حەمیدە فرووتەن: لە ئەفغانستان ژنان ڕووبەڕووی مەترسیی توندی ئەمنی و یاسایی بوونەتەوە

حەمیدە فرووتەن، لەبارەی دەستبەسەرکردنی ژنان لە هیرات بەهۆی "ڕێساکانی حیجاب" و دۆخی ئەوان لە زینداندا هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: فشارەکانی تاڵیبان لەسەر ژنان، ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئەوان و بوونی کۆمەڵایەتییانی بە توندی سنووردار کردووە.

بەهاران لەهیب

 

کوندوز– لەم دواییانەدا لە هەرات، تاڵیبان جارێکی دیکە بە بیانووی "پۆشاکی نەگونجاو" هێرشی کردە سەر ژنان. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکەی ٤٠ کەس دەستبەسەر کراون. بەداخەوە، بانگەشەکانی دەستدرێژیی سێکس بۆ سەر ژنان لە کاتی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا سەرلەنوێ سەریان هەڵداوەتەوە. بەپێی گەواهیدەران، دوو کچە گەنج کە تەنیا چەند کاتژمێرێک لەژێر چاودێریی تاڵیباندا بوون، دوای ئازادکردنیان باسیان لە دەستدرێژیی سێکسی کردووە.

 

 ئەو ژنەی ئازاد کرابوو خۆی کوشت

خەڵکی هەرات ڕایانگەیاند کە ژنێک دوای ئازادکردنی خۆی کوشتووە. هەروەها دوێنێ، تەرمی دوو ژن کە نیشانەی ئەشکەنجەیان پێوە دیار بوو، ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە و تاڵیبان ڕێگەی نەدا ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان لە ڕۆژدا بەڕێوە بچێت. بنەماڵەکان ناچار بوون ئازیزانی خۆیان لە شەودا بەخاک بسپێرن.

 

تاڵیبان لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ لە دەسەڵاتی خۆیدا، لە ترسی ئابڕووچوون و خۆپێشاندانی گشتی کە بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێن، هەوڵی داوە بە هەر شێوەیەک بێت سەرکوتکردنی ژنان بشارێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، وەک پێشتریش دەنگۆ هەبوو، هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە هەندێک لە دەستبەسەرکراوان بەرانبەر بە بڕە پارەیەکی زۆر و واژۆکردنی بەڵێننامە ئازاد

 

 ناڕەزایەتی و کوشتن

ئەم پێشێلکارییانە بوونە هۆی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لەلایەن خەڵکی هەراتەوە. لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، تاڵیبان تەقەی کرد و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕاگەیەندرا کە مورتەزا کەریمی، کە لە ڕێپێوانەکەدا بریندار ببوو، ئەویش گیانی لەدەستداوە. بەپێی زانیارییەکان، تاڵیبان لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو گەنجەی بەڕێوەبردووە.

 

لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ڕاپۆرتی خەمناکتر لەبارەی تاوانەکان دژی ژنان و ڕۆشنبیرانی وڵاتەکە بڵاو بوونەتەوە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ چالاکوانی مافەکانی ژنان، حەمیدە فرووتەن، ئەنجام درا. فرووتەن کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە پارێزگا جیاجیاکانی پێش ڕژێمی تاڵیبان، لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکانی توندوتیژی دژی ژنان کردووە، ئێستا لە کوندوزەوە دەدوێت. ئەو یەکێکە لەو ژنانەی کە بەشداریی لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە و لەو پارێزگایەدا ڕۆڵێکی چالاکی گێڕاوە.

فرووتەن وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە دەستبەسەرکردنی ژنان بە بیانووی "پۆشاکی نەگونجاو" تا چەند لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییە مەدەنییەکاندا دەگونجێت:

«دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئەفغانستان پێنج مافی بنەڕەتیی بۆ ژنان دەستنیشان کردووە:

مافە مەدەنی و تاکەکەسییەکان

مافە سیاسییەکان

مافی پەروەردە و خوێندن

مافی کار و نیشتەجێبوون

مافە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان

مافە مەدەنی و تاکەکەسییەکان مافی ژیان، ئازادی، پاراستن لە گشت جۆرەکانی دەستدرێژی، هاوڵاتیبوون و مافی هاوسەرگیری دەگرێتەوە.»

 

 مافی ژنان

«بەپێی ئەو مافانەی لە دەستووردا دەستنیشان کراون، ژنان مافی خۆیانە بە ئازادی بژین و ئەو جلانە بپۆشن کە خۆیان دەیانەوێت. دەستبەسەرکردنی ژنان بە بیانووی "پەیڕەونەکردنی ڕێساکانی حیجاب" پێشێلکردنی ماددەی 22ی دەستوورە و تاوانە. ئەم ماددەیە دەڵێت: "هەموو جۆرە جیاکارییەک لە نێوان هاوڵاتیانی ئەفغانستاندا قەدەغەیە. هەموو هاوڵاتیان، ژن و پیاو، لەبەردەم یاسادا خاوەن ماف و ئەرکی یەکسانن."

بۆیە، دەستبەسەرکردن، لێدان و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لەسەر ئەم بنەمایە، پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستوور، مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییە مەدەنییەکانە و بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە.»

 

"دەستبەسەرکردنەکانی ئێستا گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی زیاد کردووە"

فرووتەن لەبارەی کاریگەریی ئەم دەستبەسەرکردنانە لەسەر ئازادیی هاتوچۆ، بەشداریی کۆمەڵایەتی و هەستی ئاسایشی ژنان دوا:

«فشارەکانی تاڵیبان بۆ سەر ژنان، ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئەوان و بوونی کۆمەڵایەتییانی بە توندی سنووردار کردووە. ئەمەش ترسی لە نێو ژناندا زیاد کردووە و بووەتە هۆی پاشەکشەکردنیان لە ژیانی گشتی. لە ئەنجامدا، ژنان تووشی قەیرانێکی قووڵی پەراوێزخستن و تەنیایی بوونەتەوە. جگە لەوەش، دەستبەسەرکردنی لەم شێوەیە نەک تەنیا ئاسایشی تاکەکەسی تێکداوە، بەڵکو گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و ئابوورییشی زیاد کردووە. پەراوێزخستنی نیوەی کۆمەڵگە بووەتە هۆی سستبوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی، و بژێوی ژیانی بۆ بنەماڵەکان سەخت کردووە.

 

لە کورتخایەندا، ئەم کردەوانە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان لەناو دەبەن: ئازادیی کەسی، ئازادیی هاتوچۆ، بەشداریی کۆمەڵایەتی و مافی ئاسایش بە توندی سنووردار دەکرێن.»

 

کۆچبەرکردنی ژنانی لێهاتوو

لە درێژخایەندا، ئەم دۆخە هێشتا مەترسیدارترە؛ چونکە دەکرێت ببێتە هۆی پەراوێزخستنی سیستماتیکی ژنان لە ژیانی گشتی. دەرئەنجامەکانی بریتین لە کەمبوونەوەی بەشداری لە بوارەکانی پەروەردە، ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا، کۆچی ژنانی لێهاتوو، زیادبوونی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و توندیی فشارە دەروونییەکان.

 

فرووتەن کاریگەریی ئەم فشارانەی لەسەر مافی ژنان بۆ خۆپێشاندان و ئازادیی ڕادەربڕین بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: «دەستبەسەرکردنی لەم شێوەیە کەشێکی ترس و خۆ-سانسۆری دروست دەکات. ژنان و بنەماڵەکانیان دەکەونە ژێر ئەو کاریگەرییەی کە تەنانەت بەشداریکردن لە خۆپێشاندان یان دەربڕینی بیروڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا مەترسیدارە. ئەمەش هێزی داواکردنی مافەکان لاواز دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی ژنان لە گۆڕەپانی گشتیدا کەمتر ببێتەوە و کەمتر ببیسترێت.»

 

«ژنان ڕووبەڕووی مەترسیی توندی ئەمنی و یاسایی بوونەتەوە»

لە کۆتاییدا، سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وتی: «ژنان ڕووبەڕووی مەترسیی توندی ئەمنی و یاسایی بوونەتەوە. دەستبەسەرکردن، فشار و هەڕەشە دژی بنەماڵەکان زۆرن، دەستڕاگەیشتن بە پشتگیریی یاساییش سنووردارە. بۆیە بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گرنگە کە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بخەنە پێشینەی کارەکانیان، پێشێلکارییەکان بە بەڵگە بکەن و پشتگیریی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکەن.»