"هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی مافەکانی ژنان دەخاتە مەترسییەوە"

ژمارەیەک  لە ژنانی سیاسی و پارێزەران ڕەخنەیان لە بەشێک لە پەرلەمانتاران گرت کە دەیانەوێت یاسای باری کەسێتی بگۆڕن و ڕایانگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە پێشێلکردنی مافی ژنانە و دەبێتە هۆی تایەفەگەری.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- ژنانی عێراق لە بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و بڕیاردان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، پارتە سیاسییەکان سیاسەت و پڕۆسەی بڕیاردانی وڵات کۆنترۆڵ دەکەن، ژنان دەرفەتی یەکسانیان پێ نادرێت بۆ گەیشتن بە پۆستە باڵاکان، کولتووری سیاسی باڵادەست هەژموونی پیاو قبوڵ دەکات و کاریگەری لەسەر میکانیزمی بڕیاردان بۆ ژنان قورس دەکات، هەرچەندە هەندێک لە ژنان لەسەر ئاستی وەزاری خزمەت دەکەن، بەڵام ژمارەیان سنووردارە و زۆرجار بەهۆی فشاری سیاسییەوە ڕێگرییان لێدەکرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بە شێوەیەکی کاریگەر بەجێبهێنن.

 

ژنان لە عێراق هەرچەندە لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدا دەبن لە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا، بەردەوامن لە خەبات و تێکۆشان بۆ پاراستنی مافەکانیان، ژنان باس لەوە دەکەن کە گۆڕینی یاسای باری کەسێتی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، پێیان وایە کە پێویستە گۆڕانکاری یاسایی و چاکسازی کۆمەڵایەتی بکرێت بۆ بەهێزکردنی ژنان.

 

"ژنان کاردانەوەیەکی بەهێزیان لە دژی گۆڕینی یاساکە نیشاندا"

 بوشرا عوبەیدی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، کاریگەری ژنان لە بابەتی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیدا سنووردار بووە و وتی: بەشێک لە ژنە پەرلەمانتارەکان لەبری ئەوەی کە بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکەن پشتگیری لە هەمووارکردنەوەکە دەکەن، ژنان لە پەرلەمان و لەسەر شەقامەکان هەڵوێستێکی بەهێزیان لە دژی ئەم گۆڕانکارییە نیشان دا، بە پێچەوانەی بیرۆکەی کۆتا کە هەندێک مافی بە ژنان بەخشی، نوێنەرایەتیکردنیان بە واتای ڕاستەقینەی ئاستەنگ کراوە، چاوەڕوانییەک هەیە کە ژنان لە بلۆکێکدا کۆببنەوە، بڕیارێک بدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات، لایەنە سیاسییەکان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ئەو ژنانە بەڕێوەدەبەن.

 

"گۆڕانکاری یاساکە دەبێتە هۆی زیادبوونی تایەفەگەری"

ئەمەل سەقەر، سەرۆکی پەیمانگای پەروەردەی میدیای نما، ڕایگەیاند، پێویستە هەمووارکردنەوەی یاساکە بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕەتبکرێتەوە و وتی: هاوسەنگی هێز لە پەرلەمان تێکچووە< هەندێک لایەنی سیاسی، دژی گۆڕینی ئەم یاسایە، دانوستانیان کردووە بۆ ئەوەی یاساکان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان دەربچن، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بووەتە هۆی زیادبوونی جیاوازی ڕەگەزی و بەشداری ژنانی عێراق بە ڕێژەی ٢٥% سنووردار کراوە، ئەم سیستمی کۆتایە جیاکاری لە دژی ژنان دەکات و ڕێگەیان پێنادات دەسەڵاتیان هەبێت.

 

"پێویستە ژنان زیاتر بەشداری کۆمەڵگە بکەن"

ئەزهەر شێخی، پەرلەمانتاری پێشوو و شارەزای یاسایی ڕایگەیاند، ژنانی عێراق شارەزان و دەتوانن بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن و وتی: بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر پرسی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، بەڵام هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە لەبەردەم ژناندایە کە بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان دەدەن، پێویستە بەشداری ژنان لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا زیاتر بکرێت و زیاتر بەشداری پڕۆسەکانی یاسادانان بکەن.

 

"پێویستە پشتیوانی کۆمەڵایەتی زیاتر بێت"

بوشرا جەعفەر ئەبو عەیس، داکۆکیکاری مافی خێزان و منداڵان ئاماژەی بەوەدا، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی زیان بە مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق دەگەیەنێت و وتی: بە هەمووارکردنەوەی ئەم یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، ئەو مافانەی کە هەیانە دووبارە دادەخرێتەوە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە نەهێشتنی جیاکاری لە دژی ژنان و مافەکانی منداڵان کە عێراقیش واژۆی کردووە، پێویستە عێراق باسی ئەو گۆڕانکارییە نەکات و وۆرک شۆپی جۆراوجۆر ئەنجام بدات، لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی ژنان چالاکانە بەشداری پرۆسە سیاسییەکان بکەن، دەنگیان بەهێزتر لە میکانیزمەکانی بڕیاردان دەرببڕن، پێویستە پشتیوانی کۆمەڵایەتی زیاتر بکرێت.