ڕازاو گوڵی: حزبەکان ڕێگە خۆشکەرن بۆ دروستبوونەوەی سوڵحی عەشایەری

لە پێشتردا دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵتر بووە و بۆ چارەسەری کێشەکان پەنایان بردووەتە بەر سوڵحی عەشایەری، کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکات و ڕازاو گوڵیش دەڵێت: هێشتا حزبەکان هۆکاری سەرهەڵدانەوەی سوڵحی عەشایەرین.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە سوڵحی عەشایەریدا مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێت و لەلایەن دوو بنەماڵەوە بڕیار لەسەر مافەکانی ژنان دەدرێت، لە ئێستاشدا لە بەشێک لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا سەرەڕای بوونی یاساکان. بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە کار بە سوڵحی عەشایەری دەکرێت.

 

"کەموکورتی دادگاکان وای کردوە سوڵحی عەشایەری ئەنجام بدرێت"

ڕازاو گوڵی، شارەزا لە بواری یاسادا ئاماژەی بەوەکرد، هەر لە سەرەتای دروسبوونی مرۆڤایەتی مرۆڤەکان کاریان لەسەر ئاشتەوایی کردووە، هەوڵدان بۆ ئەم ئاشتەواییە لە چەند ڕێگەیەکەوە بووە و بەشێکی لایەنی نەرێنی لەسەر تاکەکان هەیە بە تایبەتی ژنان، پێش دروستبوونی یاسا مرۆڤەکان هەوڵیان داوە خۆیان کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە لە هەندێک بڕگەی یاسای دادگایکردنی تاوانکاری باس لە سوڵحی عەشایەری کراوە، بۆ نمونە هەندیک کێشە چوارچێوەیەکی یاسایی نییە و یاسا بە تاوانی دانەناوە و کۆمەڵگە لێی زەرەرمەند نەبووە، دەتوانن سوڵح بکەن، وتیشی: هۆکارێکی ئەنجامدانی سوڵح دەگەڕێتەوە بۆ کەموکورتی دادگاکان، چونکە کەیسەکان دوا دەخرێت و زۆرجار خۆیان مرۆڤەکان ناچار دەکەن بچنەوە دەرەوەی دادگا و سوڵح بکەن.

 

"لە هەندێک سوڵحی عەشایەریدا ژن بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری کێشە"

ڕازو گوڵی ڕوونی کردەوە، سوڵحی عەشایەری لەلایەن پیاوانی کۆمەڵگەوە ئەنجام دەدرێت، ئەو پیاوانەش ئەوانەن دابونەریت زاڵە بەسەریاندا، هیچ ناچنە سەر ئەوەی بڵێن ئەمە پێچەوانەی ویستی تاکەکانە و لەگەڵ مافی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە، بۆیە جارێکی تر ژنان دەبنە قوربانی ویستی ئەو خێڵەکیە و باجەکەی دەدەن، هەندێک جار باجەکەی زۆر قورسە بە شێوەیەک کاتێک ئەو ژنانە بەشێک نەبوون لە کێشەکان و نە سەرچاوەی کێشەکەشن، چونکە زۆرجار کێشەکان لە نێوان دوو بنەماڵە یان دوو پیاودا بووە و بە ژن چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن.

 

وتیشی: هەندێکجار لەلایەن پارێزەرەکانیشەوە ئەو مارەیەی ژنەکە هەیەتی لەسەر بڕێک ڕێک دەکەون و ژنەکە بێدەنگ دەکەن، لەبەر ئەوەی بێزار بووە لەو ژیانەی هەیبووە و داوای جیابوونەوە دەکات، لە بابەتی سوڵحی عەشایەری کە مافەکانی ژنانی تیادا پێشێل دەکرێت کۆی سیستەمەکە کەموکورتی هەیە، بۆیە بۆ ئەوەی لەو ماوە زۆرە ڕزگاریان بێت کە چاوەڕێی دادگا بکەن، لە جیاتی مانگێک دوو ساڵی پێ دەچێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان، بە سوڵحە عەشایەرییەکە کەمتر لەو مافەی یاسا دایناوە کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنن.

 

"لە سوڵحی عەشایەریدا ژنان زەرەرمەندی یەکەمن"

ڕازاو گوڵی ئەوەشی خستەڕوو، لە دەستوری عێراقیدا لە ماددەی دووەم لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە هیچ یاسایەک نابێت پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت، ئەمەش کێشەی بۆ یاساناسان دروستکردووە، هەرچەندە لە دوو بڕگەی تری دەستوری عێراقیدا هاتووە یاساکان نابێت پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ بن، بۆیە ئەگەر کەسانێک هەبن دیموکراتیانە لەو بابەتە بکۆڵنەوە و لە ناوەڕۆکی شەریعەتی ئیسلامی مافەکانی مرۆڤیش، دەبینین زۆربەی مافەکانی ژنان دەدرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی پشتگیری کردنی دەسەڵات لە هەندێک بانگخواز کە هیچ لە بنەماکانی شەریعەت و مافی مرۆڤ نازانن و ناگەڕێنەوە بۆ بنەما ڕاستەقینەکە، ئەمەش کێشەی بۆ یاسا دروستکردووە.

 

دەشڵێت: هەر ژنێک لە سوڵحدا وەکو فیدیە بەکارهێنرا، دەتوانێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، ئەو بابەتانەی ڕۆژانە سوڵحی لەسەر دەکرێت و کۆتایی پێ دەهێنرێت لە کۆتایدا ژنان زەرەرمەندە یەکەمەکەن، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی سوڵحکردن پێویستە تەواوی ئەو سیستەمە بگۆڕدرێت کە پەیوەستە بە ژیانی تاکەکەکان و کۆمەڵگەوە، خاڵی یەکەم دەبێت سەرەتا کاری لەسەر بکرێت هۆشیارکردنەوەی تاکەکانە و تا چەند متمانەیان بە یاسا هەبێت، هەرچەندە کۆمەڵگەی مەدەنی بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو هەمیشە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی داوە، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ڕێگە خۆشکەرن بۆ دووبارە دروستبوونەوەی سوڵحی عەشایەری.