سەما سەعادەت: "ژن نابێت ڕادەستی نەفامی بێت"

لە ئەفغانستان ئەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی کە بە تایبەتی کار بۆ ژنان دەکەن، دەبێت پیاوێک وەک سەرۆک بناسێنن، ئەگەرنا دەبێت چالاکییەکانیان ڕابگرن، ژنێکیش دەڵێت: نابێت ژن ڕادەستی نەفامی ببێت.

بەهاران لاهیب

 

کابول- تاڵیبان بە دەرکردنی ژنان لە فەرمانگە حکومییەکانەوە نەوەستا، تەنانەت ڕێگرییان لە کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە خێرخوازییە بیانییەکانی وەک نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد و ڕۆژانە فشارەکان لەسەر دامەزراوە ناوخۆییەکان بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بۆ ژنان زیاد دەکەن، لە بڕیارێکی دیکەدا، ئەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی کە بە تایبەتی کار بۆ ژنان دەکەن، دەبێت پیاوێک وەک سەرۆک بناسێنن، ئەگەرنا ناچار دەبن چالاکییەکانیان ڕابگرن.

 

چەکدارەکانی تاڵیبان ڕۆژانە دەچنە نوسینگەکانی دامودەزگا خێرخوازیەکانی ژنان و بە بیانووی جۆراوجۆر کارەکانیان تێکدەدەن، ئەمەش هۆکاری دژایەتییان بەرامبەر بە ژنانە و جگە لەوەش لە دوای حوکمڕانی خۆیان دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە.

 

سەما سەعادەت، بەڕێوەبەری بەشی پەروەردەی یەکێک لە دامەزراوەکانی ئەفغانستان، لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە هەڵسوکەوتی خراپی تاڵیبان دەکات، کە چەکدارەکانی تاڵیبان چەندین جار لەژێر ناوی لێکۆڵینەوە هاتوونەتە نوسینگەکەیان، گروپێکیان شەوانە دوای چەند پشکنینێک هاتوون و هەمووانیان دەرکردووە و نوسینگەکەیان تاڵانکردووە، پاشان، گروپەکانی تر دێن و هەڕەشە دەکەن.

 

سەما سەعادەت دەڵێت: چوار مانگ پێش ئێستا نوسینگەکەمانیان داخست، هەفتەی ڕابردووش خەڵکی هەواڵگری تاڵیبان دیسان هاتنە نوسینگەکەمان و ڕێگریان لە کارەکانمان کرد و گوتیان نابێت کار بۆ پەروەردەی ژنان بکەین، بۆ درێژەدان بە کارەکان دەبێت پەنا بۆ ڕێگەی جیاواز ببەی، هەر جارێک تاڵیبان دێنە نوسینگەکە، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە دەکەن، تەنانەت ئامادە نین قسەمان لەگەڵ بکەن، چونکە ژنان بە مرۆڤی کەم دەزانن، لە نوسینگەکەشمان ناچاربووین بە فەرمی پیاوێک وەک سەرۆک بناسێنین، لە کاتێکدا هەموو کارەکانمان بۆ ژنانە، ئەگەر واشمان نەکردایە، نوسینگەکەمان دادەخرا.

 

سەما لە تەمەنی ٢٠ ساڵیەوە لە بەشی پەروەردەی ژنان لە پۆستە جیاجیاکانی پارێزگاکانی ئەفغانستاندا خزمەتی کردووە، جەختی کردەوە، تا کۆتایی هەوڵ دەدەین کە فەرمانگەکەمان دانەخرێت و هەرگیز کەرەستەی زانستمان لێ وەرنەگرنەوە، بە هەر شێوەیەک بێت دەچمە ماڵی خوێندکاران و هەوڵ دەدەم کچەکان فێر بکەم.

 

سەما لە کۆتاییدا وتی: ژن نابێت ڕادەستی نەفامی بێت، تەنانەت ڕەنگە پارە بۆ کارەکانیان بەدەست نەهێنن، بەڵام هەوڵ بدەن ژنانی دیکە خوێندەوار بکەن.