لە نێوان سانسۆر و مەترسییەکانی ململانێدا ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودانی داوای پاراستنی پیشەکەیان دەکەن

ژنانی ڕۆژنامەنوسی سودانی داوای دابینکردنی ژینگەیەکی ڕۆژنامەوانی ئازادترو هەڵگرتنی ئەو سانسۆرانەیان کرد کە بەسەر کارمەندانی بوارەکەدا سەپێندراون، بە شێوەیەک کە ڕێگەیان پێبدات پیشەکەیان پەیڕەو بکەن و کێشەکانی هاوڵاتیان بە پیشەیی و ڕوونییەوە بگوازنەوە.

ئایە ئیبراهيم

 

سودان - دۆسیەی دەستبەسەرکردنی عائیشە ماجدی، ڕۆژنامەنووس و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، کاردانەوەکانی سەبارەت بە ڕاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سودان و بەتایبەتی ئەو سنووردارکردن و مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبنەوە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا هەڵگیرساندەوە.

 

ڕووداوەکە دوای ئەوە ڕوویدا کە عائیشە ئەلمەجیدی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی کرد و ڕەخنەی لە حکومەت گرت لەسەر ئەوەی کە بە بەردەوامی تێکچوونی دۆخی ئابووری وەسفی کرد و هۆشداریشی دا لە کاردانەوەکانی قەیرانی تێچووی ژیان لەسەر هاووڵاتیان.

 

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دیمەنێکی میدیایی زۆر ئاڵۆزە، بەهۆی ململانێی بەردەوامی سودان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا سەپێنراوە، کە سێبەری بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا کردووە، بە ڕۆژنامەگەریشەوە.

 

ڕۆژنامەنووسان، چ ژن و پیاو، خۆیان بینیوە کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زیاتر دەبنەوە، لە دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکانەوە تا هەراسانکردن و بە سەختی دەستڕاگەیشتن بە ناوچەکانی ململانێ و زانیاری.

 

جەیدا ساحب، ڕۆژنامەنووس پێی وایە، کە ژنە ڕۆژنامەنووسانی سودان بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆیان لە گەیاندنی دەنگی هاوڵاتی، سەرەڕای ئەو مەترسیانەی کە لە دەوری کارەکانیاندا بوون، هەرەەها ڕۆژنامەگەری پابەندە بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و ڕۆشنایی خستنە سەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

 

وتیشی: یاسا هەیە کە بڕیارە ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت، بەڵام ئەو بارودۆخە ناوازەیەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، جێبەجێکردنیان سنووردار کردووە، داوای جێبەجێکردنی کاریگەرانەیان دەکات بۆ پاراستنی ژنە ڕۆژنامەنووسان لە دەستبەسەرکردن و هەراسانکردن.

 

لە هەمان کاتدا داوای هەستیاری بە دۆخی ئێستای وڵات کرد لە کاتی چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکاندا، جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ڕۆژنامەنووسان بە بەرپرسیارێتی پیشەیی و دڵنیابوون لەوەی کە نووسین و ڕووماڵەکانیان نەبنە هۆکارێک کە سووتەمەنی گرژی و دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەدا توندتر بکات.

 

ئازادی ڕۆژنامەگەری... دەنگی هاوڵاتی

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سودان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە شایەتی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژینگەیەکی ئەمنی و سیاسی زۆر ئاڵۆزە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانای ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەکان هەبووە بۆ ئەوەی بە ئازادی کاربکەن و دەستیان بە زانیاری بگات.

 

مەترسییەکان تەنها لە گرتن و دەستبەسەرکردندا سنووردار نەبوون، بەڵکو هەڕەشە و هەراسانکردنیشیان لەخۆ گرتووە، لەگەڵ سنووردارکردنی هاتووچۆ و سەختی گەیشتن بە ناوچە جێناکۆکەکان، ئەمەش وایکردووە کاری ڕۆژنامەوانی مەترسیدارتر و تێچووی زۆرتر بێت.

 

نەسرین عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس دووپاتیکردەوە، کە ڕۆژنامەگەری نوێنەرایەتی "دەسەڵاتی چوارەم" دەکات، هەروەها بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووس تەنها لە ڕاپۆرتکردنی هەواڵەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هاندانی گفتوگۆی گشتی و ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکان و ئاگادارکردنەوەی بەرپرسان لە کەموکوڕیەکان بە مەبەستی هێنانەدی چاکسازی.

 

وتیشی: ئازادی ڕۆژنامەگەری پێویستییەکە نەک خۆشگوزەرانی، چونکە نوێنەرایەتی دەنگی هاوڵاتیان دەکات و ئازار و پرسەکانیان دەگەیەنێت، هەروەها دەستبەسەرکردنی ژنە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانیان یان دەربڕینی بۆچوونەکانیان پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانیان پێکدەهێنێت.

 

نەسرین عەبدوڵا هیوادارە کە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان شوێنی زیاتریان پێ بدرێت بۆ کارکردن، بەمەش بتوانن دەستیان پێ بگات و ڕۆشنایی بخەنە سەر پرسە جیاوازەکان بەبێ ترس و سنووردارکردن کە ڕێگرییان لێ بکات لە جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژنامەوانی خۆیان.

 

ڕۆژنامەگەری لە بەرامبەر ململانێدا

سەرەڕای پەرەسەندنی مەترسییەکان و ئاستەنگەکانی کارکردن لە نێوان ململانێیە بەردەوامەکاندا، میدیاکانی سودان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی ڕۆڵییان لە ڕاپۆرتکردن لەسەر پێکهاتەکانی ململانێکان، بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان، تیشک خستنە سەر ئازارەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکان و ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ململانێکانەوە، ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە سەپێنراون.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ئامینە محەمەد. ڕۆژنامەنوس جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە فرەلایەنە دەکاتەوە کە ژنانی سودان لە کاتی ململانێکاندا بینیویانە، ئاماژە بە گرنگی دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون بۆ مسۆگەریکردنی پاراستنی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا دەکات.

 

ئەو باس لەوە دەکات کە ژنە ڕۆژنامەنووسان پابەندن بە یاساکانی ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی، هەروەها پاراستنی ماف و کەرامەتیان پێویستی بە میکانیزمی ڕوون هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر پێشێلکارییەک، دوورکەوتنەوە لە پەنابردنی ڕاستەوخۆ بۆ دەستبەسەرکردن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لەم دواییانەدا زیاتر بەرچاو کەوتوون، داوای ئەوە دەکەن کە دەستبەسەرکردنیان دوا ڕێگا بێت، پێش ئەو حاڵەتانەی کە مسۆگەری کراوە، ڕێکاری پیشەیی وەک هۆشداری یان ڕێنمایی، نەک ڕاستەوخۆ پەنا بۆ سنووردارکردنی ئازادی ببات.

 

ژینگەیەکی پارێزراو پێویستە بۆ بەردەوامیی ڕۆژنامەگەری

توانای چاپەمەنی سودان بۆ بەجێگەیاندنی ڕۆڵی خۆی بەندە بە بەردەستبوونی ژینگەیەکی پارێزراو و سەربەخۆ کە پیشەییەکانی میدیا بپارێزێت و مافی دەستڕاگەیشتن و دەربڕینی زانیارییان مسۆگەری بکات، چاودێران پێیان وایە کۆتاییهێنان بەو ململانێیە گرنگترین هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی ژینگەیەکی سەقامگیری ڕۆژنامەوانی، بەڵام پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە مسۆگەری ئازادی ڕادەربڕین دەکەن و دڵنیابوون لەوەی کە دەستبەسەرکردن بۆ سنووردارکردنی کاری ڕۆژنامەوانی بەکارنەهێنرێت، وەک داواکارییەکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە کە ناتوانرێت لە هیچ ڕێگایەک جیابکرێتەوە بۆ بونیادنانی میدیایەکی سەربەخۆ.

 

لە کاتێکدا کە ململانێکان بەردەوامەو پانتایی کردەوەی گشتی بچووک دەبێتەوە، ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودان بەردەوامن لە بەرزڕاگرتنی ڕۆڵییان لە گەیاندنی دەنگی هاوڵاتی و بەڵگەنامەکردنی ئەوەی کە لەسەر زەوی ڕوودەدەن، لە کاتێکدا کە ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی کرێکارانی ڕاگەیاندن خەریکە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی تا چەند ڕێز لە ماف و ئازادییەکان لەو وڵاتەدا دەگیرێت.