ماددەی ٣٩٨ ڕزگارکەری پیاوان لە سزای دەستدرێژی
بەهۆی زیادبوونی تاوانی دەستدرێژی و دواتر ڕزگاربوونی تاوانبار لە سزا بە بیانووی هاوسەرگیری، ڕێکخراوێک هەڵمەتێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٣٩٨ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگەیاندووە، پارێزەرێکیش ئەوە دەخاتەڕوو لەو ماددەیەدا هیچ گرنگی بە دەروونی تاوانلێکراو نەدراوە و لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە.
تەرزە تەها
سلێمانی- دەروازەی نۆیەم لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ باس لە پێشێلکردنی ڕەوشت و ئاکارە گشتییەکانی کۆمەڵگا دەکات، تایبەتە بە تاوانی دەستدرێژی، لە ماددەی ٣٩٣ تا ٣٩٨ سزاکانی ئەم تاوانە دانراوە.
سزای ناو ئەم ماددە یاساییانە بەپێی تەمەن، چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە، دەرئەنجام، کاریگەری و پەیوەندی ئەو تاوانبار و تاوانلێکراو دەگۆڕێت، کەمترین سزا حەوت ساڵ زیندانییە و زۆرترینیش زیندانی هەتا هەتاییە، بەڵام لە ماددەی ٣٩٨ بیانووی هاوسەرگیری لەنێوان تاوانبار و تاوانلێکراو وەک دەرچەیەکی یاسایی بۆ ڕزگاربوونی تاوانبار لە سزاکە دانراوە.
دەقی ماددەی ٣٩٨: ئەگەر گرێبەستی هاوسەرگیری بەسترا لە نێوان ئەوەی تاوانەکەی کردووە و ئەوەی تاوانەکەی لەسەرکراوە لە یەکێک لەو تاوانانەی کە لە بەشەدا هاتوون، ئەوا ئەو گرێبەستە بە بیانوویەکی یاسایی دادەنرێ بۆ سوککردنی سزا بە مەبەستی پیادەکردنی حوکمی ماددەکانی ١٣٠ و ١٣١ لە یاسای سزاکان، ئەگەر گرێبەستی هاوسەرگیری کۆتایی پێهات بە هۆکاری ناڕەوا لەلایەن پیاوەکەوە یان دادگا حوکمیدا بە جیابوونەوە بەهۆی هەڵە یان ڕەفتاری خراپی پەیوەندیدان بە پیاوەکەوە و ئەوەیش پێش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ئەو حوکمەی کە لە داواکەدا دەرچووە، سەرلەنوێ لەسەر داخوازی داواکاری گشتی یان تاوانلێکراو یان هەر کەسێ کە خاوەنی بەرژەوەندی بێت دووبارە چاو بە سزاکەدا دەگێڕنەوە بۆ توندکردنی سزاکە.
گرنگی بە تاوانلێکراو نادرێت
لەم ماددە یاساییەدا هیچ گرنگییەک بە دۆخی دەروونی تاوانلێکراو نەدراوە، وەک وەهبیە زرار، پارێزەری ڕاوێژکار ئاماژەی بۆ دەکات ئەم ماددە یاساییە لە پێشتردا وەک چارەسەرێکی یاسایی گونجاو بووە، بەڵام لە ئێستادا گونجاو نییە، بەڵکو دەرچەیەکە بۆ ڕزگاربوونی تاوانبار و بەهانەیەکە بۆ سوککردنی سزاکە.
وەهبیە زرار ئەوە دەخاتەڕوو، کە ئەو ماددە یاساییە نا دادپەروەری و نامرۆڤانەیە، دەیانەویت بە کۆمەڵگا بڵێن کە ئەم چارەسەرییە زۆر نەشیاوە، "یاساکان دەبێت هاوتەریب بن لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ، کەواتە ئەم گۆڕانکارییانە هەر دێن، ئێمە پێمان باشە کە ئەم ماددانە نەمێنن".
لەم چوار چێوەیەدا ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی جەندەر هەڵمەتێکی بە ناوی "هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٣٩٨ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١ی ساڵی ١٩٦٩" ڕاگەیاندووە، لە هەفتەی ڕابردوودا لە شاری هەولێر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەنجومەنی باڵای خانمان کۆبوونەتەوە، بڕیارە لە شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
داواکاری هەڵوەشاندنەوەی یاساکە هەیە
لەم چوار چێوەیەشدا لە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە ئوتێل داوا لە شاری سلیمانی لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراو کۆبوونەوە بۆچوونەکانی ئەوان بە هەند وەرگیران.
ڕەمزیە عەبدوڵا، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و جەندەر باس لەوە دەکات، کە ئەوان دەیانەوێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو یاسایە تەواو هەڵبوەشێننەوە، چونکە تێیدا هیچ ڕەچاوی دۆخی دەروونی ئەو ژنەی تێدا نەکراوە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر.
وەک ئەو باسی دەکات، پێشتر کاریان بۆ هەڵووەشاندنەوەی ماددە یاساییەکان کردووە، کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت، چۆن دەکرێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکرێت کە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەنجام دابێت، وەک ئەوەیە ڕۆژانە ئەو تاوانە دووبارە ببێتەوە.
ئاشکراشی دەکات، لە ماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین کەیسی لەو شێوەیە هاتووەتە بەردەستیان، بۆیە بە هەندی دەزانن کە ئەو ماددە یاساییە هەڵبوەشێننەوە، تا ئەو ماددەیە لەلایەن تاوانبارانەوە وەک ڕزگارکەرێک بەکارنەهێندرێت.
ت.پ