ڕێکخراوەکانی ژنان لە پەرلەمان داوای هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک دەکەن
.ژنانی ڕێکخراوەکان لە سەردانێکیاندا بۆ پەرلەمانی کوردستان داوای هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک دەکەن
ژنانی ڕێکخراوەکان لە سەردانێکیاندا بۆ پەرلەمانی کوردستان داوای هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و داوای هەموارکردنەوەی یاساکانی باری کەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیان کرد.
بۆ ئەم مەبەستەش لەنجە دزەی سەرۆکی لیژنەی بەرگری مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "وەکو لیژنەی بەرگری مافەکانی ژنان، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کە نوێنەرایەتی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، کۆبووینەوە و گوێمان لە داواکارییەکانیان گرت کە خۆی دەبینێتەوە لە هەموارکردنی چەند یاسایەک وەک یاساکانی باری کەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، داواکارییان لە پێناو زیادکرن و پێشکەوتنی ڕۆڵی ژنانە، ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی و دەرکردنی یاسای زیاتر و باشتر هەیە بە تایبەت یەکسانی جێندەریی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و باری کەسێتی، پەرلەمانیش بە دەم داواکارییەکەیانەوە چوو وە پشتیوانی بۆ داواکارییەکەیان دەربڕی.
دکتۆر ڤیان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و ئەندامی ڕێکخراوی ژنان لە کوردستان ڕایگەیاند: "سەرەڕای پێشکەوتنی ژنان لە سەرجەم بوارەکاندا، بەڵام پێویستمان بە پشتیوانی پەڕلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم هەیە، چونکە هێشتا کۆمەڵێک داواکاریمان هەتە تاکوو مافەکانمان فراوانتر بەرجەستە بکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو، داوای هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین، داواش لە حکومەت دەکەین یاسای ئەنجومەنی ژنان دەربکات، بۆ ئەوەی یەکسانی جێندەری لە وەزارەتەکاندا پەیڕەو بکرێت چونکە لە ئێستادا تەنها ٩ وەزارەت پەیڕەوی دەکات، بۆ ئەوەی لە حکومەتدا یەکسانی تەواو و هاوسەنگی مرۆڤسالاری لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستەبەر ببێت.
لە داواکارییەکانیاندا باس لە ژنانی خاوەنکار کراو ئاماژەیان بەوەدا، "داوا دەكەین مافەكانی ژنانی خاوەن كار لەبەرچاو بگیرێت کە لە كەرتی تایبەتدا كار دەکەن".
ت.پ