لە نێوان هۆڵەکانی دادگا و بارگرانی خەرجییەکان مافی نەفەقە لەدەست دەچێت
ئەو سەختییەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، پرسیار سەبارەت بە وەرگرتن و وەڵامدانەوەی سکاڵاکانیان لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە دەوروژێنێت، لە نێوان هۆڵەکانی دادگا و بارگرانی خەرجییەکان، مافەکانیان ولەدەست دەچێت.
ڕەجا خەیرات
مەغریب – زۆر بەربەست ڕێگرن لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ژنان، لەوانە هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، هەستکردن بە بێڕێزیکردن و شەرمەزاری، ترس و هەژاری، لە پێشەنگی ئەم هۆکارانەدا، لاوازی ئابووری، کەلێنی یاسایی، ڕێکارە ئاڵۆزەکان و ناتەواوی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی و هاوکاری بۆ ئەم ژنانە دەمێننەوە.
ڕاستت کەموکوڕی و لاوازی لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسی و دامەزراوەیی لە مەغریبدا ئاشکرا دەکات کە وەڵامدانەوەی سکاڵاکانی ژنان بەڕێوەدەبات، ئەمەش نەبوونی پارێزگارییەکی گونجاو بۆ ژنان و منداڵەکانیان دەگرێتەوە، بەتایبەتی کاتێک هاوژینەکان ڕەتیدەکەنەوە بژێوی خێزانەکەیان دابین بکەن.
”لاوازی ئابووری”
”س.ف.”، تەمەن ٣٠ ساڵ، کە خەڵکی ناوچەی سیتی فازمە ”٧٠ کیلۆمەتر لە مەراکشەوە دوورە”، ڕایگەیاندووە، ئیتر ئارەزووی ئەوە ناکات بەدوای ئەو داوایەدا بڕوا کە دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی بۆ وەرگرتنی پارەی نەفەقە تۆماری کردبوو، چونکە بەهۆی سەختی دارایی و ئەو خەرجییە سەختانەی کە داواکە داوای دەکرد، دەستی لە دۆخەکە کێشاووەتەوە.
ئەم ژنە کە لە ناوچەیەکی دوورەدەستی گوندنشینەوە گەشتێکی کردووە بۆ مەراکش، بۆ ئەوەی لەگەڵ پارێزەرێک کۆببێتەوە کە بەکرێی گرتبووی و بتوانێت نەفەقە داوا بکات، دوای ئەوەی لە هاوژینەەکەی جیابووەوە کە سێ منداڵی بەجێهێشتووە بەبێ دابینکەری، هەروەها تەنها کەس نییە کە واز لە بەدواداچوونی نەفەقە لە هاوژینەکەی پێشووی دەهێنێت، بەڵکو ئاڵۆزییەکانی ڕێکارە یاساییەکان و خەرجییە زۆرەکان زۆرن، لەنێو زۆرێک لەو ژنانەدایە کە لە نیوەی ڕێگادا واز لە پرۆسەکە دەهێنێت و جیابوونەوە و بێدەنگییان پێ باشترە لە خەباتکردن بۆ مافەکانیان، کە زۆرجار بەهۆی سەختی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دادوەرییەوە لەدەست دەچن.
خەدیجە ئەقبلی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و پارێزەر لە سەندیکای پارێزەرانی مەراکش، ڕوونیدەکاتەوە، ژنانی هەرە سستی توانای ماددییان نییە بۆ دامەزراندنی پارێزەر و دابینکردنی تێچووی ڕێوشوێنە یاساییەکان، لەوانە گواستنەوە بۆ دادگا، بنکەی پۆلیس، جەندرمە، یان تەنانەت بۆ ڕێکخراوێکی پاڵپشتیکردنی ژنان، زۆرێکیان ناچارن پارە لە کەسوکاریان قەرز بکەن بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانیان.
وتیشی: زۆربەی ژنان باس لەوە دەکەن کە باری پشتگیریکردنی خێزانەکە بە تەنها لە ئەستۆ دەگرن دوای ئەوەی هاوژینەکە وازی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی هێناوە، دۆخەکە خراپتر دەبێت ئەگەر منداڵەکان لە تۆماری مەدەنی تۆمار نەکرێن، ئەمەش وا دەکات داواکاری بۆ نەفەقە تۆمارکردن سەخت بێت، سەرەتا دەبێت ژن بڕوانامەیەکی پزیشکی پێشکەش بکات کە لەدایکبوونەکە بسەلمێنێت، ئەمەش بارگرانی لەسەر دەکات و زۆرجار وای لێدەکات کەیسەکە وازلێبهێنێت و بەدوای چارەسەری جیگرەوەدا بگەڕێت.
هەروەها ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی دەوروبەری هەندێک ڕێکاری یاسایی کردووە، وەک ئاگادارکردنەوەی هقوژینەکە، لەم حاڵەتانەدا پەیوەندی بە دەسەڵاتە خۆجێییەکانەوە دەکرێت، بەڵام هەندێکجار ڕەتیدەکەنەوە ئاگادارکردنەوەکە قبوڵ بکەن و بیگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار ئەگەر مۆری دادگای لەسەر نەبێت، بەمەش تەواوی پرۆسەی ئاگادارکردنەوەکە پووچەڵ دەبێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم ئاڵۆزیانەدا، بریکاری وەک خەدیجە ئەقبڵی پشتڕاستی دەکاتەوە، هەست بە جۆرێک لە "ڕق لێبوونەوە" دەکات، بەهۆی سەبر و کۆڵنەدان و خەرجییەکانی پەیوەست بەوەوە پێی باشترە دەستبەرداری مافەکانی بێت.
”نەبوونی سندوقی پشتیوانی هاوبەش دۆخەکەی خراپتر کردووە”
یەکێک لە زیانبەرکەوتووەکان باس لەوە دەکات، کە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ناوچەی حەوزی گرتەوە، سەری سوڕما لەو پشتگیرییەی کە لە سندوقی هاوپشتی کۆمەڵایەتییەوە وەریدەگرت وەستاوە، پێی وترا کە شایستەی پشتیوانی سندوقی کارەساتی سروشتی دەبێت، بەڵام لەگەڵ لێکۆڵینەوەدا، ئەوە ڕوون بووەوە کە شایستەی ئەم سندوقە نابێت، چونکە پێوەرە دامەزراوەکانی تێدا نییە، لە کۆتاییدا نە پشتگیری لە سندوقی هاوپشتی کۆمەڵایەتی وەرگرت و نە هاوکارییەکی لە سندوقی کارەساتی سروشتی پێدرا.
خەدیجە ئەقبلی، پارێزەر هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سندوقی هاوپشتی کۆمەڵایەتی کە پاڵپشتی بۆ ژنان و خێزانەکانیان کردبوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، پرسیاری لە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سندوقی هاوپشتی کۆمەڵایەتی کرد، وتی: بەرەو دواوە دەڕۆین و من بە تایبەتی ئەمە بە پاشەکشەی یاسایی دەزانم، دوای تێکۆشانێکی سەخت و هەوڵێکی گەورە توانیمان ئەم دەستکەوتە بەدەست بهێنین، ئەم سندوقە سەرەڕای ئەو بڕە کەمانەی کە بۆ ئەو ژنانە خەرج دەکرا کە نەیانتوانیوە پارەی نەفەقە بەدەستبهێنن، تەنانەت ئەگەر بەشێکی کەمیش بێت، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خێزان، ئەمڕۆ ژنان بەتایبەت ئەوانەی لە گوندەکاندان، ناچارن منداڵەکانیان لە تەمەنێکی بچووکدا بنێرن بۆ کار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان.
هەروەها داوای دۆزینەوەی سەرچاوە بۆ دابینکردنی دارایی سندوقی هاوپشتی کرد لەبری ئەوەی بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، وتی: ئەم بابەتە بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن دەزگاکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی ژنانەوە، کە تیشکیان خستۆتە سەر ئەگەری دۆزینەوەی بودجە بۆ ئەو سندوقانە بەهۆی گرنگییەکانیان لە کەمکردنەوەی بارگرانی خەرجییەکان کە سەختی زۆری لەسەر ژنانی جیابووەوە و منداڵەکانیان هەیە.
داوای دەستوەردانی دەسەڵات دەکات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نەفەقە، چونکە هەندێکجار هاوژینەکان ناتوانن پارەی نەفەقە بدەن، زۆرجار هاوژینەکان پێیان باشترە سزای زیندانیکردنی جێگرەوە بەسەر ببەن وەک کەوەی پارەی نەفەقە، ئەمەش خێزانەکان لە بارودۆخێکی سەختدا بەجێدەهێڵێت، لەم جۆرە حاڵەتانەدا زۆرجار ژنان خۆیان بە ناچاری وەک خزمەتکاری ماڵەوە دەبیننەوە، بەتایبەتی ئەگەر بڕوانامەیان نەبێت بۆ دۆزینەوەی کار لە شوێنێکی تر.
لە کۆتای قسەکانیدا، خەدیجە ئەقبلی، پارێزەر جەختی لەوەکردەوە کە لاوازی ئابووری وەک بەربەستی سەرەکی دەمێنێتەوە کە ڕێگری لە ژنان دەکات لە دەستگەیشتن بە دادپەروەری و بەدواداچوونی دۆسیەکانیان، جا چ بۆ جیابوونەوە، نەفەقە یان داواکارییەکانی دیکە، ئەم حاڵەتانە زۆرجار بەهۆی سەختی داراییەوە چارەسەرنەکراون، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی دەوڵەت هەیە بۆ دابینکردنی پاراستن و پشتیوانی بۆ ئەم ژنانە و منداڵەکانیان.