لە پشت شاشەی مۆبایلەوە ژنان چۆن ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئازاردان دەبنەوە؟
ژنان لەڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕووبەرووی توندوتیژی زارەکی دەبنەوە کە بە قسەی نەشیاو تا هەڕەشەکردن دەستپیدەکات، پارێزەر ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت: دەبێت ژنان لە سکاڵا کردن نەترسن و تاوانباران سزا بدرێن.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی-لەگەڵ فراوانبوونی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنانیش بووەتە یەکێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان کە ژمارەیەک لە ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشە سووکایەتی، جنێودان، باڵوکردنەوەی زانیاری و نهێنییە کەسییەکان و شێوازە جیاوازەکانی ئازاردان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بە پێی یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨، مادەی دوو، بەکارهێنانی خراپی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ هەڕەشەکردن و سووکایەتی و پێشێلکردنی تایبەتمەندییە کەسییەکان سزا دەدرێت بەندکردن لە شەش مانگ تا پێنج ساڵ و سزای دارایی، یان یەکێک لەو دوو سزایە، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەم چوارچێوە یاساییەدا، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ژنان بە تەواوی لە مافە یاساییەکانیان ئاگادارن؟ ئەگەر ئاگادارن، چی وایان لێدەکات لە تۆمارکردنی سکاڵا دوودڵ بن و لەبەرامبەر ئەم جۆرە توندوتیژییەدا بێدەنگ بمێننەوە؟
توندوتیژی ئەلیکترۆنی تەنها بە هەڕەشەکردن یان جنێودان کۆتایی نایەت، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی تایبەتمەندی، تێکدانی ئارامی دەروونی و زیانگەیاندن بە ژیان و کەرامەتی ژنان. لە کاتێکدا یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ ڕێکاری سزایی بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دیاری کردووە، هێشتا چەندین پرسیاری گرنگ لەبارەی هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتیی ژنان، متمانە بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و ئاستی پاراستنی قوربانیان هەیە،ترس لە شەرمەزارکردن، تۆمەتبارکردنی قوربانی، فشاری خێزان و کۆمەڵگا و نەبوونی متمانە بە ئەنجامی سکاڵاکردن، دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی ژنان بێدەنگ بمێننەوە، بۆیە تەنها بوونی یاسا بەس نییە؛ بەڵکو پێویستە ژنان مافەکانیان بناسن، قوربانیان پشتگیری بکرێن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیش بە شێوەیەکی جدی و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکانیان بکەن ، ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و چالاکوان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"دەبێت ژنان بەبێ ترس سکاڵا تۆمار بکەن"
ڕێزان شێخ دڵێر ئاماژەی بەوە کرد هۆشیاری یاسایی لای ژنان یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەڵام بە تەنها هۆشیارکردنەوە ناتوانێت ئەم دیاردەیە کۆتایی پێبهێنێت، ژنان، چ لە ناو خێزان و چ لە دەرەوەی خێزان، دەبێت مافی یاسایی خۆیان بناسن و بتوانن بەبێ ترس سکاڵا تۆمار بکەن، هەرچەندە لە ڕێگەی دامەزراوە حکومییەکان، ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوە دەدرێت، بەڵام هێشتا ئەم هۆشیارییە بە شێوەیەکی پێویست نەگەیشتووەتە هەموو ژنان. لە هەمان کاتدا، درێژخایەنبوونی پرۆسەی تۆمارکردنی سکاڵا، وەرگرتنی شایەتی و هەندێک ڕەفتاری نادروستی لەگەڵ ژنانی قوربانی، دەبنە هۆی ئەوەی ژنان لە تۆمارکردنی سکاڵا دوودڵ بن،وتی، لە هەندێک حاڵەتدا ژن کاتێک بڕیار دەدات سکاڵا تۆمار بکات، پشتگیریی پێویستی لە خێزانەکەی وەردەگرێت، بەڵام هەندێک خێزان ڕێگری لەوە دەکەن کە ژنەکە مافی یاسایی خۆی بەکاربهێنێت.
" هۆشیاریی یاسایی لای ژنان زۆر گرنگە"
باسی لە ماددەی دووی پەیوەندیدار بە توندوتیژیی ئەلیکترۆنی کردو ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و دادوەری توانای تەکنیکییان هەیە، بەڵام لە کاتی توندوتیژی ناوخێزانی، گواستنەوەی دۆسیە لەنێوان دەزگا جیاوازەکان و کەمی ئامێر و توانای تەکنیکی لە هەندێک دامەزراوەدا، کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوونی سکاڵاکان، دادەنێت، پاراستنی ژنان تەنها بە دانانی یاسا و هۆشیارکردنەوە تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە جێبەجێکردنی کاریگەر، خێراکردنی پرۆسەی سکاڵا، پشتگیریی خێزان و دامەزراوەکان و دڵنیابوون لە ماف و ئاسایشی ژنانی قوربانی هەیە، هۆشیاریی یاسایی لای ژنان زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر ژنێک ئەمڕۆ سکاڵایەک تۆمار بکات، ئەو سکاڵایە لە ڕێگەی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانەوە بە خێرایی دەگاتە دادگا و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە زۆرێک لە ژنان بەهۆی نەبوونی زانیاری و شارەزایی لە یاسادا، نازانن چۆن مافەکانیان بپارێزن و لە کوێوە دەست بە تۆمارکردنی سکاڵا بکەن،بەداخەوە، هەندێک جار تەنانەت ژنانی چالاک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش بە تەواوی لە یاسا و میکانیزمەکانی پاراستنی مافی ژنان ئاگادار نین، لە کاتێکدا هێڵی گەرمی و ڕێگای پەیوەندیکردن و سکاڵاکردن بۆ ئەم مەبەستە دانراون و ئەگەر ژنێک بتوانێت بە شێوەیەکی دروست سوود لەم ڕێکارانە وەربگرێت، سکاڵاکەی بە خێرایی دەگاتە لایەنی یاسایی و دادوەری، هۆکارێکی دیکەی گرنگ، نەبوونی توانای دارایی، نەزانینی ڕێکارە یاساییەکان و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵایەتییە، ئەمەش وای لە هەندێک ژن دکردووە لە نیوەی ڕێگادا لە سکاڵاکەیان پەشیمان ببنەوە و مافەکانی خۆیان داوا نەکەن.
"ژنان لەبەر خێزان بەرگەی توندوتیژی دەگرن "
ڕێزان شێخ دلێر وتیشی: زۆرێک لە ژنان، بە تایبەتی لە ناو خێزاندا، هەوڵ دەدەن خێزانەکەیان لە یەک نەڕووخێت، چونکە خێزان لای ئەوان شوێن و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە تەنانەت ئەگەر ژنێک ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە، زۆرجار هەوڵ دەدات بەرگەی بارودۆخەکە بگرێت و چارەسەری ناوخێزانی بدۆزێتەوە، تا ئەو کاتەی هیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ چارەسەر نامێنێت و ناچار دەبێت پەنا بۆ سکاڵاکردن ببات،هەروەها یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم ژنان، نەبوونی شایەتییە لە هەندێک کەیسی توندوتیژیدا، بە تایبەتی ئەو کێشانەی لە نێوان ژن و هاوژینەکانیاندا لە ناو ماڵدا ڕوودەدەن و کەسانی دیکە ئاگادارییان لێ نییە. ئەمەش دەتوانێت پرۆسەی داواکردنی مافەکانیان قورستر بکات، هەندێک ژنیش لەوە دەترسن کە ئەگەر پەنا بۆ دادگا ببەن، دووبارە لەگەڵ هاوژین یان ئەندامانی خێزانەکەیاندا ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە، یان پەیوەندیی خێزانی زیاتر ئاڵۆز ببێت. بەڵام پێویستە ژنان بزانن کە پەنا بردن بۆ دامەزراوە یاساییەکان تەنها بۆ سزادان نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ماف و دۆزینەوەی چارەسەری دروستیشە،لە هەمان کاتدا، دامەزراوە و لیژنەکانی ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن، بە مەرجێک ماف و سەلامەتیی ژن بپارێزرێت و هیچ ژنێک ناچار نەکرێت بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخێکی توندوتیژی. بۆیە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و کۆمەڵایەتی، ناساندنی ڕێگاکانی سکاڵاکردن و ئاشناکردنی ژنان بە مافەکانیان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هیچ ژنێک بەهۆی نەزانینی یاسا یان ترسەوە مافەکانی خۆی لەدەست نەدات.
" بێدەنگبوون و نەکردنی سکاڵا لەوانەیە کێشەکە قووڵتر بکات"
ئەوەیخستەڕوو، هێڵە گەرمەکانی ١٠٦، ١٠٤ و ١١٩ هێڵی فریاکەوتنن و بەبێ پێویست بە تۆمارکردنی سکاڵای پێشوەختە، لە کاتی پەیوەندیکردنی هاوڵاتیاندا، بە زووترین کات هەوڵی فریاکەوتنیان دەدرێت. بەڵام پێویستە هاوڵاتیان هۆشیارییان هەبێت و تەنها لە کاتێکدا پەیوەندی بەو هێڵانەوە بکەن کە بەڕاستی بارودۆخەکە پێویستی بە فریاکەوتن هەبێت، چونکە هەندێکجار کەسانێک لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا نین کە پێویستی بە فریاکەوتنی خێرا هەبێت، بەڵام پەیوەندی دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرقاڵبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و تێکەڵبوونی زانیاریی ڕاست و هەڵە، بە گشتی ئەم هێڵانە بۆ فریاکەوتنی ئەو کەسانە دانراون کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. ئەگەر کەسێک لەڕێگەی مۆبایلەوە هەڕەشەی لێ بکرێت، داوای پارەی لێ بکرێت یان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی زانیاری و شتی تایبەتی لێ بکرێت، پێویستە لە یەکەم هەنگاودا سکاڵا تۆمار بکات و بەردەوام بێت لە ڕێکاری یاسایی، چونکە بێدەنگبوون و نەکردنی سکاڵا لەوانەیە کێشەکە قووڵتر بکات و تەنانەت ببێتە هۆی ئەوەی قوربانییەکە ناچار بێت پارە بدات یان بۆ دابینکردنی پارە پەنا بۆ کەسانی تر ببات،لەبەر ئەوە، پێویستە ژنان و هەموو ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە، بێ ترس و دوودڵی سکاڵا لە بنکەکانی پۆلیس و دادگا تۆمار بکەن، چونکە تۆمارکردنی سکاڵا یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پاراستنی ماف و دەستگیرکردنی تاوانباران.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی پێشکەوتنی ئامێرو تەکنەلۆژیای لێکۆڵینەوە لە دەزگا ئەمنییەکاندا، شوێنکەوتن و ناسینەوەی ئەو کەسانەی هەڕەشەو تاوان ئەنجام دەدەن ئاسانتر بووە، تەنانەت لە هەندێک دۆخدا کە مۆبایلەکەیان داخراوە، لێکۆڵینەوەی تەکنیکی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە زانیاریی پێویست و دۆزینەوەیان، پەیامی سەرەکی: بێدەنگ مەبن، هەڕەشە تاوانە و تۆمارکردنی سکاڵا هەنگاوێکە بۆ پاراستنی خۆتان و کۆمەڵگە.
ڕیزان شێخ دلێر لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک خێزانێک بڕیار دەدات سکاڵا تۆمار بکات، ئەو کاتە پێویستە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، لە بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی خێزاندا، شوێنی تایبەت بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان تەرخان کراوە، کە تێیدا ژن و پیاو بەیەکەوە دادەنیشێندرێن و هەوڵ دەدرێت ئاستی کێشەکانیان بزانرێت و بەپێی بارودۆخەکە ڕێگەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی بدۆزرێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە هاوڵاتیان هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتییان هەبێت و بزانن کە هەموو کێشە خێزانییەکان بە ناوبژیوانی و لایەنگری کەسوکار چارەسەر نابن، چونکە زۆرجار خێزانەکان بەهۆی لایەنگریی دایک و باوک و کەسوکاری هەردوو لاوە، ناتوانن چارەسەرێکی دادپەروەرانە بدۆزنەوە، باشترە هاوژینەکان سەردانی ناوەندەکانی ڕاوێژی خێزانی بکەن و ڕاوێژ و ڕێنمایی وەربگرن، بەڵام کاتێک توندوتیژیی جەستەیی یان دەروونی ڕوودەدات، لێدان، بێڕێزی بەرامبەر بە کەسێک ئەنجام دەدرێت، ئەوا تۆمارکردنی سکاڵا و پەنا بردنە بەر یاسا مافێکی ڕەوایە و پێویستە بۆ پاراستنی ماف و پارێزراوی تاکەکان بەکاربهێنرێت، هەروەها هیوادارم هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بە هاوبەشی و بەردەوامی ڕۆڵیان لە هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاواندا هەبێت، بۆ ئەوەی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگەدا کەم بکرێتەوە و ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەتی یەکتر ببێتە بنەمای ژیان.