دەستکارییەکانی پڕۆگرامی خوێندنی سووریا پرسیار لەبارەی پێگەی ژنان و هەمەجۆریی کولتوورییەوە دەوروژێنن
دەستکارییە دواکەوتووەکانی پڕۆگرامی پەروەردەیی لە سووریا دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی کاتی، دوای ئەوەی وێنەی ژنان و ناوەڕۆکە مێژوویی و کولتوورییەکانی گرتەوە، گفتوگۆیەکی فراوانی لێکەوتەوە.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا ـ لە نێوان هێنانی گۆڕانکاری کە وێنەی ژنانی گرتەوە و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکە کولتووری و مێژووییەکاندا، پرسیار لەبارەی ئەو پێوەرانە دەردەکەون کە لە پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی سووریادا پشتیان پێ بەستراوە، تا چەند پشت بە بنەما پەروەردەیی و زانستییەکان دەبەستن کە هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی ناوەڕۆکی پەروەردەیی لەسەر منداڵان و خوێندکاران ڕەچاو دەکەن.
پڕۆگرامە پەروەردەییەکانی سووریا، دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی کاتی، گۆڕانکارییان بەخۆوە بینی کە گفتوگۆیان لەسەر سروشتی ئەو گۆڕانکارییانە دروست کرد کە ناوەڕۆکی پەروەردەییان گرتەوە، بەتایبەت وێنە هونەری و کولتوورییەکانی نوێنەرایەتیکردنی ژنان، لەگەڵ سڕینەوەی ناوەڕۆکە مێژووییە پەیوەندیدارەکان بە هەمەجۆریی کولتووری لە سووریا.
وێنەی ژن لە پڕۆگرامەکاندا و کاریگەریی لەسەر منداڵان

ئامال عەتوانی، خاوەنی باخچەی ساوایان و منداڵان و دەرچووی ئەدەبی عەرەبی، ڕوونیکردەوە، کە پەرتوکەکانی خوێندن و پڕۆگرامە پەروەردەییەکان ڕۆژێکی گرنگ دەگێڕن لە شێوازسازیی تێڕوانینی منداڵان بۆ کۆمەڵگە، لە بونیادنانی دیدگەیان بۆ ڕۆڵی ژنان و پیاوان و تواناکانیان.
جەختی لەوە کردەوە، کە کاریگەریی پڕۆگرامەکان سنووردار نییە بەو زانیارییانەی پێشکەشی دەکەن، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەو وێنە و نموونانەی کە لەبەردەم منداڵاندا دەریان دەخەن، چونکە وێنەی ژن لە پەرتوکەکاندا دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر تێڕوانینی منداڵانی کچ بۆ ڕۆڵ و تواناکانی داهاتوویان، هەروەها بەشداری دەکات لە شێوازسازیی تێڕوانینی کوڕان بۆ ژن و پێگەکەی لە کۆمەڵگەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە سنووردارکردنی نوێنەرایەتیکردنی ژن تەنها لە یەک نموونە یان ڕۆڵێکی دیاریکراودا سنوور بۆ هیوای منداڵانی کچ دابنێت، وێنە ستیرۆتیپییەکان لەلای منداڵانی کوڕ بەهێز بکات، نموونەیەک بۆ ئەوە دەهێنێتەوە کە پێشکەشکردنی وێنەی ژن لە پەرتوکەکاندا تەنها لە ڕۆڵی ناوماڵدا، وەک چێشتلێنان و کارکردنی ناوماڵ، بێ ئەوەی تواناکانی زانستی و کولتووری و بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا دەربخرێن.
لە بەرامبەردا، پێی وایە کە پێشکەشکردنی نموونەی جیاواز بۆ ژنان، بە جۆرێک کە ئامادەیییان لە بوارەکانی زانستی، کولتووری و کۆمەڵایەتیدا لەخۆ بگرێت، دەکرێت بڕوابەخۆبوون لەلای منداڵانی کچ بەهێز بکات و تێڕوانینیان بۆ داهاتوویان فراوانتر بکات، هەروەها یارمەتیی منداڵانی کوڕایش دەدات بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی بەشداری و تەواوکاریی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا.
پێوەرەکانی دەستکاری لە نێوان بنەما پەروەردەیییەکان و ئاڕاستە کۆمەڵایەتییەکاندا
ئەو دەستکارییانەی کە وێنە و ناوەڕۆکی پەروەردەییان گرتەوە، پرسیار لەبارەی ئەو پێوەرانە دەوروژێنن کە دەبێت لە کاتی پێداچوونەوە و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکاندا پشتیان پێ ببەسترێت، وتی: هەندێک لە گۆڕانکارییەکان تا ئاستێکی پێویست پشت بە پێوەری پەروەردەیی و زانستیی باوەڕپێکراو نابەستن، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بڕیار و ئاڕاستەی ئایینی و کۆمەڵایەتین.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستکاریکردنی وێنەی ژنان و زۆرکردنی باڵاپۆشی یان نیقاب بۆیان، ڕەنگە ببێتە هۆی سنووردارکردنی وێنەی ژن لە شێوازێکی دیاریکراودا، بە جۆرێک کە کاریگەریی هەبێت لەسەر توانای منداڵان بۆ قبووڵکردنی هەمەجۆری لە ڕوخسار و پۆشاکدا، هەروەها منداڵان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنیاندا کاریگەر دەبن بەو وێنە بینراوانەی کە دەیانبینن، ئەمەش وا دەکات شێوازی نیشاندانی ژن لە پەەتوکەکاندا ببێتە هۆکارێکی کاریگەر لە شێوازسازیی تێڕوانینیان بۆی.
ئامال عەتوانی جەخت لەسەر پێویستیی ئەوە کردەوە، کە دەستکارییەکانی پڕۆگرامەکان پشت بە پێوەری زانستی و پەروەردەییی ڕوون ببەستن، کە بە توێژینەوەی باوەڕپێکراو و ژێدەرە پسپۆڕ و ناسراوەکان پشتگیری کرابن، لە بڕی ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەی کۆمەڵایەتی یان ئایینیی توندڕەو بن.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی بەشدارپێکردنی مامۆستایان، خاوەن ئەزموونە پەروەردەیییەکان و پسپۆڕان کردەوە لە پڕۆسەکانی پێداچوونەوەی پڕۆگرامەکاندا، بە جۆرێک کە ڕێگە بدات بە هەڵسەنگاندنی کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر دەروونیی منداڵان و خوێندکاران، تێگەیشتن لە ڕەنگدانەوەیان لەسەر گەشەی زانست و زانیاری و کۆمەڵایەتییان.
بەرەو پڕۆگرامێک کە ڕەچاوی هەمەجۆری بکات و کەرامەتی هەمووان بپارێزێت
ئامال عەتوانی پێی وایە دەبێت پڕۆگرامەکان ناوەڕۆکێکی هاوسەنگ و جیاواز پێشکەش بکەن، کە ڕەنگدانەوەی فرەییی ڕۆڵە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ژن بێت، دەرفەت بە منداڵان بدات تا ئاشنای نموونەی جیاواز ببن بێ ئەوەی لە تێڕوانینی پێشوەختە یان وێنەی ستیرۆتیپیدا قەتیس بکرێن.
هەروەها بانگەواز بۆ ئەوە دەکات کە پرۆسەی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان ڕەچاوی توخمە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکات، بە بەشداریکردنی پسپۆڕان و مامۆستایانی خاوەن ئەزموون ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک مسۆگەری بکات کە بڕیارەکان پشت بە بنەما پەروەردەیییە لێکۆڵینەوەلەسەرکراوە ببەستن، کەلوپەلە پەروەردەیییەکان بەشداری بکەن لە چەسپاندنی ڕێزگرتن لە ئەوانی تر و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤدا.

مامۆستا جنان سەعید وتی: دەستکارییەکان بە دوو قۆناغدا تێپەڕین، چونکە حکومەتی کاتی لە قۆناغی یەکەمدا ڕای گەیاند کە ئامانجیان لابردنی وێنە و ئاماژە پەیوەندیدارەکانە بە رژێمی پێشوو، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئێستاش ئەوا پەیوەندییان بە سروشتی ئەو وتارەی پەسەندکراوە لە پڕۆگرامەکاندا هەیە، لەگەڵ جێگۆڕکێی وتاری نەتەوەیی بەعسی بە وتارێکی خاوەن تایبەتمەندییەکی ئایینیی توندتر.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەیان هەبووە لەسەر ئامادەییی ژنان لە پەرتوکەکانی خوێندندا و شێوازی نوێنەرایەتیکردنیان لە ڕووی بینراوەوە، هەروەها هەندێک لەو وێنەیانەی ژنانی تێدا دەردەکەون تووشی دەستکاری بوون کە زیادکردنی باڵاپۆشی لەخۆ گرت، لە کاتێکدا وێنە و بەرهەمە هونەری و کولتوورییەکان سڕرانەوە، لەوانەش تابلۆی مۆنالیزا و کەسایەتیی ئورنینا.
ئاماژە بە سڕینەوەی ئەو بڕگانە دەکات کە باس لە کەسایەتی و ڕووداوە پەیوەندیدارەکان بە مێژووی سووریاوە دەکەن، لەگەڵ نموونەی سڕینەوەی بڕگەی سوڵتان پاشا ئەترەش کرد لە پەڕتوکی مێژوودا، بە جۆرێک کە پێی وایە ئەم گۆڕانکارییانە پرسیار لەبارەی ئاستی ئامادەییی پێکهاتە جیاوازەکان و بەشدارییە کولتووری و مێژووییەکانیان لە پڕۆگرامە پەروەردەیییەکاندا دەوروژێنن.
بەم شێوەیە، سڕینەوەی ئەو بڕگانەی کە ڕۆڵی ژنی سووری بەڵگەدار دەکەن و جێگۆڕکێی وێنەکانیان بە وێنەی گەنجان لە پڕۆگرامە نوێیەکاندا، بەشداری دەکات لە بێبەشکردنی بەشدارییە مێژووییەکەی لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا لە یادوەریی نەوەکاندا، ێەو شتەی کە چاودێران بە بەهێزکردنی ستیرۆتیپی ڕەگەزی و بچووککردنەوەیەکی ڕاستەوخۆی ڕۆڵی ژنان لە بۆشایی گشتی و پیشەییدا لە داهاتوودا دەبینن.