بەهێزکردنی تواناسازی سیاسی وەک دەروازەیەک بۆ بونیادنانی یەکڕیزیی ژنانی فەڵەستینی
نەهلا ئەخرسی: بونیادنانی یەکڕیزییەکی یەکگرتووی ژنان بووەتە پێویستییەکی بەپەلە لە سایەی جەنگدا، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی توانای سیاسی، ئابووری و یاسایی، پەرەپێدانی تۆڕەکانی پشتگیری کە توانای پاراستنی ژنان و بەرەوپێشبردنی ڕۆڵیان هەبێت لە ڕووبەڕبوونەوەدا
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە ـ بونیادنانی یەکڕیزیی ژنان لەسەر ئاستی فەڵەستین بە یەکێک لە بابەتە بنەڕەتییەکان دەژمێردرێت کە بایەخێکی زیاتری پێ دەدرێت لە سایەی ئەو دۆخە نائاساییەی کە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە پێیدا تێپەڕ دەبن، بەڵام دۆخی سیاسی و ئەمنیی ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە کۆسپ لەبەردەم هەوڵەکانی یەکخستنی بزووتنەوەی ژنان و خستنەسەر کارنامەی گفتوگۆ و کاری هاوبەش بۆ پرسە بنەڕەتییەکانی ژنان دروست دەکات، لە سایەی ئەم ئاستەنگانەدا، پرسیارێک سەرهەڵدەدات سەبارەت بە ئەگەری بونیادنانی ئەم یەکڕیزییە لە قۆناغی ئێستادا، ئەو نزیکبوونەوە ژنان کە دەکرێت بخرێنەڕوو بۆ بەهێزکردنی و وەڵامدانەوەی پێشەنگییەکانی ژنانی فەڵەستینی.
نەهلا ئەخرسی، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری یەکێتی لیژنەکانی ژنان، دەبینێت کە ژنان بە پایەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی بەرهەمهێنان لە ناو کۆمەڵگەکاندا دادەنرێن، بەشدارن لە ڕۆڵێکی تەوەری لە بەدیهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیری تیایدا، وتی: ئاستی بەرهەمهێنانی هەر کۆمەڵگەیەک تا ڕادەیەکی زۆر بەپێی توانای ژنانی بۆ بەشداریکردن و بەخشین هەڵدەسەنگێندرێت، هەروەها باس کردن لە یەکڕیزییەکی کاریگەری ژنان پێویستی بە تیشکخستنەسەر بوونی ئامانجێکی هاوبەش هەیە کە ژنان کۆبکاتەوە، بەدوور لە جیاوازییە هزری، سیاسی یان جوگرافییەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی گفتوگۆ لەنێوانیاندا، ڕەخساندنی بۆشاییەک بۆ گوێگرتن لە بۆچوونە جیاوازەکان و ئاڵوگۆڕکردنی ڕوانگەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە پرسە هاوبەشەکان بکات، لەگەڵ چەسپاندنی تواناسازیی سیاسی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا، ئامادەکردنی ئەو کادرانەی خاوەن توانای داهێنان و کارکردن لە ناوەندەکانی بڕیارداندا.
ئاماژەی بە بونیادنانی تۆڕەکانی هاوکاریی ژنان کە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە بە یەکەوە ببەستنەوە پێویستە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییە بەپەلەکان وەک پەروەردە، پاراستن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە جۆرێک کە بنەمای پێویست بۆ هەستان بە یەکڕیزییەکی یەکگرتووی ژنان پێکبهێنێت، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، ئاوارەبوون لە کەناری ڕۆژئاوا، بوونی یەکڕیزییەکی یەکگرتووی ژنانی فەڵەستینی بووەتە شتێکی گرنگ کە کار بۆ پێشخستنی ژنان دەکات لە هەموو بوارە دەروونی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بۆ بەهێزکردن و کارپێکردنی و نۆژەنکردنەوەی تواناکانیان، وتی: ژنان لە دۆخێکی پەرتەوازەی بەردەوامدابوون، بۆیە یەکخستنیان و بەهێزکردنی تواناکانیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بارگرانییەکانیان کەم دەکاتەوە و لەو دۆخە سەختە هەڵیان دەستێنێتەوە کە پێویستی بە بونیادنانی جەستەیەکی ژنانی تەواو هەیە.
ڕوونیکردەوە، دەرکەوت کە پەروەردەکردنی ژنان و پشتگیریکردنیان بە کادرێکی سەرکردەی ئازادی ژنان کە توانای گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیاردانی هەبێت، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و فشارخستنە سەر زۆرێک لەو یاسایانەی کە دادپەروەری بۆ ژنان دابین ناکەن و مافی تەواویان پێ نادەن، بەتایبەت لە سایەی نەریت و دابونەریتی زۆردار و کۆنترۆڵی سیستەمی خێڵەکی لە دوای جەنگ لە کەرتەکەدا، کەواتە بوونی لایەنێکی فشارخستنەسەر لەلایەن ژنانەوە دەبێتە هۆی گەیشتن بەو ئامانجەی کە ئەو یەکڕیزیەی ژنان هەوڵی بۆ دەدات، بوونی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دەبێتە هۆی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، چونکە لە هەندێک دۆخدا ژنان نایانەوێت باسی دۆخی تایبەتییان بۆ پیاوێک بکەن یان لەوانەیە متمانەیان پێ نەبێت، کاتێک ژنێک هەیە ئەوا گفتوگۆ دەکات بەتایبەت لە کێشە هەستیارەکان وەک جیابوونەوە و هاوسەرگیریی پێشوەختە و لێکەوتەکانی، هەروەها نموونەی هێنایەوە بە بوونی ژنێکی زۆر لە پرسەکانی جیابوونەوە و سەرپەرشتی کردن لە غەززە کە هێشتا ناڕەزایی دەردەبڕن تاوەکو مافی خۆیان لە نفقە وەربگرن یان چاوپێکەوتنی منداڵەکانیان کە باوکەکە چەندین ساڵە لە بینینی بێبەشی کردوون بەهۆی نەبوونی لایەنێکی جێبەجێکارەوە.
ژنانی فەڵەستینی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە لە بونیادنانی یەکڕیزییەکی ژناندا، دیارترینیان دووبەرەکی جوگرافی و سیاسییە لەنێوان کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا و ئەو نەرێنییانەی کە لێی کەوتوونەتەوە و کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ژنان هەیە، سەرەڕای دۆخی هەژاری، گەمارۆ و بارودۆخە ئابوورییە سەختەکان کە کەرتەکە لە دوای جەنگەوە تێیدا دەژی، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانیان بەتایبەت لەسەر ژنان دەردەکەون کە بارگرانییەکانیان لە سایەی سنوورداربوونی سەرچاوەکان، کەمی پشتگیری بۆ پڕۆژە پشتگیریکەرەکان، کەمی دامەزراوەکانی ژنان زیادی کردووە، تا دەگاتە ئەوەی کە، پچڕانی پەیوەندی نێوان دامەزراوەکانی کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە، ئاوارەبوونی زۆرەملێی بەردەوام لەلایەن ئیسڕائیلەوە و بڕینی سەرچاوەی دارایی بۆ یەکەی ژنان، هەماهەنگی نێوان ژنانی کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوای کردە کارێکی سەخت، دەکرێت چەند نزیکبوونەوەیەک پێشکەش بکرێن بۆ بونیادنانی یەکڕیزییەکی ژنان لەوانە هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی ژنان هەردوو پارچەکەی نیشتمان، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژە تایبەتەکان بە ژنان و زیادکردنی تواناسازیی ئابووری.
لە کۆتایی قسەکانیدا نەهلا ئەخرسی وتی: ناتوانرێت چاوپۆشی لە تواناسازیی یاسایی بکرێت کە ڕێگە بە ژنان دەدات بگەنە ناوەندەکانی تواناسازی و بڕیاردان بە ئامانجی گۆڕینی ئەو دۆخەی کە تێیدا دەژین، هەروەها گرنگە بەکارهێنانی سەکۆ دیجیتالییەکان و دروستکردنی چەندین هەڵمەتی دیجیتالی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکە، لە سایەی ئەوەی پێشتر باس کرا دەکرێت دەست بە بونیادنانی یەکڕیزییەکی ژنان بکرێت لە ڕێگەی متمانەی ژن بەخۆی و ڕۆشنبیری و زانست و پشتگیری و گۆڕینی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە.