جیابوونەوەی هاوژینان و فرەژنی؛ لە نێوان یاساو کۆمەڵگە و دەرووندا
لە نێوان یاسایەک کە مەرجەکانی جێبەجێ ناکرێت و کۆمەڵگەیەک کە ژنی جیابووەوە وەک "شەرم" دەبینێت، فرەژنی و جیابوونەوە خەریکە دەبنە ناسنامەی نوێی خێزانی کوردی. چالاکوان کەژاڵ عەبدولقادر دەڵێت: دەسەڵات و میدیا کار بۆ ئاساییکردنەوەی فرەژنی دەکەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی -لە سەردەمی ئێستادا، خێزان وەک بنەمای سەرەکیی کۆمەڵگە، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. یەکێک لە دیارترین ئەم گۆڕانکارییانە، زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان و ڕووکردنی هەندێک لە پیاوانە بۆ ژنهێنانی دووەم. ئەم دوو بابەتە کە بە شێوەیەکی تێکەڵکاری پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە، بوونەتە سەرچاوەی گفتوگۆی توند لە نێوان پسپۆڕان، یاسادانەران و هاووڵاتیاندا.
ئەم دوو دیاردەیە ناتوانرێت تەنها لە یەک ڕوانگەوە لێی بڕوانرێت، بەڵکو پێویستە لە سێ ڕووی جیاوازەوە بخوێندرێتەوە:
ڕووی یاسایی: ژنهێنانی دووەم لە هەندێک یاسادا بە مەرج ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەو مەرجانە زۆرجار لە واقیعدا بە تەواوی جێبەجێ ناکرێن. لە هەمان کاتدا، جیابوونەوە وەک مافێکی یاسایی ناسراوە، بەڵام ژنان تێیدا ڕووبەڕووی ئالنگاریی دارایی و یاسایی دەبنەوە، بە تایبەتی کاتێک پشتگیریی کۆمەڵایەتی کەمە.
ڕووی کۆمەڵایەتی: وەڵامدانەوەکان جیاوازن؛ هەندێک کەس فرەژنی بە مافێکی ئاسایی دەبینن، بەڵام بۆ زۆرێکی تر، ئەمە شێوەیەکە لە نایەکسانی و تێکدانی شیرازەی خێزان. جیابوونەوەش هێشتا لە هەندێک بازنەدا بە نەرێنی دەبینرێت، بە تایبەتی کاتێک ژن داواکاری بێت.
ڕووی دەروونی: فرەژنی دەتوانێت هەستی بێمتمانەیی دروست بکات و ببێتە هۆی دابڕان و دڵشکاندن. جیابوونەوەش، هەرچەندە هەندێک جار چارەسەرە، بەڵام دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی فشاری دەروونی و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ منداڵانیش کە زۆرجار قوربانیی بێدەنگی ئەم گۆڕانکارییانەن، کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ لە هەرێمی کوردستان
بە گوێرەی ئامارەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، دۆخی مامەڵەکان بەم شێوەیەیە:
ڕێپێدان بە هاوسەرگیری دووەم: کۆی گشتی ١٠٧ حاڵەت (هەولێر ٤٢، سلێمانی ٣٩، دهۆک ٢٦، کەرکوک-گەرمیان ٠).
پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی: کۆی گشتی ٣١١٩ حاڵەت (سلێمانی ١٤٠٧، هەولێر ١٠٢٥، دهۆک ٦٧٤، کەرکوک-گەرمیان ١٣).
جیابوونەوە، کۆی گشتی ١٥٨٢٦ حاڵەت (هەولێر ٧١١٣، سلێمانی ٥٣٦٩، دهۆک ٢٣٥٤، کەرکوک-گەرمیان ٩٩٠).
"کۆمەڵگە لە کوشتنی ژناندا ڕۆڵیان هەیە"
کەژاڵ عەبدولقادر، جالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لە ڕێگەی خۆشەویستی و پێکەوە ژیانەوە ئەنجامدەدرێت، هەرکات ئەو پێکەوەیی و خۆشەویستییە بوونی نەما، پێویستە هاوژینەکان بەبێ ئەنجامدانی بێڕێزی کردن و توندوتیژییەکان کۆتایی بە پڕسەکە بهێنن، وتی: پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستییە، ئەگەر ڕێز و خۆشەویستی بوونی نەما، پێویستە ئەو دوو کەسە کۆتایی بە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکەیان بهێنن، تێپەڕاندنی بارودۆخەکان و وازنەهێنانی ئەو دوو کەسەی کە یەکدیان پەسەندنییە، لێکەوتەکانی توندوتیژی و کوشتن چەندین لێکەوتەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتەکانی ڕێگریکردن لە جیابونەوەی هاوژینان لە کاتی نەگونجانیاندا، ژنان ڕوبەەڕووی توندوتیژی و هاندان بۆ خۆکوشتن دەکاتەوە، زۆرکات کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکین بۆ خۆکوژی و توندوتیژییەکانی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت.
"ئیسلامی سیاسی و میدیا پەرە بە فرەژنی دەدەن"
ئاماژەی بەوەشدا کە بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی فرەژنییەوە هەوڵی تێکدانی کۆمەڵگە و ماڵی کورد دەدات، وتیشی: لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجام ی بڵاوکردنەوەی فرەژنی و چەندین پرسیاری نا دروست هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی فرەژنی و توندوتیژی کردن بەرابەر ژنان ئەنجام دەدات، خێزانێک دەهیننە سەر شاشەکانی ڕاگەیاندن و باسی فرەژنی و ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم و سێهەم و چوارەمیان لەگەڵدا دەکەن و کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی فرەژنی پیاوان دەکەن، میدیاکانی دەسەڵات، بە چاوساخی حیزب و لایەنەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئامانجیان تێکدان و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی کوردییە، تا بتوانن لە کولتوور و دابونەریتی ڕاستەقینەی کورد بشێوێنن، ئێمەی چالاکوانان لە ڕێگەی داواکاری و یاساکانەوە چەندین گۆڕانکاریمان لە یاساکانی فرەژنی کردووە، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی بڕیارەیاساییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، فرەژنی بەڕێژەیەکی زۆر ئەنجامدەدرێت، پاشان یاساکان توندوتیژیییەکان بەرامبەر ژنان زیاتر دەکات، سەرەڕای بانگەشەکان لە دەزگای ڕاگەیاندنەوە، ژنانێک کە لەلایەن پیاوانەوە ڕازی دەکرێن کە ژنی دیکە هاوبەشی هاوسەرگیرییەکەیان بکەن، کە لە ڕێگەی چەندین پەیمانی ساختەی پیاوانەوە ناچار بە ئەنجامدانی هاوسەرگیریان دەکەن، ئێمە دەزانین ژنان لەهەر پلەوپۆستێکدابن بەبێ جیاوازی توانای قبوڵکردنی فرەژنی بۆ هاوژینەککەی هەبێت، بەڵام لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هەوڵ بۆ هێنانە سەر شاشاەی ئەو ژنانە دەدرێت، پاشان بە ناچاری دەیاندوێنن، تا بە ماسکێکی شاراوەوە بە کۆمەڵگە بڵێن ژنان پێیان ئاساییە فرژنی بڵاوبێتەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگهەی کوردی ڕەسەن هیچکات هەبوونی فرەژنی جێگەی شانازی نەبووەو قبوڵکراو نەبووە، کاتێک هاوسەرگیری دووەم ئەنجامدەدرا، کە هۆکاریهاوسەرگیرییەکە بۆ نەخۆشیە درێژخایەنەکان بگەڕایاتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئیسلامی سیاسیی فرەژنی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئاسای کردوەتەوە، لەگەڵیدا دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستان لەگەڵ ئەو فکرە ئیسلامییە توندڕەریە و بەردەوامە لە هێشتنەوە و پەرەسەندنیان تا کۆمەڵگە بەرەو شێواندن ببەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا کەژاڵ عەبدولقادر وتی: لە کۆمەڵگەی ڕەسەنی کوردیدا، فرەژنی جێگەی شانازی نەبووە و تەنها لە حاڵەتی نەخۆشی قورسدا پەنای بۆ براوە، بەڵام ئێستا ئیسلامی سیاسی ئەمەی ئاسایی کردووەتەوە، هەروەها بارودۆخی ئابووری وایکردووە پیاوانی خاوەن پارە چەندین جۆر هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا ئێمەی ژنان بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە.