نەعیمە خوشان: یاسا هەیە نادادپەروەرانەیە بەرامبەر بە ژنان و پێویستە هەموار بکرێتەوە

نەعیمە خوشان، ئەندامی کۆمەڵەی تەلدات، ئاماژەی بەوەکردوە، ١٩ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی یاسای خێزانی لە مەغریب تێپەڕیوە، مافەکانی ژنان دەتواندرێت بە گۆڕینی یاسا بەرزبکرێتەوە، کە ماددەی جیاکاری دژی ژنان دەگرێتەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- نزیکەی ١٩ ساڵ دوای پەسەندکردنی لەژێر پێداچوونەوەیەکی گشتگیر لە ساڵی ٢٠٠٤دا، دوای چەندین ساڵ لە کۆمەڵەکانی ژنان کە داوای چاکسازییان دەکرد پاشا نامەیەکی نارد بۆ حکومەت لە ئەیلوولی ٢٠٢٣بۆ پێداچوونەوە بە یاسای خێزان، چونکە چەندین ناهاوسەنگی لەسەر ئاستی کردارەکان دەرکەوت.

 

نەعیمە خوشان، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی کۆمەڵەی تەلدات ئاماژەی بەوەکرد، یاسای جیاکاری دژی ژنانی مەغریب هەیە کە پێویستە هەموار بکرێنەوە بۆ دڵنیابوون لە شکۆمەندییان.

 

جەختی لەوە کردەوە، پێویستە یاسای خێزان هەموار بکرێتەوە وەک هەنگاوێک بەرەو کۆمەڵگەیەک کە جۆرە توندوتیژییە ڕەتبکاتەوە، وتیشی: چاکسازی لە یاسای خێزان کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر باری کۆمەڵایەتی ژنان، هەروەک هەر کاتێک چاکسازی لە یاسا و فەرمانە یاساییەکاندا بکەین، مافەکانی ژنان بەرەو پێش دەچن و دەستکەوتی زیاتر بەدەستدەهێنین.

 

"کاتێک یاسای خیزان هەموار دەکرێتەوە جیاکاری دژی ژنان نامێنێت"

نەعیمە خوشان ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک یاسای خێزانی مەغریب هەموار دەکرێتەوە، مافەکان لە بەرژەوەندی ژنان تۆمار دەکرێن، ئەو هەموارکردنانەی کە لەلایەن مافەکانی مرۆڤ و دەستەی ژنانەوە پێشکەش دەکرێن بۆ لیژنەی بەرپرس لە هەموارکردنەوەی یاسای خێزان، هەموویان بەشدارن لە هاوسەنگی بەدیهێنانی دادپەروەری و نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ژنان و منداڵان.

 

جەختی لەوە کردەوە، داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری لە تەمەنی زووداو و داواکردنی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ ١٨ ساڵ دەستکەوتێکی بەرچاو دەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم ڕێوشوێنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە باشترین مافەکانی ئەو منداڵانە بپارێزرێت و مافی خوێندنیان مسۆگەر بکات و بارودۆخەکەیان باشتر بکات بەوەی ببنە ئەندامێکی کاریگەری کۆمەڵگە.

 

نەعیمە خوشان داوای قەدەغەکردنی فرەژنی کرد، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە یاساکە ڕێگە بە دۆخێکی جیاواز دەدات کە دەرگایەک بکاتەوە بۆ دەستکاریکردنی زیاتر و هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی ٢٠، ٢١ و ٢٢ی یاسای خێزان، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلەبەرە یاساییانەی کە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵان دەدات.