گۆڕینی یاسای جیاکاری بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەهێز دەکات

سەرەڕای هەوڵەکانی مەغریب بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان لە بواری ئابووری و سیاسیدا، بەڵام هێشتا بوونیان لاوازە لەڕووی بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنەوە.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب-زەکیە مارینی، سەرۆکی کۆمەڵەی نەخیل بۆ ژنان و منداڵان لە مەغریب و ئەندامی پێشووی پەرلەمان، پێیوایە مەغریب لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕووی بەشداری ژنان لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کولتووری و ..هتد، چونکە ژنان بە نزیکەیی لە بواری سیاسیدا نەبوون، بوونیان لە بواری ئابووریدا لاواز بوو، لە کاتێکدا لە بواری کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی پەیوەندیدار بە ڕەگەزی خۆیان وەک مێینە هەبوو، لە بواری کولتووریشدا هێشتا بە تێڕوانینێکی نزمتر دەناڵێنن کە ڕەنگدانەوەی لاوازیی ئەو دۆخەیە کە ژنان ئەزموونی دەکەن، بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەهۆی ویستی سیاسی و خەباتی بزووتنەوەی ژنان و حزبە دیموکراتیکەکانەوە، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەبووە.

 

هەروەها داوای پێویستی دابینکردنی ویستی سیاسی و گۆڕینی یاسا جیاکارییەکانی دژی ژنان و پەرەپێدانی میکانیزم و سیاسەتەکانی کرد کە بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسی و ئابووریدا باشتر بکات.

 

"پێشکەوتنی مافەکانی مرۆڤ بیر و باوەڕەکانی پاشەکشە پێکردووە"

زەکیە مارینی وتیشی: لە بواری سیاسی ڕەنگدانەوەی خواستی دەوڵەت و ستراتیژییەکەیەتی لە دەیەکانی داهاتوودا و ئایا ئێمە دەمانەوێت بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک بڕۆین کە یەکسانی لەنێوان هەموو گروپەکاندا بناسێنێت، یان کۆمەڵگەیەک بپارێزین کە لەلایەن چینەوە زاڵە و کولتووری پەراوێزخستن بەرامبەر بە ژمارەیەک لە گروپەکانی کۆمەڵگە زاڵە.

 

ڕوونیکردەوە کە ئەو پێشکەوتنەی کە زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤ و دەستەی ژنان لە مەغریب بینیویانە، بووەتە هۆی لاوازبوونی زۆرێک لە بیرۆکە و باوەڕەکانی وەلاخستنی ژنان و بووە هۆی گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن و سیاسەت، کە بووە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی ژناندا، ئامانجی سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو، چونکە بەشداریکردنی سیاسی ژنان پێویستی بەوەیە کە لە ژینگەیەکی تەندروستدا بژین و بیانپارێزێت و توانای پێویستیان بۆ دابین بکات کە بوونی ژنان لە سیاسەتدا بەهێزتر بکات.

 

سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و بەرەنگاربوونەوەی، وتی: کارکردن لەسەر ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا، چونکە ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان گەشەی پێدرا، کۆمەڵێک ڕێوشوێن لەگەڵ هەڵمەتێک لە ڕێگەی میدیاوە، دامەزراندنی وەزارەتێکی تایبەت بۆ ژنان، هەروەها پێداچوونەوە بە یاسای خێزان و پێدانی کۆمەڵێک مافی سیاسی و ئابووری بە ژنان و یاسای ١٣-١٠٣ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، هەموو ئەو میکانیزمانەی کە دەرفەتیان بە ژنان داوە تیشک بخەنە سەر تواناکانی خۆیان و دۆخی خۆیان لە جاران زیاتر بەرز بکەنەوە.

 

سەبارەت بە بوونی ژنان لە دەستە هەڵبژێردراوەکاندا، زەکیە مارینی دانی بەوەدا نا کە پێشکەوتنێکی بەرچاو هەیە لە ڕووی ژمارەوە، "ڕێژەکە لە ٠٥٪  لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٣ لەناو کۆمەڵگە و پەرلەماندا زیادی کردووە، لە ئێستادا ژنان لە کۆمۆنەکاندا ٢٧٪ پێکدەهێنن، پاشان نزیکەی ٣٣٪ لە ئەنجومەنە هەرێمییەکان و زیاتر لە ٢١٪ لە پەرلەمان، ئەو ڕێژە گرنگەی کە بەهۆی زنجیرەیەک ڕێوشوێنەوە بەدەست هاتووە، لەوانە سیستمی کۆتا و یاسای هەڵبژاردن کە حزبە سیاسییەکان ناچار دەکات ژنان لە لیستی تایبەتدا دابنێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەموو ئەوەی بەدەستهاتووە، کە ڕێژەی ئامادەبوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان هێشتا زۆر کەمە و بوونی ژنان تەنها فەرمییە، جا وەک سەرۆکی کۆمەڵگە ناوچەییەکان، سەرۆکی دەستە هەڵبژێردراوەکان یان ئەنجومەنەکان، یان سکرتێری حزبە سیاسییەکان بێت.

 

"بەشداری ژنان لە بواری ئابووری زۆر کەمە"

سەبارەت بە بوونی ژنان لە بواری ئابووریدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی خۆیان کرد لەناو خێزاندا، جا لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە خاوێنکردنەوەی ماڵ یان پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، بەڵام ئەوان بۆ ئەوە پارەیان پێنادرێت و هەموو ئەو ئەرکانە بە لێهاتوویی خۆیانە، وتی: ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێت بگۆڕدرێت لە ڕێگەی دابەشکردنی یەکسانی ئەرکەکان و ڕۆڵەکانەوە، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەرپرسیارێتییەکانی دیکە لە سەرووی ڕۆڵە نەریتییە ناسراوەکانەوە بگرنە ئەستۆ.

 

ئاماژەی بە بوونی بەهێزی ژنان لەنێو کۆمەڵەکان و هاوکارییەکاندا کرد، هەروەها ژنان هەن کە توانیویانە پڕۆژەی ئابووری دروست بکەن، بەڵام ئەو ژنانەی کە توانیویانە بگەنە پێگەی بەرپرسیارێتی تەنها لە ٢٣٪ زیاتر نین، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، پێویستە لە ساڵانی داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت.