"توندوتیژییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئامارەکانیش دەشاردرێنەوە"

ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سەروەرنەبوونی یاسا وای کردووە ساڵانە ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لە زیادبوون بکات و پارێزەرێکیش دەڵێت: ئامارەکان دەشاردرێنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە زۆربەی کۆمەڵگە داخراوەکان و ئەو کۆمەڵگەیانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە و یاسا سەروەر نییە لە ناویدا، هەمیشە ژنان بوونەتە قوربانی و بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، لە هەرێمی کوردستانیشدا ئامارەکانی توندوتیژی ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە، کە بە پێی ئاماری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٣ هەزار و ٥٨٤ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەم ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ ١٥ هەزار و ٨٩٧.

 

"ئامارەکانی توندوتیژی ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە"

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێن ساڵانە ڕێژەی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ڕوو لە زیادبوونە، هەروەها ڕێژەی جیابوونەوەش ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا ڕێژەی جیابوونەوە ١٠٠٠ حاڵەت زیادی کردووە، واتە لە هەر ٤ کەسێک کە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن ١ دانەیان جیا دەبێتەوە، هەر شوێنێکیش ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆر بوو توندوتیژی زیاتری تیادا ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە شاری سلێمانیش لەبەر ئەوەی قەزا و ناحیەکانی لەسەرە دەبینین ڕێژەی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاترە.

 

"ئاستی ڕۆشنبیری ڕێگر نییە لە ئەنجامدانی توندوتیژی"

شۆخان ئەحمەد ڕوونی کردەوە، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لەناو خێزانەکاندا بوونی هەیە و لە ئێستادا زۆرترینیان توندوتیژی دەروونی، ئابووری، جەستەیی و توندوتیژی سێکسی لەناو خێزان و لە دەرەوەی خێزانیش بوونی هەیە، هەروەها ئەو توندوتیژییەی لە ڕێگەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە دەکرێت و دەچێتە قاڵبی توندوتیژی دەروونییەوە لە کۆمەڵگەدا زیادی کردووە، هەموو چینەکانی کۆمەڵگە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئاستی ڕۆشنبیریش نەبووە بە هۆکارێک کە تاکەکان بەوهۆیەوە توندوتیژی ئەنجام نەدەن.

 

وتیشی: زۆرترین ڕێژەی ئەنجامدانی توندوتیژی لەو خێزانانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئاستی ڕۆشنبیریان نییە یان مامناوەندە، هۆکاری زیادبوونی ئەم توندوتیژیانەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی باری ئابووری و بێکاری و هەژاری و جاری وەها هەیە، بە هۆی هەژارییەوە چەند خێزانێک لە یەک خانوودا دەژین و ئەمەش کێشەکان زیاتر دەکات، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی توندوتیژی.

 

"ئەو ژنانەی دەکوژرێن زۆربەیان لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوەیە"

شۆخان ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئامارەکان بە شێوەیەکی فراوان ناخرێنە ڕوو، تەنها ئەو ئامارانە لە بەردەستان کە چەنێک سکاڵا هەبووە، هەروەها تەمەن و ئەو کێشەیەی کەسەکان کە سکاڵایان کردووە ئاشکرا ناکرێن، ڕێژەی کوشتنی ژنانیش کە دوو جۆرە، یان کوشتن یان خۆکوشتنە، بە هەمان شێوە دیار نییە، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خێزانەکە خۆی نایەوێت سکاڵا تۆمار بکات، چونکە زۆر جار ئەو ژنانەی لە هەرێمی کوردستان دەکوژرێن لەلایەن کەسە نزیکەکانی خێزانەوە دەکوژرێن، بۆیە ساکاڵا تۆمار ناکرێت و ناگات بە بنکەکانی پۆلیس و دواجار فایلێک لەناو دادگاکاندا نییە، هۆکارێکی تری ئاشکرا نەبوونی ئامارەکان بۆ ئەوەیە کە خەڵکی تووشی ترس نەبن لەو ئامارە زۆرەی کوشتن و توندوتیژی، بۆیە پێویستە تەنها کار لەسەر ئاشکرا کردنی ئامارەکان نەکرێت، بەڵکو ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدۆزرێتەوە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتژی.

 

"پێویستە دادگایەکی سەربەخۆ تایبەت بە کوشتنی ژنان هەبێت"

شۆخان ئەحمەد جەختی کردەوە، زۆربەی ئەو کەیسانەی دێنە لایان ئەو ژنانەن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە و دواجار سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە، وتی: ئێمە ماوەیەکیان پێدەدەین دواتر ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر، ئەگەر دوا بڕیاریان جیابوونەوە بێت، لە کاتی کوشتنی ژنێکیشدا ئەگەر خێزانەکان هاوکاری ئێمەیان پێویست بێت، ئەوە پارێزەر بۆ کەیسەکەیان دابین دەکەین.

 

دەشڵێت: لە کاتێکدا دەبێت یاسا سەروەر بێت، بەڵام کەیسەکانی ژنان بە جدی ئیشی لەسەر نەکراوە و گرنگی پێنەدراوە بەوەی کە زۆر جار کەیسەکانی ژنان دوا دەکەون لە دادگاکاندا و دادگاییەکەیان ٢ بۆ ٣ ساڵی پێدەچێت، بۆیە ئێمە داوامان کردووە دادگایەکی سەربەخۆ تایبەت بە کوشتنی ژنان هەبێت تا کێشەکەیان زوو یەکلا ببێتەوە و بەڵگەکان کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن.

 

"ناهۆشیاری ژنانی دوو جار کردووە بە قوربانی"

شۆخان ئەحمەد، لە کۆتایدا وتی: تاکەکان لەبەرئەوەی هۆشیاریان نییە بۆیە ژن دوو جار دەبن بە قوربانی، بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی دەبێت هۆشیاری یاسایی بڵاوبکرێتەوە، تەنها ڕێکخراوەکان ئەم ئەرکەیان لەسەر شان نییە، بەڵکو دەبێت حکومەت هەموو دام و دەزگاکان ئاگادار بکاتەوە و بیکات بە ئەرک کە هەموویان هۆشیاری بڵاو بکەنەوە، هەروەها ڕاگەیاندنەکان دەبێت ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان بەرامبەر بە ئەرک و مافەکانیان و ژنانیش دەبێت هۆشیار بن و لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەکدا، لایەنی پەیوەندیدار ئاگەدار بکەنەوە و سەردانی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی بکەن.