ململانێی گەندەڵی... ژنانی عێراقی بەرپرسیارێتییەکی زیاتر هەڵدەگرێت

کاریگەرییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا لە باشترکردنی دۆخی هاوڵاتییاندا دەردەکەوێت، بەتایبەت ژنانی عێراقی کە یەکێک بوون لەو توێژانەی ززیاتر کاریگەریی دابەزینی خزمەتگوزارییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی لەسەر بووە.

ڕەجا حەمید ڕەشید


عێراق ـ لەماوەی ڕابردوودا عێراق شایەتی چڕبوونەوەی ڕێکارە تایبەتەکان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە ئامانج لێی بەدواداچوونی تۆمەتبارانی کەیسەکانی بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرشوێنکەوتن و قۆستنەوەی پۆستە، لەگەڵ بەدواداچوونی دۆسیەی ڕێککەوتنەکان و پڕۆژە پەککەوتووەکان.

کەمپینی "صولة الفجر"کە لە ٢٨ی حوزەیرانی دەستیپێکرد، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتییانە بە دامەزراوەکانی حکومەت، لە کاتێکدا چاودێران پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە بەستراوەتەوە بە بەردەوامبوونی و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر سەرجەم تێوەگلاواندا بێ جیاوازی، هەروەها خێراکردنی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان و گەڕاندنەوەی ئەو پارە دزراوانەی کە بەتاڵان بردراون.

نادیە جەدوع، دادوەری نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانی بازرگانی و سەرۆکی نووسینگەی هەرێمی یەکێتی ناوبژیوانی ئەنجومەنی یەکبوونی ئابووری عەرەبی، جەختی لەوە کردەوە، کە دەستپێکردنی کەمپینی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا وەک ئەنجامێکی تێکەڵبوونی چەند هۆکارێک هاتە ئاراوە، دیارترینیان پەرەسەندنی داواکارییەکانی کۆمەڵگە بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و فشارە ئابوورییەکان و ئارەزووی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەکان، لەگەڵ جدیبوونی کەمپینەکە بە ڕادەی بەردەوامبوون و گەیشتنی بە سەرجەم تێوەگلاوان بە بێ جیاوازی دەپێورێت، وتی: ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و پێوەرەکانی ڕوونی ڕەنگە هۆکارێکی هێنەر بن، لەبەر ئەوەی کاریگەرییان لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنان و هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام هۆکاری یەکلاکەرەوە هەر ئیرادەی نیشتمانی دەبێت لە جێبەجێکردنی یاسادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەوڵی چاودێری و دادوەری ڕوون لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا هەن، بەڵام پێویستیان بە خێرایی زیاترە لە یەکلاکردنەوەی کەیسەکان و بەهێزکردنی سەربەخۆیی دامەزراوەکان و کاراکردنی پاراستنی یاسایی بۆ ئاگاداركەرەوە و شایەتحاڵەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕووبەڕووی هیچ فشارێک یان ڕێکارێکی تۆڵەسەندنەوە نابنەوە، جگەلەوەش پشتیوانیکردن بە وەزارەت یان خزمەتگوزارییەکان یان دەرفەتەکانی کار لەسەر بنەمای واستە"نێوەندگیری" یان بەرشوێنکەوتن دەبێتە هۆی دابەزینی متمانەی هاوڵاتی بە دامەزراوە حکومەتییەکان و هەستی یەکسانی و دادپەروەری لاواز دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر چەمکی هاوڵاتیبوون دەبێت و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە.

گەندەڵی ئازار و ناڕەحەتییەکانی ژنان دوو ئەوەندە دەکات
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گەندەڵی لەسەر ژنان، نادیە جەدوع ڕوونیشیکردەوە، کە ژنان بەرپرسیارێتی زیادیان لە ناو خێزاندا لە ئەستۆیە، بۆیە داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان بارگرانییە ڕۆژانەکانیان زیاتر دەکات، هەروەها ڕەنگە ژن ڕووبەڕووی سەختی ببێتەوە لە گەیشتن بە دەرفەتەکانی کار و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان، بێجگە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاری یان دەستدرێژی لە کاتی سەردانیکردنی هەندێک دامەزراوەدا،  هەروەها لاوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان خێزانەکان ناچار دەکات تێچووی زیادی بخەنە سەر ئەستۆیان، وەک کڕینی ئاو و پشتبەستن بە مۆلیدەی کارەبا و دانانی تێچووی خوێندن یان چارەسەری پزیشکی لە کەرتی تایبەتدا، ئەمەش ئەو بارگرانییانەن کە ژنان ڕاستەوخۆ لە ئەستۆیان دەگرن، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری هەژاری و کاریگەری لەسەر ئاستی ژیان.

جەختی لەوە کردەوە، لە گرنگی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا لە ڕێگەی زیادکردنی نوێنەرایەتییان لە دەستەکانی چاودێری و دەستپاکیدا، پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ژنان و دابینکردنی مەشق لەسەر ڕوونی و لێپرسینەوە،  پاراستنی ئاگاداركەرەوە ژنان، مسۆگەرکردنی یەکسانی دەرفەتەکان لە گەیشتن بە پۆستە چاودێرییەکان و شوێنەکانی بڕیاردان.

گەڕاندنەوەی پارە براوەکان
نادیە جەدوع پێشنیاری پلەیەکەی کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەندەڵی لەسەر ژنان، کە ئەمانە لەخۆدەگرێت: باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەهێزکردنی چاودێری بەسەر خەرجییە گشتییەکاندا، دابینکردنی بەرنامەی پشتیوانی ئابووری بۆ ژنان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی کار و مەسق، و ئاسانکردنی گەیشتن بە قەرزە بچووکەکان، لەگەڵ جێبەجێکردنی جدیانەی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی ڕووبی و لێپرسینەوە لەناو دامەزراوە حکومەتییەکاندا، جەختی لەسەر پێویستی پەرەپێدانی یاسا تایبەتەکان بە پاراستنی ئاگاداركەرەوە و شایەتحاڵەکان کردەوە، لەگەڵ خێراکردنی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و بەهێزکردنی ئاشکراکردنی سامانی دارایی و توندکردنی سزاکان لە تاوانە گەورەکانی گەندەڵیدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تێکشکاندنی بازنەی گەندەڵی بە یەک ڕێکار نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە جێبەجێکردنی توندی یاسا هەیە بەسەر هەموواندا، و بەهێزکردنی بەهای دەستپاكی و بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕەتکردنەوەی گەندەڵی، کاراکردنی چاودێری کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنی ئازاد.

گەندەڵی قەیرانی خزمەتگوزارییەکان قوڵتر دەکاتەوە
ئەحلام باجه‌جی، چالاکوانی سیاسی جەختی لەوە کردەوە، کە گەندەڵی یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی دابەزینی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە عێراقدا، بەهۆی ئەوەی دەبێتە بەهەدەردانی سامانە گشتییەکان و بەڕێوەبردنی خراپی سەرچاوەکان، وتی: کەرتەکانی کارەبا، ئاو، تەندروستی و پەروەردە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە وەک دەرئەنجامی پەککەوتنی پڕۆژەکان و لاوازی چاودێری و دابەزینی ئاستی ئەنجامدان.

ڕوونیشیکردەوە، کە گەندەڵی تەنها کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییەکان نابێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئابووری و دەرفەتەکانی کار، چونکە دەبێتە هۆی لاوازکردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بەهۆی نەبوونی ڕوونییەوە، بڵاوبوونەوەی خزمایەتی لە دامەزراندندا لەسەر حیسابی لێهاتوویی، زۆرێک لە گەنجان لە دەرفەتی سەقامگیر بێبەش دەکات و پاڵیان پێدەنێت بەرەو کاری نافەرمی، وتیشی: گەندەڵی تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان زیاد دەکات، بەهۆی بەهەدەردان و قۆرخکاری و بەڕێوەبردنی خراپی سەرچاوەکانەوە، ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر نرخ و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، دەبێتە هۆی دابەزینی توانای کڕینی هاوڵاتییان و زیادبوونی بارگرانییەکانی ژیان، بەتایبەت بۆ خاوەن داهاتە سنووردارەکان.

ژن گەورەترین باج دەدات
ئەحلام باجه‌جی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژن بە یەکێک لە زۆرترین چینەکان دادەنرێت کە زیانیان بەرکەوتووە لە دەرئەنجامەکانی گەندەڵی، بەهۆی بەرپرسیارێتییە زیادییەکانی ناو خێزانەوە، چونکە دابەزینی خزمەتگوزارییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان دەبێتە هۆی زیادبوونی بارگرانییە ڕۆژانەکانیان، هەروەها دابەزینی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و بەردەوامبوونی قەیرانی کارەبا و ئاو، لەگەڵ لاوازی دەرفەتەکانی کار، فشارەکان کەوتووەتە سەر ژن لەناو خێزان و لە بازاڕی کاردا دوو ئەوەندە دەکات، ڕەنگە بەشداری دەکات لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی ئابووری و خێزانی، هەروەها هەندێک لە ژنانی خاوەن لێهاتوویی دەباتە دەرەوە بۆ کۆچکردن بەدوای دەرفەتی باشتر و ژینگەیەکی سەقامگیرتردا.

سەبارەت بە بوونی ژنان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا، ئەحلام باجه‌جی روونیشیکردەوە، کە ئەوە دیاردەیەکی گشتی نییە، بەڵام ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا ڕووبدات، جا لە ڕێگەی قۆستنەوەی پۆستەوە بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی کەسی یان لە ئەنجامی فشار لەلایەن لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە، وتی: ناوی هەندێک ژن ڕەنگە بەکاربهێنرێت بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا یان موڵکەکان بە مەبەستی شاردنەوەی سوودمەندی ڕاستەقینەی پرۆسەکانی گەندەڵی، دیاریکردنی بەرپرسیارێتی پشت بە لێکۆڵینەوە و بەڵگە یاساییەکان دەبەستێت.

لە کۆتای قسەکانیدا، وتی: سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی گەندەڵی لەسەر ژن پێویستی بە باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان هەیە، بەهێزکردنی چاودێری بەسەر خەرجییە گشتییەکاندا، دابینکردنی بەرنامەی پشتیوانی ئابووری بۆ ژنان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی کار و مەشق، جێبەجێکردنی جدیانەی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بە جۆرێک کە ڕوونی بەهێز بکات و کۆمەڵگە لە دەرئەنجامەکانی ئەم دیاردەیە بپارێزێت.