مەغریب: لە نێوان دەقە یاساییەکان و بۆشایی لە پراکتیکی دادوەریدا
لە ساڵانی ڕابردوودا، مەغریب شایەتی چاکسازیی یاسایی بەرچاوی بە ئامانجی بەهێزکردنی مافەکانی ژنان بووە، بەڵام چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن: ئاڵەنگاری سەرەکی ئیتر نەبوونی دەقی یاسایی نییە، بەڵکو جێبەجێکردنیانە لە چوارچێوەی سیستەمی دادوەریدا.
حەنان حارت
مەغریب-دوای زیاتر لە دە ساڵ لە دەستووری ساڵی ٢٠١١ کە بنەماکانی یەکسانی و جیاکاری نەکردنی چەسپاندبوو، ئاڵەنگاری جێبەجێکردن لەناو دادگاکانی مەغریبدا بەردەوامە، لە نێوان چوارچێوەیەکی یاسایی کە بە تاڕادەیەک پێشکەوتوو پێناسە دەکرێت و سیستەمێکی دادوەری کە بە ناتەبایی دادەنرێت لە جێبەجێکردنیدا لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، کەلێنی نێوان دەقە یاساییەکان و بەکارهێنانی پراکتیکی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لە کەیسەکانی پەیوەست بە ژنان.
زانیارییەکانی تۆڕی ”إنجاد” دژی توندوتیژی ڕەگەزی و تۆڕی ژنان لە هاودەنگیدا، ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٢٨٩٨٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە یەک ساڵدا تۆمارکراوە، کە توندوتیژی دەروونی لە ٤٧٪ی پێکهێناوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە سەرەڕای بوونی چەندین میکانیزمی یاسایی و دامەزراوەیی.
بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، فشارە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، لەگەڵ ئاڵۆزیی و درێژیی ڕێکارە دادوەرییەکان، ڕەنگە هەندێک لە ژنان لە کەیسەکانی پەیوەست بە توندوتیژی بکشێنەوە یان وازیان لێبهێنن، کە ئەمەش لایەنێکی بۆشایی نێوان مسۆگەری یاسایی و ڕاستەقینەی ناو دادگاکان دەردەخات.
لەم چوارچێوەیەدا، کەنزە شەبیهی واحودی، پارێزەر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کێشەی بنەڕەتی ئەمڕۆ لە نەبوونی یاساکاندا نییە، بەڵکو لە کاریگەرییەکانیاندایە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی دادوەری ڕۆژانەدا.
بەڵام پێی وایە ئاڵەنگاری ڕاستەقینە لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدایە لە چوارچێوەی پراکتیکی دادوەریدا، بەو پێیەی کەلێنێک لە نێوان دەقەکە و جێبەجێکردنیدا لە ژمارەیەک کەیسدا بەردەوامە کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، مافەکانی ژنان لە مەغریب لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای دەستووری ساڵی ٢٠١١ کە بنەماکانی یەکسانی و جیاکاری نەکردنی ژنان و پیاوانی لە بواری کولتووری، سیاسی، ئابووری و یاساییدا بەهێزتر کردووە، ئەم چوارچێوە یاساییە، لە بنەڕەتدا، جیاکاری نەکردن دووپات دەکاتەوە، چ لە بڕگە نووسراوەکانیدا و چ لە جێبەجێکردنیدا لەناو دادگاکاندا.
هۆشیاری یاسایی وەک ڕێبازێک بۆ بەهێزکردن
کەنزە شەبیهی واحودی پێی وایە هۆشیاری یاسایی بەردی بناغەی پاراستنی ژنانە، بەهێزکردنی ژنان بۆ تێگەیشتن لە مافەکانیان و ئەرکەکانیان و میکانیزمە یاساییە بەردەستەکان توانایان بەهێز دەکات بۆ بڕیاردانی دروست و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان چ لەناو سیستەمی دادوەری و چ لە دەرەوەی سیستەمی دادوەری، وتی: هۆشیاری یاسایی توخمێکی سەرەکییە لەم بوارەدا، هەرچەندە ژنان زیاتر هۆشیار بن لە ماف و ئەرکەکانیان، زانیارییان هەبێت لەسەر میکانیزمە یاساییەکان، باشتر ئامڕازی پێویستیان بۆ بڕیاردانی یاسایی دروست و بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و مافەکانیان هەیە.
ئاماژە بەوە دەکات، کە پێکهاتەکان لەسەر ئاستی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی بەشدارییان کردووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان سەبارەت بەو مافانەی کە لە ڕووی یاساییەوە دەستەبەرکراون، لەوانەش بنەماکانی یەکسانی، کە لە بەرامبەردا، توانای بەشداریکردنیان بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ ڕێکارە یاساییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بەرز دەکاتەوە.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هۆشیاری یاسایی و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەیگێڕن لە پشتیوانیکردنی ژنان و بەهێزکردنیان بۆ تێگەیشتن لە مافەکانیان.
چاکسازی یاسایی و ئاڵەنگاری جێبەجێکردن
سەبارەت بە چاکسازییەکانی یاسادانان، ئاماژە بەوە دەکات، کە بەردەوامیدان بە چاکسازییە یاسایی و دامەزراوەییەکان هەروا پێویستە، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی مەشقی لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان لە سیستەمی دادوەریدا و گرتنەبەری ڕێبازێک کە تایبەتمەندییەکانی پرسەکانی ژنان لەبەرچاو بگرێت، دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروستی یاساکە لەم بوارەدا.
ڕوونیکردەوە، کە مەغریب لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی زنجیرەیەک چاکسازی بووە کە پەیوەندییان بە پرسەکانی ژنانەوە هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئەوان و بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی، بەڵام ئاڵەنگاری ڕاستەقینە چیتر تەنها پەیوەندی بە بوونی دەقی یاسادانانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کاریگەریی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیانەوە هەیە لەسەر زەوی، هەروەها توانای لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکانی سیستەمی دادوەری بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی ئەو پرسانە و چارەسەرکردنیان بە شێوەیەک کە مافەکانی ژنان مسۆگەر بکات و دادپەروەری بەدەستبهێنێت.
لە کۆتای قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو ئامۆژگارییە بنەڕەتییەی دەتوانرێت بدرێت بە ژنان، پێویستی ئاگاداربوونە لە هەردوو ماف و ئەرکە یاساییەکانی لە یەک کاتدا، چونکە ئەم هۆشیارییە دووانەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتیان پێدەدات بۆ بڕیاردانی یاسایی دروست و بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا.