نووسینەوەی دەستور، لەم کاتەدا بۆ؟

پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان باس لەوەدەکەن، لە کاتێکدا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان پڕە لە قەیران و ناکۆکی سیاسی لەو پەڕیدا، بەڵام پارتی دەیەوێت بەو زۆرینەیەی کە هەیەتی لە پەرلەماندا بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی جێبەجێبکات و لەو ڕێگایەوە کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەشی چارەسەر بکات.

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ- دەستور، سەرتۆپی یاسادانانە لە تەواوی جیهاندا، لە سەروو یاساکانەوەیەوە، یەکێک لە سەرەکیترین کاری دەستور دیاریکردنی ماف و ئازادییەکانی تاکە، هەروەها دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی هەر سێ پێکهێنەرەکەی حکومڕانییە، ئەوانیش دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییە، لە نەبوونی دەستوریشدا دەسەڵاتەکان تێکەڵ دەبن.

 

پاش ٢٩ ساڵ لە هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا هیچ دەستورێک نییە، هەرچەندە چەند جارێک هەوڵ بۆ نووسین و پەسەندکردنی دەستور درا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بەردەوام شکستی هێناوە.

 

پێشتر لە دوو کاتی جیاوازدا هەوڵی نووسینەوەی دەستور دراوە، هەوڵەکانیش نەگەیشتووەتە ئەنجام، یەکەمیان لە ساڵانی نەوەدەکاندا نوسراوە، دووەمیان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشدا هەوڵی نووسینەوەی دەستور درا، زیاتر کە ٧٠ ماددە لەلایەن لیژنەیەکی ٢١ کەسی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نوسرایەوە و ئامادەکرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لە دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە تەواو نەکرا.

 

ئێستاش جارێکی دیکە، باسی نووسینەوەی دەستور جارێکی دیکە لەلایەن باڵی نێچرڤان بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کراوەتە بابەتێکی سەرەکی و هەوڵ دەدرێت دەستور بەو زۆرینەیەی لە پەرلەماندا هەیانە تێبـپەڕێندرێت.

 

کاتی گونجاو نییە بۆ نووسینەوەی دەستور

شارەزاییان باس لەوەدەکەن، ئێستا لەم ژینگە سیاسییەی کە هەیە، نووسینەوەی دەستور گونجاو نییە.

 

گەشە دارا، ئەندامی خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بوونی دەستور بە گرنگییەکی زۆر دەزانێت، پێی وایە لە نەبوونی دەستوردایە کە دەسەڵاتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بووە، چونکە دەستور دڵنیای تێکەڵ نەبوونی دەسەڵاتەکانە.

 

ئەوەش دەخاتەڕوو، یاساکان و دەستور گرنگییەکەی لە جێبەجێکردنی دایە، ئەگەر دەستور هەبێت، ئەوا حکومەت ناتوانێت ماوەی حەوت ساڵ هیچ پڕۆژە یاساییەکی بودجەی نەبێت، ناتوانێت کەی و چۆن ویستی بە هەر بڕێک کە دەخوازێت مووچەی مووچەخۆران بە نایاسایی ببڕێت، لەبەر ئەوەی دەستور بە دڵنیایی بۆ ڕێگریکردن لە نایاساییەکان دەزانێت.

 

"جێبەجێکردنی دەستور لە نووسینەوەی گرنگترە"

گەشە دارا، نایشارێتەوە، ئەگەرچی دەستور پرسێکی گرنگە، بەڵام هێندەی گرنگی نووسینی دەستور، گرنگی لە جێبەجێکردنی دەستورەکەدایە، "دڵنیای لە جێبەجیکردنی دەستور، دروستکردنی دادگاییەکی دەستورییە، بۆ لێپێچینەوە ئەو کەسانەی کە دەستور جێبەجێ ناکەن، بەڵام ئەوکاتە جارێکی دیکە ئەو پرسە دێتە ئاراوە کە تا چەند دادگای دەستوری وەک دادگاکانی دیکەی ئەم هەرێمە دەستوەردانی تێدا ناکرێت و یاسا سەروەر دەبێت".

 

ڕوونیشی دەکاتەوە، کە بەپێی پەرلەمان دەبێت بە زۆرینەی ٪ ٥١ ڕازی بێت ئیتر ئەو دەستورە پەسەند دەکرێت، بەڵام بابەتەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە، دەکرێت دەستور بۆ ٪٥١ کۆمەڵگا بێت، ئەی ٪٤٩ دیکەی: "بۆیە بەم ژینگەی سیاسییەی هەیە لە ئێستادا دەستورێکی باشمان بۆ دەرناچێت".

 

"پەدەکە دەیەوێت لە بەرژەوەندی خۆیدا دەستور بنوسێتەوە"

بەهار مەحمود، ئەنجامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، کاتی ئێستا گونجاو نییە بۆ نووسینەوەی دەستور، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لە بەرژەوەندی خۆی دەستور بنوسێتەوە و ئەو زۆرینەیەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هەیەتی بەکاربهێنێت بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە حزبیەکانی خۆی و کێشەی ناوخۆی حزبەکەشی پێ چارەسەر بکات.

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بزانێت چارەنووسی خۆی بە کوێ دەگات".

 

وەک بەهار باسی دەکات، یەکێکی دیکە لە نەگونجاوی کاتی نووسینەوەی دەستور ئەوەیە، کە ژینگەی سیاسی نووسینەوەی دەستور گونجاو نییە، حزبەکان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە هیچ کات هێندەی ئێستا ناکۆکییان نەبووە، هەروەها دەبێت ئاگادارکردنەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهەند وەربگیرێت، تا وەک کاتی ڕیفراندۆمەکە ناهەمواری دروست نەبێت.

 

نەبوونی دەستور بۆشایی دروستکردووە

دەبارەی بۆشاییە دەستورییەکان، بەهار مەحمود دەڵێت "نەبوونی دەستور بۆشایی زۆری دروستکردووە، وەک درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، کە هیچ کاتێک لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدراوە، هەروەها تا ئێستا سیستمێکی حکومڕانی دیاریکراومان نییە".

 

 

ئەوەش دەخاتەڕوو، یەکێک لەو بەشانەی لە دەستوردا جێگای دەکرێتەوە، دیاریکردنی ماف و ئازادییەکانە، ئێستا کە دەستور نییە و ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکراون، هیچ شوێنێک نییە بۆی بچن، بەڵام ئەو کاتەی دەستور هەبێت، دادگایەکی دەستوری دەبێت و مافی تاک تێیدا پارێزراو دەبێت، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و مافەکانیان بەدەستبهێننەوە.

 

 

ئەگەرچی پرسی دەستور جارێکی دیکە، لەلایەن باڵی نێچیرڤان بارزانی لە پەدەکەوە خراوەتە بەر باس، هاوکات لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی نیسانەوە داوا لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان کراوە تا ڕاوبۆچوونی خۆیان و حزبەکانیان دەربارەی شێوازی نووسینەوەی دەستور ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەم جارە دەتواندرێت دەستور بنوسرێتەوە و لە بەرژەوەندی سەرجەم هاوڵاتیاندا بێت، یاخود نا.

ت.پ