ناڕەزایەتییەکانی گەلان لە ئێران؛ شایەتحاڵەکان ڕاستیەکان لە شێواندن ڕزگار دەکەن

گێڕانەوەی شایەتحاڵان، لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ شێواندنی ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەم لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک هەر توندوتیژیی سەرکوتیان بەڵگەدار کردووە، بەڵکو هاودەنگی و خۆڕاگریی ناو کۆمەڵگەشیان دەرخستووە.

سارە بورخزاری

 

کرماشان-ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چل ڕۆژ لە هەڵکشانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی وڵات لە دۆخی میلیتاریزم و شەڕدایە، پرسی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە جارێکی دیکە بووەتە تەوەری سەرەکی لە سیاسەتی ناوخۆدا.

 

لەم جۆرە هەلومەرجەدا، سەرلەنوێ سەردانکردنەوەی گێڕانەوەکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەم تەنها گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە نەخشە دووبارەبووەکان لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتداران لە کۆمەڵگەدا.

 

ئەوەی مێژوو دەتوانێت وەک پارێزبەندییەک لە بەرامبەر دووبارەبوونەوەی نادادپەروەری و ستەم پێشکەشی بکات، تۆمارکردن و یادکردنەوەی ئەو ساتانەیە کە مرۆڤەکان لە هەوڵی ئازادیدا ئەزموونی دەکەن، هەروەها ئەو ساتانەی کە فەرمانڕەوا لە کاتی بەکارهێنانی شمشێرێکی خوێناویدا ناوی "دادپەروەری"ی بانگەواز دەکرد، هاوڵاتیانی بێتاوانی دەکوشت تەنها لەبەر بەرزکردنەوەی دەنگیان بۆ داواکاری ئازادی. مێژوو ئەگەر بە باشی بگێڕدرێتەوە، نەک هەر یادەوەری بەکۆمەڵ زیندوو دەکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت چرایەک بێت بۆ ئەو نەوانەی کە نایانەوێت جارێکی دیکە ببنەوە زیانبەرکەوتووی هەمان خول.

 

لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەر ئەم گێڕانەوە تاکەکەسیانە بوون کە توندوتیژیی پێکهاتەیییان ئاشکرا کرد، ئەمڕۆش لە نێوان پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان و زیادبوونی فشارە سەربازییەکان، ئەم گێڕانەوەیانە ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگتر دەبن، چونکە ئاشکرای دەکات کە چۆن نەخشەکانی چەوساندنەوە بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە بەرهەمدەهێنرێنەوە، چۆن دەسەڵات هەوڵدەدات گێڕانەوەکان بگۆڕێت و ڕابردوو پەراوێز بخات.

”ساتەکانی دەربازبوون لە دەستی ستەم”

سەمیە. ت، شایەتحاڵی کرماشان شەوانی ناڕەزایەتی و سەرکوتکردنی دەسەڵات دەگێڕێتەوە و وتی: ماڵەکەمان لە ناوچەی گوڵستانە، بەڵام ئەو ڕۆژە بیستمان شەقامی کاشانی لەڕادەبەدەر قەرەباڵغ بووە، من و هاوڕێکانم بڕیارماندا بچینە ئەوێ، کاتێک گەیشتینە نزیک مەیدانی شەهید، بینیمان کە گەلێکی زۆر لە هاوڵاتیان دروشم و ناڕەزایەتییان دەردەبڕن، دەستبەجێ بەشداریمانکرد، کەمتر لە پێنج خولەک لە مزگەوتی تەنیشت مەیدانەکە دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیان و بە توندوتیژی هەندێک ژنانی گەنجیان بردەناو حەوشەی مزگەوتەکە.

 

وتی: لە ناو ئەو پشێوییەدا، دوای ئەوەی بریندار بووم، لە هاوڕێکانم جیابوومەوە. تێبینیم کرد کە هێزەکان گەمارۆی گرووپە بچووکەکانی خۆپیشاندەرانیان داوە و دەیانکردنە ئامانج، دواتر هێرشیان دەکردنە سەر، ئەوانەی کوژران لە پشت دیوارێکی زەوییەکی چۆڵی تەنیشت مەیدانەکەوە دادەنا بۆ ئەوەی دواتر وەریانبگرنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان ئەم ئاژاوەگێڕییەدا، دوو لە ئەفسەرەکان بەبرینداری بینیانم، هاتن بەرەو لام و بە خێرایی ڕامکرد و چوومە ناو یەکێک لە کوچە تاریکەکانەوە، دەرگای گەراجی یەکێک لە ماڵەکان نیوە کراوە بوو، پیاوێکیش لەوێ وەستابوو، بۆیە بە خێرایی دەرگاکەی کردەوە و منی ڕاکێشایە ژوورەوە، ئەویش هاوژینەکەی ئاگادارکردەوە و یەکسەر جلەکانی منی گۆڕی، بۆ ئەوەی نەناسرێمەوە، وتی: کە ئەو بەڕێوەبەری بیناکەیە و پێویست ناکات خەمی کامێراکانم ببێت.

 

سەمیە. ت شەو توانی هەڵبێت، بەڵام ئەو دیمەنانەی کە شاهیدی بووە لە مێشکیدا چەسپاون، وتی: ژنانی گەنج بە توندوتیژی دەبرانە ناو مزگەوتەکەوە، هاوڵاتیان لەناو ڕارەوەکاندا دەکرانە ئامانج و ئەو کەسانەی جگە لە ناڕەزایەتی دەربڕین هیچیان نەکرد سەرکوت کران.

 

ڕوونیکردەوە، دوای چەند ڕۆژێک، گەڕامەوە بۆ هەمان شوێن، ئەو مەیدانەی کە شایەتحاڵی بووم، ئیتر وەک ئەو شەوە نەبوو، ڕەنگە ڕێبوارەکان نەیانزانیبێت کە تەنها چەند ڕۆژێک پێشتر، ئەم شوێنە دیمەنی ڕووبەڕووبوونەوە بووە، تەنها ئەوەی لەو ڕووداوانەدا مابووەوە، نیشانەکانی توندوتیژی بوو لەسەر قیر و دیوارەکان.

 

”شێوازی دووبارەبوونەوەی سەرکوتکردن لە ناڕەزایەتییەکان”

باسی ئەم شایەتحاڵە تەنها بەشێکی بچووکە لەو پێشێلکاریانەی کە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە کاتی ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەمدا ئەنجامدراون، دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین کە ئەم شێوازە لە سەرکوتکردن نوێنەرایەتی یەکێک لە هەزاران حاڵەتی هاوشێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەکات، نزیکبوونەوەی هێزەکانی حکومەت لە زۆربەی شار و ناوچەکاندا یەکگرتوو و دووبارەبووەوە بووە، بە وردبوونەوە لەم باسە دەریدەخات کە شێوازی گەمارۆدان و گۆشەگیرکردن و دوورخستنەوەی تاکەکان لە دەوروبەریان، نەخشێکە کە لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییەکاندا بینرا و جارێکی دیکە دووبارە بووەوە، ئەم نەخشەیە بە پلەی یەکەم ئامانجی سستکردنی بەرخۆدانی بەکۆمەڵ و شکاندنی ڕۆحی بەرخۆدان و ڕێگریکردنبوو لە دروستبوونی گێڕانەوەی سەربەخۆ.

 

”گۆڕینی کەشی گشتی و ئایینی بۆ ئامرازی چەوساندنەوە”

کاتێک تاکەکان لە دۆست و هاوەڵەکانیان جیا دەبنەوە، زیاتر تووشی سستی دەبن و توانای تۆمارکردن و گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانیان مەیدانی دەبێتەوە. بەکارهێنانی مزگەوتی تەنیشت گۆڕەپانی شەهید لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران ئەوە دەردەخات کە کەشی گشتی و ئایینیش گۆڕدراون بۆ ئامرازی کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردن. ئەم کردارە نەک تەنها سەختی سیمبولی و دەروونی هەڵدەگرێت، بەڵکو ڕێگە بە هێزەکان دەدات کە شوێنی داخراو و بەرز و بە ئاسانی کۆنترۆڵکراو بۆ دەستدرێژی سەرسوڕهێنەر بەکارنهێنن، لەم جۆرە شوێنانەدا سەرکوتکردن بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت، چونکە دەسەڵات دەتوانێت گێڕانەوەکە لە چوارچێوەیەکدا دابڕێژێتەوە، بوونی خۆیان لە ناوەندە ئاینییەکان وەک بەرگریکردن لە شوێنە پیرۆزەکان بخەنە ڕوو و هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی گوماناوی نیشان بدەن.

 

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەت، لە ڕێگەی مانشێتەکانی وەک “ئاژاوەگێڕان قورئان دەسوتێنن”، هەوڵیان داوە سەرنجی ناڕەزایەتییەکان لە داواکاریی بەکۆمەڵەوە بگۆڕن بۆ تۆمەتی کفر، بە ئامانجی پاساودانەوە بۆ توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و بێناوبانگکردنیان، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئەم دواییە، دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە ئەو ناڕەزایەتیانە وەک بەشێک لە پێشەکییەک بۆ شەڕ و پیلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات نیشان بدەن، دەسەڵاتداران هەر لە سەرەتای شەڕەوە هەموو ناڕەزایەتییەکان و بەشداربووانیان بە پەیوەندی بە زلهێزە بیانییەکان ناوزەد کردووە و ئەوانی بە بەرپرسیاری ئەو کوشتارانە تۆمەتبار کردووە کە لەو ماوەیەدا ڕوویانداوە.

 

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران پشتیان بەو قسە و باسە بەستووە بۆ پاساوهێنانەوەی سەرکوتکردنی ناڕازییان و لەسێدارەدانی بەشێک لە دەستبەسەرکراوان و بە کارهێنانی لە دەستەواژەی وەک “خیانەت کردن لە میللەت” بۆ شەرعیەتدان بەو کردەوانە و وەک هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوەیی خستنەڕوو. بەڵام ئەم پڕوپاگەندەیە و نووسینەوەی دەسەڵاتداران بۆ گێڕانەوەکە تەنها بە دووبارە خستنەڕووی گێڕانەوەی ڕاستەقینە دەتوانرێت بەرپەرچی بدرێتەوە، بەمەش هەوڵەکانی ڕژێم بۆ پێناسەکردنەوەی ڕووداوەکان پەراوێز دەخرێت. بۆیە دووبارە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەم زۆر گرنگە.

 

”توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە کۆمەڵگەدا”

بە وتەی سمیە. ت، خۆپیشاندەران تووشی جۆرەها سەرکوت کراون، هەروەها زۆرێک لە ژنانی گەنج کەوتوونەتە بەر هێرشی توندوتیژی و ڕاستەوخۆ، ئەم ڕەفتارە دەتوانرێت وەک بەشێک لە سیاسەتێک تێبگەین کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترسی ڕەگەزییە، سیاسەتێکە کە جەستەی ژنان دەکاتە ئامرازێک بۆ فشاری دەروونی لەسەر هەموو کۆمەڵگە، ئامانج لەم توندوتیژییە بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ئامادەبوونی دیار و بەرچاوی ژن لە ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی پێشوودا بینراو و ناردنی پەیامێکی هەڕەشەئامێز بۆ خێزانەکان، زۆرجار ئەم هێرشانە بۆ شکاندنی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و چاندنی هەستی نائەمنی لە نێو ژنان و ژنانی گەنجدا بەکاردەهێنرێن.

 

”بەرخۆدانی بێدەنگ... هاودەنگی لە نێوان سەرکوتکردندا گەشە دەکات”

بەڵام بە پێچەوانەی ئەم توندوتیژییە ڕێکخراوە، کردەوەی ئەو پیاوە و هاوژینەکەی کە ژنێکی خۆپیشاندەریان داڵدەدا، نوێنەرایەتی نموویەکی بەرخۆدانی مەدەنی بێدەنگ دەکەن، ئەم کردەوە بچووکانە بەڵام بوێرانەی وەک سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرا و گۆڕینی جل و بەرگ و شاردنەوەی بریندارەکان، تۆڕێکی پشتیوانی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن کە دژی ئامڕازی سەرکوتکردن وەستاوە، هەروەها ئەم ڕەفتارانە ئەوە دەردەخەن کە سەرەڕای شەپۆلی بەربڵاوی سەرکوتکردن، هاوڵاتیان دەستبەرداری بەرخۆدان نەبوون و ترسیش داواکارییەکانیان بێدەنگ نەکردووە، بەپێچەوانەی خواستی دەسەڵات، هاوپشتی کۆمەڵایەتی نەماوە بەڵکو لە زۆر بواردا بەهێزتر بووە.

 

ئەم هاوپشتییە، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێشتا بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، کۆبوونەوەی کەسوکاری زیانبەرکەوتووان و لایەنگرانی ناڕازییان لە چلەمین ڕۆژی دوای مردنی ئازیزانیان، سەرەڕای هەڕەشە و فشارە ئەمنییەکان، یادکردنەوەی یادەوەرییان، وتنەوەی دروشمی دژایەتیکردنیان، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە خۆی بەدەستەوە نەدەوە و بە توندی پابەندە بە داواکارییەکانییەوە، ئەم ئامادەبوونە بەکۆمەڵە تەنها مەراسیمێکی ماتەمینی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی ڕوونی بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەیە، پەیامێک کە دووپاتی دەکاتەوە یادەوەری بەکۆمەڵ ناتوانرێت بسڕدرێتەوە و ڕاستییەکان ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش سەرکوت بکرێن، لە کۆمەڵگەدا سەرهەڵدەداتەوە.

 

”گێڕانەوەیەک لە پێشکەشکردنی پەناگە، بوێری لە دڵی مەترسیدا”

سەمیە.ت وتی: یەکێک بووم لە خۆپیشاندەران، بریندار و ماندوو بووم، لە هەڵاتندا بووم. هێزەکانی ڕژێمی ئێران بێ وەستان بەدوامندا دەگەڕان بۆ ئەوەی بمگرن. پەناگەم بۆ هەر خێزانێک بردبایە دەبوو. ە مەترسییەکی گەورەی دەستگیرکردن یان زیانگەیاندن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پیاوە بە ئەنقەست دەرگای گەراجەکەی بە نیوە کراوەیی بەجێهێشتبوو بۆ ئەوەی کەسانی وەک من بتوانن لە تاریکی شەودا بگەنە دەستی، کاتێک چوومە ژوورەوە، خێزانەکەی بە تەواوی ئامادەبوون بەبێ دوودڵی جل و بەرگی منیان گۆڕی، چارەسەری برینەکانمیان کرد و وتیان گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێراکان دەسڕنەوە بۆ ئەوەی هیچ شوێنەواریکم نەمێنێتەوە.

 

وتی: ئەوان دەیانزانی کە دەسەڵاتداران دەتوانن لە هەر ساتێکدا هێرش بکەنە سەر ماڵەکەیان، دەستگیریان بکەن، زیانیان پێبگەیەنن یان تەنانەت وایان لێبکەن بێسەروشوێن بن، بەڵام بە ئازایەتی و ئاگادارییەوە بڕیاریان دا کە ڕۆڵی خۆیان لەم خەباتەدا بگێڕن، دەیانتوانی پشتگوێی بخەن، دەرگاکەیان دابخەن و وا خۆیان نیشان بدەن کە هیچیان نەبینیوە، بەڵام ئەمەیان نەکرد، ئەوان پێیانوابوو کە کاتی گۆڕانکاری هاتووە، ئەمەش ڕوودەدات ئەگەر هاوڵاتیان پێکەوە وەستان.

 

دووپاتی کردەوە، کە هەموو چەک و هێز و چڕی سەرکوت نەیانتوانی هاوڵاتیان ڕابگرن و نە لە داواکارییەکانیان دووریان بخاتەوە، لە دڵی ئەو تاریکی و ترسەدا کەسانێک هەبوون لە ڕێگەی ئازایەتی و مرۆڤایەتییەوە هیوایان پاراست. ئەو خێزانەش یەکێکە لەو هەزاران کەسانەی لەو ڕۆژانەدا سەلماندیان کە کۆمەڵگە پێکەوە وەستاون و واز لە یەکتر ناهێنن.

 

”تۆڕە شاراوەکانی هاوپشتی لە نێوان هاوڵاتیاندا”

ژمارەیەکی زۆر لە شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە خۆپیشاندەران لە ڕۆژانی ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی جیاواز پشتگیری یەکتریان کردووە، ئەم ئەزموونانە لەلایەن زۆر کەسەوە دووبارە دەکرانەوە و زۆربەی ئەوانەی لە شەقامەکاندا بوون، نموونەی ئەم هاودەنگییەیان بینی یان ئەزموونیان کرد.

 

زۆرێک شایەتحاڵی ئەوە دەدەن کە لە نێوان سروود و ڕاوەدوونانی و ئاژاوەگێڕیدا، هاوڵاتیان سەرەڕای ئەوەی یەکتریان نەناسی، دەستی هاوکارییان درێژ کردووە و شوێنی مانەوەیان پێشکەش کردووە و چاودێری بریندارەکان و ژیانی یەکتریان ڕزگار کردووە. زۆرێک لە شایەتحاڵەکان وتیان کە ئەم پشتیوانییە تەنها لە شەقامەکاندا قەتیس نەبووە بەڵکو درێژبووەوە بۆ ماڵ و فرۆشگا و گەراج و تەنانەت لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، کەسانێک کە پێشتر یەکتریان نەبینیبوو لەو ڕۆژانەدا بوونە بەشێک لە بازنەی متمانە و هاوسۆزی. لەو شەوانەدا هەموو دەرگایەک بە نیوە کراوە دەهێڵدرایەوە، هەموو ڕووناکییەک کاڵ دەکرایەوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران ئاشکرا نەبن، هەر دەستێکی یارمەتی درێژ دەکرایەوە، بەشێک بوو لە بەرخۆدانێکی بەکۆمەڵ، ئەم پەیوەندیانە نیشانی دەدا کە دەسەڵاتداران دەتوانن شەقامەکان بە هێزەکانیان پڕ بکەنەوە، بەڵام ناتوانن دڵی هاوڵاتیان ببڕن.

 

”بەرخۆدان بەردەوامە، یادەوەری بەکۆمەڵیش ناسڕدرێتەوە”

ئەم گێڕانەوەیانە ئەوە دەردەخەن کە سەرەڕای سەرکوتی توند، هاوڵاتیان لەیەکتر جیا نەبوونەوە، بەڵکو نزیکتر بوون. ئەم تۆڕە بچووکە بەڵام بەرفراوانانەی هاودەنگی، ڕێگریان لە ترس و دڵەڕاوکێ دەکرد، هیوایان بە زیندووی ڕاگرت.

ئەمڕۆش لە نێو کەشوهەوای شەڕ و فشاری سەربازیدا، نیشانەکانی دووبارەبوونەوەی نەخشەکانی ڕابردوو دەبینرێن: لە سنووردارکردنی زانیاری و گێڕانەوەکانەوە بۆ هەوڵدان بۆ بەستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە هۆکارە دەرەکییەکان و پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتکردن لە ژێر پەردەی "ئاسایشی نەتەوەیی".

بەڵام هەروەک چۆن گێڕانەوەی هاوڵاتیان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا توانیان ڕاستییەکان لە ژێر چینەکانی پڕوپاگەندەدا ئاشکرا بکەن، یادەوەری بەکۆمەڵ و گێڕانەوەی ئەزموونەکانی ئەمڕۆش دەتوانێت بەرپەرچی شێواندن بداتەوە، چیرۆکەکانی دڵی شەقام و ماڵ و شەوانی دڵەڕاوکێ نیشانی دەدەن کە تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا کۆمەڵگە بێدەنگ نەبووە، بەڵکو ڕێگەی نوێی بۆ مانەوە و بەرەنگاربوونەوە و وەستانەوە لە یەکگرتوویی دۆزیوەتەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەی بەرگە دەگرێت، گێڕانەوەی فەرمی نییە، بەڵکو ئەم دەنگە تاکە زیندووانەیە، دەنگەکان کە ڕەتیدەکەنەوە ڕابردوو لەبیر بکرێت یان ئێستا بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت.