"لە باشووری کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی زاڵە بەسەر یاسادا"

سەمیرە عەلی، مافناس دەڵێت: لە باشووری کوردستاندا دەسەڵات گۆڕانکاری لەیاساکاندا دەکات بۆیە هاوڵاتیان ماف و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان نییە، تا کۆمەڵگە هۆشیاری و خۆپەروەردەکردنی نەبێت، ناتوانێت بە ئازادی و یەکسانی بژی بۆیە ناچار بە هەڵهاتن لە وڵات دەکرێت.

هێلین ئەحمەد

 

ناوەندی هەواڵ-  ٢٦ ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی ٢٠ی شوباتی وەک رۆژی جیهانیی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دیاریکرد، ٢٠ی شوباتی ٢٠٠٩بووە یەکەم رۆژی جیهانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لەکاتێکدا جیهان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕی، ئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ زیادکردنی هەوڵەکان بوو بە ئاراستەی نەهێشتنی هەژاری، رووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی رەگەزی، نەهێشتنی بێکاری، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، رووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، دوای ١٨ ساڵ لە دیاریکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە جیهاندا، بەڵام ڕودانی جەنگ و نادادپەروەرییەکان بەردەوامی هەیە.

 

لەمساڵدا هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان نادادپەروەرییەکی دیکەیە، داواکردنی مافی سەرەتای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا سەرکوتکردنی هاوڵاتیان بە کوشتن و گرتن پێشێلکردنی دادپەروەرییە لە نێوان تاکەکاندا، بەربەست بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە باشووری کوردستاندا دووبارە پێشێلکردنی یاساکان و شکاندنی شکۆی دادپەروەرییە، هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ٦ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد، هەروەها گەرمارۆی سەر کۆبانێ کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمەوە بەردەوامە، پێشێلی ئاشکرای دادپەروەرییەو وڵاتان لێی بێدەنگن.

 

" دەبێت لەسەرجەم کایەکاندا، نادادپەروەرییەکان بنەبڕبکرێن"

سەمیرە عەلی، مافناس قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە تەواوی جیهاندا ئاماژەیە بۆ یەکسانی سەرجەم مرۆڤەکان لە ئەرک و مافەکانیان بەرامبەر یاسا یەکسان بن، هەروەها دەبێت لەسەرجەم کایەکاندا، نادادپەروەرییەکان بنەبڕبکرێن، بەڵام دەتواندرێت لە ڕێگەی ڕێکخراو سەندیکاکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان ببنە هۆکاری دروستکردنی فشارەکان دەتوانن نادادپەروەرییەکان کەم بکەنەوە، ڕۆژانە لە ڕێگەی جەنگ و هێرشەکانەوە نادادپەروەری بەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵگە دەکرێت، دەری دەخات دادپەروەری نەچەسپێندراوە، بە نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەمڕۆژە بۆ هەبوونی ماف دیاری کراوە، بەڵام کار بە هەبوونی دادپەروەری ناکرێت، ئامارەکان بە شێوازێکی شاراوە دەردەکەون، کە دەریدەخەن زیاتر لە ١٩١ ملیۆن کەس زیاتر لە جیهاندا بێکارن، لە ملیارێک زیاتر هاوڵاتیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەم داتایانە دەریدەخەن یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە تەواوی جیهاندا نەچەسپێندراوە، بە گوێرەی یاساکان و مافەکان هەبوونی جیاوازی ڕەگەزی بونیی نییە، بەڵام دەبینین هەبوونی دادپەروەری لە نێوان ژن و پیاودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەکرێت،  لە نێو دەوڵەتە سەرمایەدارەکاندا ژنان وەک کاڵا بەرچاو دەخەن، لە ڕێگەی ڕیکلامە بازرگانییەکانەوە چەوساندنەوەی مۆدێرنیتەیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای ئەوەی ژنان لە تەواوی جیهاندا ڕووبەڕووی نادادپەروەری دەبنەوە، بەڵام لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا ژنان لە ڕێگەی بەرقەراربوونی دابونەریتەکانەوە دەچەوسێندرێنەوە، لە ڕێگەی ڕیکلامەکانەوە جەستەی ژنان بەکاڵا دەکەن، وەک بیندرا لە وڵاتێک کە سیستمی سەرمایەداری تێدا هەیە، ڕوداوی وەک جزیرەی هیپسن ڕودەدات، کە سەرەڕای بانگەشەی یەکسانی ماف و هەبوونی مافی مرۆڤ ژنان کراونەتە کاڵایەک بەدەست پیاوانەوە بەکاردەهێندرێن، کە دوورە لە مرۆڤبوون و دادپەروەری و یەکسانییەوە، کە جیاوازی ڕەگەزی دەبێتە هۆکاری نادادپەروەری و نەبوونی یەکسانی لە جیهاندا، لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە نادادپەروەرییەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت.

 

"کۆچی گەنجان بەهۆی نادادپەروەرییەوەیە"

سەمیرە عەلی، ئاماژەی بەوەشدا چالاکوانان لە گۆڕانکرییەکاندا ڕۆڵی کارایان نەبینییوە وتی: بەشێکی زۆر لە چالاکوانان بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ و دارایی هەوڵ دەدەن، نەک بۆ دروستکردن و بونیادنانی یەکسانیی و دادپەروەری، بەشێک لە چالاکوانان هەوڵی دەرخستنیان بۆ پۆستی سیاسی دەدەن، پاش گەیشتن بە مەرامە سیاسیی و ئابووریەکەیان پاشەکشە لە داواکردنی مافی هاوڵاتیان دەکەن، بینەری بەشێک لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بووین، کە چالاکییەکانیان خزمەتبوون بۆ ناوبانگ و دەستکەوتی سیاسیی و ماددی، هەوڵدان بۆ مافی تاکەکەسی و پشتگوێخستنی مافی هاوڵاتیان هۆکارە بۆ نەمانی یەکسانی و دادپەروەری لە نێوان تاکەکاندا، پاشان کۆچکردنی گەنجان لە خاکی خۆیان بۆ دەرەوەی وڵات و بوون بە پەنابەریان لە خاکێکی بێگانەدا، بۆ نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی دەگەڕێتەوە، گەنجێک خوێندن تەواودەکات و جیاوازە لەگەڵ منداڵی کەسانی دەسەڵاتدار، دەبینێت نادادپەروەری بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، کە هۆکارێکە بۆ دانەمەزراندن ونەبوونی هەلی کار لە وڵاتەکەی خۆیدا، بۆیە ناچار بە کۆچکردن دەبێتەوە، دادگاییەکان بۆ کەسانی نادادپەروەر ئەنجام نادرێت، بەڵکو گەنجانێک هەوڵ بۆ دادپەروەری دەدەدن ڕووبەڕووی سزا و دادگا دەکرێنەوە، هەبوونی یاسا و بڕگەو ماددەکان لە نێوو دادگاکاندا لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانە، بەڵام لە ناودادگاکاندا کار بە یاسا و ماددەکان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و یەکسانی ئەنجام نادرێت، لە ناو دادگاکاندا بڕیار و جێبەجێکردنی یاساکان لە بەرژەوەندی و یەکسانی هاوڵاتیاندا نییە، بەڵام  بڕیار دەگۆڕدرێت لەبەر منداڵی بەرپرسێک، دەسەڵات لە ناوچەکەدا بۆتە هۆکاری پەکخستنی سیستمی خوێندنیش، هەندێک جار لەبەر منداڵانی بەرپرس کە بۆ گەشتێک روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن، کاتی تاقیکردنەوەی وانەکانی کۆتایی ساڵ و ناوەندی ساڵ دوادەخەن تا منداڵەکانیان لە گەشتەکەیان دەگەڕێنەوە، کەواتە لە کوردستاندا یاساکان موجەڕەد نییە یاساییەکە لە پێناو دەسدەڵاتداراندا کاری پێدەکرێت، لە باشووری کوردستان گەندەڵ و ئەوکەسانەی داهاتی نەوت دەبەن بۆ خۆیان دادگای ناکرێن، بەڵام ڕۆژنامەنووسێک کە دەست بۆ گەندەڵییەکانیان دەبات و تاوانەکانیان بۆ هاوڵاتیان دەردەخات دەدرێتە دادگا یان تیرۆر دەکرێت، من کاتێک لە باشووری کوردستان بووم لە خۆپشاندانی مامۆستایان داوای مافی خۆم و هاوڵاتیانی زوڵم لێکراوم دەکرد، بەڵام بە بیانووی پێشێلکاری و بەزاندنی یاساکان ڕووبەڕووی دادگا کرامەوە.

 

"دەسەڵات بەسەر یاسادا زاڵە بۆیە یەکسانی و دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نەماوە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، تاکی کورد لە ناوچەکەدا هۆشیاری بەرامبەر ماف و یەکسانی و ئەرکەکانی نییە، تا هاوڵاتیان هۆشیار نەبن ماف و ئەرکەکان بۆ هەر تاکێک بوونی نابێت، وتیشی:سەرجەم سەندیکاکان لە ناوچەکەدا بە حزبی کراون، بۆیە ناتوانین بۆ هۆشیارکردنەوەمان پشت بە هیچ ڕێکخراو سەندیکایەک ببەستین، هاوڵاتیان بۆ هۆشیاربونەوەیان پێویستیان بە خۆپەروەردەکردن و هۆشیاریی هەیە، لە وەرگرتنی مافدا کۆدەنگی دەبێت هەبێت، هەروەک چۆن بۆ کەیسی جینۆسایدکردنی ڕۆژئاوای کوردستا گەل پێکەوە و بە یەکدەنگ ڕژانە سەر شەقامەکان، پێویستە بۆ داواکردنی مافەکانیان بڕژێنە سەر شەقامەکان و پێکەوە داوای مافەکانیان بکەن، ماف دەبێت بسەندرێت، لە مافو ئەرکدا گەنجێک و سەرکردەی وڵاتێک هەمان ماف و ئەرکیان هەیە، بەڵام ناهۆشیاری بۆتە هۆکاری دروستبوونی نایەکسانی و نەبوونی ماف لە باشووری کوردستاندا، جۆرێک لە جیاوازی چینایەتی دروستبووە، لەبەر نەبوونی هۆشیاری تاک.

 

 

"لە باشووری کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی زاڵە بەسەر یاسادا"

مافناس سەمیرە عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا نادادپەروەری بوونی هەیە، بەڵام لە باشووری کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی زاڵە بەسەر یاسادا، سەرەڕای ئەوەی لە هەموو جیاهاندا نادادپەروەری هەیە بەڵام دەقە یاساییەکان لەسەروو هەموو مرۆڤەکانەوە بەبێ جیاوازی کاری پێدەکرێت، لە باشووری کوردستاندا دەقە یاساییەکان بوونیان هەیە بەڵام کاری پێناکرێت، ئەو کارە قێزەونەی لە دوورگەی ئێپستین ڕوویدا بینیمان بەڵام یاسا دەریخست بە هاوکاری ژنێکی ڕۆژنامەنووس کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکات، لە ئێستادا دراوە بەدادگا لە دادگاکا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت، ژنە ڕۆژنامەنووسێک لەوێ کە تەمەنی لە ٦٠ ساڵیدایە دەرخەری ئەو تاوانە بووە، بەڵام لە باشووری کوردستاندا ڕۆژنامەنووسان قەتیس دەهێڵدرێنەوە و یاسایەک بۆ پارێزگاری کردنیان نامێنێت، بۆیە پێویستە هەر تاکێک خۆی پەروەردە بکات تابتوانین کۆمەڵگە ڕێکبخەینەوە، بۆ داواکردنی مافەکانمان، تا دادپەروەری کۆمەڵایەتی بچەسپێندرێت، ڕێکخراوەکان و سەندیکا و چالاکوانان لە قاڵبی سیاسیی بینەدەرەوە، تا بتواندرێت هەمووان لە ژێر چەتری یەکسانی و دادپەروەریدا بژین.