینە جیابووەکەیان وەک پێویست و بەپێی یاسا مافەکانی ژنان و منداڵان لە دوای جیابوونەوە ناپارێزێت، یاخود بەهۆی قەیرانی نەبوونی موچەو کاتێک نەفەقە لەسەر موچە دیاری دەکرێت، ژنانی جیابووەوە بۆ پێداویستی منداڵەکانیان ڕووبەڕووی قەیرانی درێژتر دەبنەوە.

 

پاریزەر دەریا محەمەد کە ڕۆژانە لە دادگای هەڵەبجە کار لە سەر کەیسی ژنان و منداڵان دەکات قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە بارودۆخی ئیستای کوردستان کە قەیرانیکی دارایی ڕووی لە وڵاتەکەمان کردوە ئەم قەیرانە نەوەک تەنها لەسەر فەرمانبەران وئەوانەی موچەیان هەیە لەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەت، کاریگەری نەرینی لەسەر تاکەکانی دەولەت دروست کردووە چ فەرمانبەران بێت چ کاسبکاران بێت، چونکە لە کاتێکدا موچە نەبێت کاسبکاران داهاتیان نییە.

 

"نەفەقە پێویستییەکە و دەبێت مانگانە هەبیت"

سەبارەت بەوەی کاریگەری قەیرانەکان لەسەر ئەو ژن و منداڵا چین کە لە دادگاکان دوای جیابوونەوە نەفەقەیان بۆ دەبڕدرێتەوە وتی: قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر ئەو ژنانەش هەیە کە لە هاوژینەکانیان جیادەبنەوە، چونکە زۆربەی زۆری ئەو ژنانەی لە دادگاکانن جیادەبنەوە ئیش و موچەو داهاتیان نیە ، داهاتیان لەسەر نەفەقەیە، لە دادگاش نەفەقە لە سەر موچەی پیاوەکەیەو مانگانەیە، بۆ نموونە ئەگەر موچە دوابکەویت، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی منداڵ و ژنەکە دەبێت و لە کاتی خۆیدا نەفەقەکەی پێ نادرێت، بۆیە زۆرکات ئێمە لە دادگاکان ڕووبەرووی کەیسەکان دەبینەوە، دەڵێن ئێمە داهات وەرناگرین و منداڵمان لەسەرەو کێشەی دروست کردووە، پێویستە لایەکی جدی لەو ژنانە بکرێتەوە کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو نەفەقەیەیە.

 

"پێویستە پشت بە داهاتی کەسی ببەسترێت نەوەک موچە"

پارێزەر دەریا محەمەد باسی لەوەشکرد کە تەنها موچە نییە بۆ ئەوەی نەفەقە بە ژنان و منداڵان بدریت بەلکو داهات و سامانی پیاوەکەش گرنگە نەفەقەی لێ بدرێت، لە دادگاکان بۆ برینەوەی نەفەقە پێویستە ڕێگای دیکە بگیرێتە بەر و ڕێگای زۆرتر هەیە لەوانەیە ڕاستە پیاوەکان داهاتی زۆرباشیان هەیەو سامان و مولکی هەیە پشتی بە موچە بەستووە با لەوکاتانەدا کە موجە نییە لە داهاتی پیاوەکە نەفەقەی ئەو ژنانە  بدرێت کە بۆیان دەبڕدرێتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پارێزەر دەریا محەمەد وتی: بەگشتی قەیرانەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ژنان و منداڵان و منداڵی ساواو ئەوانەی نەگەیشتوونەتە ١٨ ساڵی لای دایکیان دەبن و خەرجیان پێویستە، هەیە منداڵی زۆرەو داهاتیان دەوێت، پێویستە لە دادگاو لایەنە بەرپرسەکان ئاوڕی جدی لەم پرسە بدەنەوەو کاری لەسەر بکرێت، ژنان نەبنە زیانبەرکەوتووی موچەی دەوڵەت کە لەکاتی خۆیدا نادرێت.