جیاکاری لە میرات لە مەغریب؛ شێوازێکی شاراوەی توندوتیژی دژی ژنان

خاوەندارێتی زەوی یان موڵک لە کۆمەڵگەی مەغریبدا تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیان نییە، بەڵکو دەسەڵاتی ئابووریشە، یەکسانی لە میراتدا تەنها مەرجێکی یاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە شێوازێکی قووڵی چەسپاوەی توندوتیژی پێکهاتەیی دژی ژنان.

حەنان حارت

 

مەغریب – لە چوارچێوەی ١٦ ڕۆژی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزیدا، گفتوگۆیەک لە مەغریب نوێ دەکرێتەوە سەبارەت بە جۆرە نەبینراوەکانی توندوتیژی کە لە دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی زیاتر درێژدەبێتەوە و توندوتیژی ئابووری و یاسایی دەگرێتەوە، لە دیارترین ئەو شێوازانە جیاکارییە لە میراتدا، کە کۆمەڵگە دابەش دەکات لە نێوان ئەو کەسانەی کە بە ئەرکێکی یاسایی سەیری دەکەن و ئەوانەی بە بەربەستی دەزانن بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەری ئابووری.

 

سەرەڕای چاکسازییە یاساییەکان، ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی بەرچاو دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە زەوییەکانی باوباپیرانیان، ئەو زەوییە بەکۆمەڵەکان کە لە خێڵەکانەوە بە میرات ماونەتەوە و بڕبڕەی پشتی ژیانی ئابووری لە گوندەکان پێکدەهێنن و سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی خێزانەکانن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم زەویانە بە شێوەیەکی نەریتی لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن، لەکاتێکدا ژنان مافی خاوەندارێتی یان بەکارهێنانیان لێ زەوت دەکرێت، سەرەڕای بەشداریکردنی ڕۆژانەیان لە کاری کشتوکاڵیدا.

 

لەژێر فشاری بزووتنەوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ، مەغریب چاکسازی یاسایی پەسەند کرد کە ژنان بتوانن سوود لە زەوییەکانی باوباپیرانیان وەربگرن، ئەمەش هەنگاوێکە هاوتەریب لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠١١ و ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، کە داوای نەهێشتنی هەڵاواردن و بەرەوپێشبردنی دادپەروەری ئابووری دەکەن، ئەمەش وایکرد فاتمە زەهرا عەلوی، یەکێکە لە ژنەکانی مەغریب، کە پشکی خۆی لەم زەویانە بەدەستبهێنێت، وتی: هەمیشە بینیم تەنها پیاوان بڕیاریان لەسەر زەوییەکە دەدا و ئێمەی ژنانیش بێبەش بووین، بەڵام دوای یاسا نوێیەکە، من پشکی خۆمم دەستکەوت.

 

هەرچەندە زۆربەی ژنان سوودیان لەم یاسایە وەرنەگرتووە، بەو پێیەی ئامارەکان کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان دەقی یاسایی و ڕاستی سەر زەویدا ئاشکرا دەکەن، بەپێی خەمڵاندنە نافەرمییەکان، ڕێژەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کە ژنان لە مەغریب خاوەندارێتی دەکەن، لە ٢.٥٪ی کۆی زەوییەکە زیاتر نییە.

 

دەستکەوتە یاساییەکان و ئاڵەنگاری جێبەجێکردن

وەک بەشێک لە چاکسازییە یاساییەکانی ئەم دواییە، مەغریب یاسای ژمارە ٦٢-١٧ی سەبارەت بە چاودێریکردنی کارگێڕی کۆمەڵگە خێڵەکییەکان و زەوییە بەکۆمەڵەکانیان دەرکرد، ئەم یاسایە مافی ژنان بۆ سوودمەندبوون لە زەوییە خێڵەکییەکان و بەشداریکردن لە ئەندامەکانی نوێنەرایەتی کۆمەڵگەدا بە یەکسانی لەگەڵ پیاوان مسۆگەر دەکات.

 

ئامانجی یاساکە کەمکردنەوەی هەڵاواردنی مێژووییە کە ژنانی لە دەستڕاگەیشتن بەم سەرچاوە ئابوورییە بناغەییانە بێبەش کردووە، نوێنەرایەتی هەنگاوێکی یاسایی بەرچاو دەکات بەرەو پێشخستنی یەکسانی ڕەگەزی و بەستنەوەی چاکسازی یاسایی بە بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ناوخۆیی، بەڵام ئاڵەنگاری پراکتیکی هەر ماون، زۆرێک لە ژنان بەهۆی داب و نەریتی خێڵەکی و پراکتیزەکردنی هەندێک لە بەرپرسە ناوخۆییەکان، جگە لەو پێوەرەی " نیشتەجێبوون" کە بۆ دیاریکردنی ئەندامێتی کۆمەڵگە بەکاردێت، تووشی پرس و گرفت دەبن لە تۆمارکردن یان سوودمەندبوون لە زەوییە بەکۆمەڵەکان.

 

ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە جێبەجێکردنی یاساکە لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا بە ناتەبایی ماوەتەوە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر بۆشایی نێوان مافە یاساییەکان و جێبەجێکردنی کردەیی، هەر بۆیە ئەم چاکسازییە نوێنەرایەتی سەرکەوتنێکی بەشەکی دەکات بۆ ژنانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، پێدانی مافی یاسایی یەکسانیان، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامی جێبەجێکردن و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەقینەی ژنان بە سەرچاوەکان دەکاتەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە یەکسانی یاسایی وەرگێڕدراوە بۆ بەهێزکردنی ئابووری ڕاستەقینە.

 

ڕەهەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی نایەکسانی

نایەکسانی میرات لە درێژخایەندا، وەک بیانوویەکی پێکهاتەیی سەرهەڵدەدات کە بەشدارە لە هەژاری و لاوازی لە نێوان ژناندا، لە کۆمەڵگەی مەغریبدا خاوەندارێتی زەوی یان موڵک نەک تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیان بەڵکوو دەسەڵاتی ئابووری و هێماییە، مسۆگەرکردنی سەقامگیری و بەشداریکردن لە بڕیاردانی خێزان و کۆمەڵگەدا.

 

ئەم نایەکسانییە کەڵەکەبووە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پشکی ژنان لە سامانی خێزان بۆ تەنها ١٪ دوای پێنج نەوە، ئەمەش جیاوازیی ڕەگەزی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان زیاتر خراپتر دەکات.

 

لە ئەنجامی پەرەسەندنی بزووتنەوەی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی و لە باکووری ئەفریقا بەتایبەتی، ئەزموونی مەغریب لە چاکسازی یاسایی لە یاسای میراتدا لەم چوارچێوەیەدا دیارە، ئامانجی بەهێزکردنی مافەکانی ژنان و کەمکردنەوەی نایەکسانی ڕەگەزییە، لە تونس یاساکە ڕێگە بە ژنان دەدات بە یەکسانی لەگەڵ پیاوان بەشداری بکەن لە هەندێک جۆری میراتدا، لە کاتێکدا لە جەزائیر بەخشینی زەوییە نەریتییەکان سنووردارە بۆ مسۆگەرکردنی کەمترین پشک بۆ ژنان، بەڵام لە لوبنان و ئوردن هێشتا داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو توانای ژنان بۆ سوودمەندبوونی تەواو لە میرات سنووردار دەکەن.

 

"ژنان تەنها زەکات "بەخشین" لە سامانەوە بە میرات دەگرن"

ماریا شەرەف، چالاکوانی مافی ژنان، جەختی لەوە کردەوە، کە ئامارەکانی ئێستا ڕاستیەکی شۆککەری نەبوونی یەکسانی ڕاستەقینە لە میراتدا ئاشکرا دەکەن، لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ ئەزموونی دەکەین، نەبوونی یەکسانی ڕاستەقینەیە لە میراتدا، یاسا و پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە دڵنیای دەدەن لەوەی کە ژنان تەنها نیوەی ئەو شتانە وەردەگرن کە پیاوان وەریدەگرن، وەک ئەوەی بەها یان بەرپرسیارێتییان لەناو خێزانەکەدا کەمتر بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین لە سەرانسەری نەوەکاندا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەمە تەنها بابەتی نیو پشک نییە، بەڵکو بۆشایییەکی گەورەیە لە سامانی کەڵەکەبووی ناو خێزانەکاندا، بۆ نموونە ئەگەر خێزانێک خاوەنی زەوی کشتوکاڵی یان خانوویەک بێت، و ژنان نیوەی ئەو شتانە وەردەگرن کە براکانیان لە هەر نەوەیەکدا وەریگرتووە، هەروەها پشکەکانیان وردە وردە کەم دەبێتەوە، دوای نزیکەی پێنج نەوە، ژنان تەنها ١٪یان دەمێننەوە لە سامانی ڕەسەنی خێزانەکە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەمە تەنها حیسابێکی تیۆری نییە، لە سەر زەویدا ئەنجامە ڕوونەکانی دەبینین، ژنان تەنها خاوەنی نزیکەی ٢.٥٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکانن لە مەغریب، ئەم ژمارەیە ڕاستیەکی پڕ لە ئازار لەخۆدەگرێت، چونکە زەوی بناغەی سامانە لە ناوچە گوندنشینەکاندا، ئەوانەی خاوەنی زەوی نین نە دەسەڵاتی ئابوورییان هەیە و نە دەنگێکی کۆمەڵایەتییان هەیە.

 

ئەوەی ڕوودەدات بە هاوشێوەی زەکات "بەخشین" پێناسە دەکات نەک لە مافەکان: وەک ئەوە وایە کۆمەڵگە و دەوڵەتیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، تەنها شتێکی هاوشێوەی زەکات "بەخشین" لە سامانی نیشتمانییەوە بە ژنان دەبەخشێت، لەکاتێکدا کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی سەرچاوە و خاوەندارێتی لە دەستی پیاواندا دەمێنێتەوە.

 

ماریا شەرەف، چالاکوانی مافی ژنان پێی وایە پرسەکە تەنها پەیوەندی بە میراتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تەواوی سیستەمێکەوە هەیە کە نەوە لە دوای نەوە نایەکسانی بەرهەم دەهێنێتەوە و هەمیشە ژنان دەخاتە دۆخێکی لاوازی ئابوورییەوە، هەر بۆیە من یەکسانی لە میراتدا نەک تەنها بە مەرجێکی یاسایی دەزانم، بەڵکو بە هەنگاوێکی پێویست بۆ کۆتاییهێنان بە شێوازێکی قووڵی توندوتیژی پێکهاتەیی دژ بە ژنان دەزانم.