"سەروەر نەبوونی یاسا دۆخی ژنانی لە ڕووی توندوتیژی و کوشتنەوە خراپتر کردووە"

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریت کوشتن و توندوتیژی دژی ژنانی زیاد کردووە، ئەندامێکی یەکێتی ژنانیش دەڵێت: سەروەر نەبوونی یاسا دۆخی ژنانی بەرەو خراپتر بردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە هەموو بوارەکانی ژیان و لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ژنان هەمیشە قوربانی یەکەمن، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ئەو دابوونەریتە کۆنەی تاکەکانی کۆمەڵگە پەیڕەوی دەکەن، ژنان دەچەوسێننەوە و مافەکانیان نادەن، لە هەرێمی کوردستانیش توندوتیژییەکان و کوشتن بەرامبەر بە ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەشێک لە ژنان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، چونکە یاسا سەروەر نییە و لە زۆر کاتدا پشتی پیاوان دەگرێت.

 

"لە هەموو بارودۆخێکدا ژنان زەرەرمەندی یەکەمن"

زارا عەلی، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، "لە ئێستادا توندوتیژیەکان زیادیان کردووە و دۆخی ژنان خراپتر بووە و بەزۆریش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری کۆمەڵگە، ئێمەی ڕێکخراوەکان ئاگامان لەو توندوتیژیانە هەیە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بەڵام کولتوور قبوڵی ئەو شتانە ناکات کە ژنان دەیانەوێت، هەرچەندە پێشکەوتن لە هەموو بوارەکاندا دەبینرێت و وڵاتان بەرەو پێشەوە دەچن، بەڵام لە باشووری کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاو نابینرێت، ئەمە پێی ناوترێت ئازادی، بەڵکو ئازادی ئەوەیە سنورێک بۆ شتەکان دابنرێت، لە هەموو بارودۆخێکدا ژنان زەرەرمەندی یەکەمن، چونکە یاسا زیاتر پشتی پیاوان دەگرێت، لە هەموو کارەکاندا ژن و پیاو بە یەکسان دەبینن، بەڵام بۆ ژیانکردن بە یەکسان نابینرێن و هەبوونی پیاو زیاتر دەکەن بەسەر ژندا".

 

"پیاوان ڕێگە خۆشکەرن تا ژنان بە خراپ تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن"

زارا عەلی ڕوونی کردەوە، پیاوان ئێستا زیاتر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن و ژنان دەکوژن لە چاو ساڵانی پێش ٢٠١٢، کوشتنی ئەو ڕێژە زۆرەی ژنان لە ئیستادا دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، لەو بارەیەوە وتی: لە کاتێکدا پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا سوودی بە هەموو وڵاتیک گەیاندووە، بەڵام بە داخەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە شێوەیەکی نادروست بەکاردەهێنرێت، پیاوان ڕێگە خۆشکەرن تا ژنان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە نادروستی بەکاربهێنن، چونکە هەموو ئازادییەک بۆخۆیان فەراهەم دەکەن، بەڵام سنورداری دەکەن بۆ ژنان.

 

دەشڵێت: بەشداری ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا بە ڕێژەیەکی کەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە وای کردووە ژنان بکشێنەوە لەناو سیاستدا و وای کردووە هەمیشە پیاوان قسەکەر بن و دەستە باڵا بن و نەهێڵن ژنان لە هیچ پۆستێکدا لە پێشەوە بن، چونکە بەرەپێشچونی ژنانیان پێ قبوڵ ناکرێت، ئەمەش ئەبێتە هۆکار بۆ بڕیاردان لەسەر ژنان لە کۆمەڵگەدا بە ئەقڵیەتی پیاوان.

 

"تاوانباران بە سزای خۆیان ناگەن"

زارا عەلی ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری دەستگیر نەکردنی ئەو کەسانەی ژن کوژن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەوەر نەبوونی یاسا بەرامبەر بە تاوانباران و ئەو کەسانەی تاوانەکە ئەنجام دەدەن، پشتیان بە دەسەڵات بەستووە، بۆیە دەستگیر ناکرێن و سزا نادرێن، لە کاتێکدا ئەگەر ژن تاوانێک ئەنجام بدات چی بەرامبەر بە پیاو بێت یان هەر کەسێکی تر سزا دەدرێت، لە هەرێمی کوردستانیش یاسا زیاتر پشتی پیاوان دەگرێت و ژنان لە هەموو بوارێکدا پەراوێز خراون.

 

زارا عەلی وتیشی: ژنان کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت پەنا نابەنەبەر یاسا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان دەترسن لە وشەی بێ هاوژین و هەروەها لەبەر قسە و توانجی کۆمەڵگە، لایەنێکی تر ئەوەیە هەندێکجار پیاوان هەڕەشە لە ژنان دەکەن ئەگەر بڕۆنە دادگا دەیانکوژن، بەم شێوەیەش ژنان بێدەنگ دەبن و پیاوانیش بەردەوام دەبن لە توندوتیژی کردن بەرامبەریان.

 

"دەبێت پەروەردەی سەرەکی لە بناغەی خێزانەوە بێت"

زارا عەلی جەختی کردەوە، پێویستە خێزانەکان هۆشیار ببنەوە و لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەک کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە پشتی ژنان بگرن، هەروەها دەبێت ژنان خۆیان هۆشیار بن و بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی لێیان دەکرێت، بەشێکی زۆری پیاوان ناهۆشیارن بەرامبەر ئەو مافانەی ژنان هەیانە لە کۆمەڵگەدا، بۆیە دەبێت هەر لە سەرەتای پەرەوەردەکردنی منداڵەوە خێزانەکان جیاوازی نەکەن لە نێوان منداڵی کوڕ و کچ، دەبێت پەرەوەردەی سەرەکی لە بناغەی ماڵەوە بێت و لە دایک و باوک و بەخێوکەرەوە دەستپێبکات.