مەغریب... ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە گەیشتن بە مافەکانیان

ژنان لە مەغریب ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە پرۆسەی دادوەری بۆ ڕاپۆرتدانی ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- زۆرێک لە ژنانی مەغریب بە هەموو شێوەکانیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکیان هەڵیانبژاردووە کە بێدەنگ بمێننەوە و بەدوای ئەنجامدەرەکەدا نەڕۆن، هەروەها چەندین بەربەست ڕێگرییان لێدەکات بچنە ناو پڕۆسەی دادوەرییەوە، دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە مەغریب و بێدەنگی نزیکەی ٩٠%ی ژنانی قوربانیانی توندوتیژی، ڕێکخراوی "ژنان" کە کارەکانی تیشک دەخاتە سەر مافەکانی مرۆڤ بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاپۆرتێکیان ئامادە کرد لەسەر گرنگترین و باشترین کردارەکان بۆ چاودێریکردنی قوربانیانی توندوتیژی ژنان بۆ ئەوەی لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا بەکاریان بهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

"هانی ژنان نادرێت بۆ ڕاپۆرتدانی توندوتیژی سەریان"

سەعیدە کوزی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی "ژنان" ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی گەورە هەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کاتی ڕاپۆرتکدانی توندوتیژی دژیان، لەوانە خراپی دەستگەیشتن بە زانیاری پەیوەست بە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و ڕاپۆرتدان، هەروەها یاساکە بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە کە بەهۆی کەموکوڕییەکی زۆرەوە تێکچووە، چونکە یاساکە تیشک دەخاتە سەر توندکردنەوەی سزاکان، لە کاتێکدا زۆرینەی ژنان ڕاپۆرت نادەن، وتیشی: هیوادارین کاتێک ئەم یاسایە هەموار دەکرێتەوە، ئەو تێبینییانەی لە ڕاپۆرتەکەدا کراوە بەهادار بکرێن و لە یاسا نوێیەکەدا جێگیربکرێن.

 

سەعیدە کوزی ئەوەشی خستەڕوو، بەربەستی ڕاستەقینە هەیە کە ڕێگری دەکات لەوەی ئەو ژنانەی دەستدرێژیان کراوەتەسەر پشت بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە مەغریب ببەستن، ئەم بەربەستانە لە ئاستی زانیندا ڕەنگدانەوەیان هەیە، چونکە زۆربەی ژنان بە یاسا و ڕێوشوێنەکانی دوای خۆیان ئاشنا نین، سەرەڕای ئەوەش، کۆسپ هەیە لەسەر ئاستی ئەو کردارانەی کە لەناو دادگاکان و نەخۆشخانەکان یان بنکەکانی پۆلیسدا ئەنجام دەدرێن، ئەمەش هانی ژنان نادات بۆ ئەوەی بچن و ڕاپۆرتی توندوتیژی دژیان بدەن.

 

وتیشی: زۆربەی ژنان داوایان لێدەکرێت بەڵگە نیشان بدەن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام زۆربەی حاڵەتەکانی توندوتیژی شەوانە لەناو ماڵەکاندا ڕوودەدات، بۆیە زەحمەتە بۆ ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر بەڵگە پێشکەش بکەن، پێویستە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدرێت بۆ دۆزینەوەی بەڵگە، هەروەک هەرکاتێک ژنەکە سکاڵاکەی پێشکەش کرد، پێویستە ڕەچاوی بکرێت و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت بۆ سەلماندنی ئەو توندوتیژییەی لە دژی ئەنجام دراوە.

 

سەبارەت بە باشترین کردارەکان لە وەڵامدانەوەی دەسەڵاتدارانی گشتی بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان لە مەغریب، سەعیدە کوزی ئاماژەی بەوەدا کە نەخۆشخانەکان هەن کە دانیان بەوەدا نا ئاسانکارییان کردووە بۆ بەهێزکردنی ژنان بە بەڵگەنامە لە ماوەیەکی کورتتردا، ئەمەش وای لە هەندێک لە ژنان کرد بەردەوام بن لە پرۆسەی ڕاپۆرتدانی توندوتیژی و داوای بڵاوکردنەوەی ئەم کردارانە لە هەموو نەخۆشخانەکاندا.

 

داوای پاراستنی ژنان دەکرێت

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو داوای خێراکردنی چالاککردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستن کرد بەپێی یاسای ١٠٣/١٣ سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان، لەوانە لابردنی دەستدرێژکارەکان، دابینکردنی شوێنی سەلامەت و نزیک بۆ ژنان و ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکانی ڕاپۆرتکردن، هەروەها بەهێزکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستن بۆ ژنان و دابینکردنی پەناگەی بەپەلە لە کاتی پێویستدا.

 

یاسای ژمارە ١٠٣/١٣ لە ساڵی ٢٠١٨دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەو ژنانەی دەستدرێژییان لێکراوە و مسۆگەری یاسایییان دەداتێ لە ڕێگریکردن و پاراستن و سزادانی تاوانباران و چاودێری باشی قوربانیان.