دواکەوتنی کەیسەکان لە دادگادا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەکاتەوە

لە نێوان ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ دا ٧٦٦ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان زیادی کردووە، پارێزەرێکیش دەڵێت: ئەو ژنانەی سەردانمان دەکەن، دەڵێن چەند ساڵە هاوژینەکەم خیانەتم لێدەکات و توندوتیژیم بەرامبەر دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک پێم نەڵێن بێ هاوژین نەمویستووە جیاببمەوە

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- جیابوونەوەی هاوژینان، کۆتاییهێنانە بە ڕێککەوتنی ژیانێکی هاوبەشی نێوان دوو کەس کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بە خواستی خۆیان دەستیان پێکردووە،ئەم جیابوونەوەیە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا تێڕوانینی جیاوازی لەسەرە، بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری تیایدا زاڵە، ژنان دەبنە بەرکەوتەی یەکەمی زیانەکان و دواکەوتنی کەیسەکانیشیان لە دادگادا، توندوتیژییەکان زیاد دەکات.

 

ئاماری جیابوونەوە لەدادگاکاندا ڕوو لەزیادبوونە

گۆنا مەجید، پارێزەر و ستافی هاریکاری ڕێخراوی ژنان، دەربارەی ئاماری جیابوونەوە ئەوەی خستەڕوو، کە ئامارەکان تا دێت لە زیادبووندایە، بەهۆی زۆری کەیسەکانیشەوە، دادوەران و کارمەندانی دادگا فریایی یەکلایکردنەوەی کەیسەکان ناکەون، وتیشی: ئامارەکان دەریدەخەن ڕێژەی جیابوونەوە لە هەڵکشاندایە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٧٦٧ و ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٥٣٣ کەیسی جیابوونەوە لە دادگاکاندا تۆمارکراوە و بەراوردی نێوان ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢دا ٧٦٦ حاڵەت زیادی کردووە، ئەو کەیسانەی ڕوو لە دادگاکان دەکەن هۆکاری لێکتێنەگەیشتنی هاوژینانە، یاخود بڕیاردانیانە لە ڕێگەی هەست و سۆزیانەوە یان نەگونجاندنی ئاستی کۆمەڵایەتیان، قەیرانی دارایی و دەستوەردانی کەسانی دیکەیە بۆ ناو ژیانی ئەو دوو هاوژینە، کە دەبنە هۆکاری لێکترازانی خێزانی.

 

ژنان دەتوانن سکاڵا لە دژی هاوژینەکانیان تۆمار بکەن

ئەو پارێزەرە باس لە ماددە یاساییەکان دەکات و دەڵێت: لە ماددەی ٤٠ی جیابوونەوەدا بە هۆکاری زیانگەیاندن، لە ماددەکەدا ڕێگە بە هاوژینان دەدرێت ئەگەر زیانیان بە یەکدی گەیاندبێت، جا لە ڕێگەی توندوتیژیەوە بێت، یاخود بەکارهێنانی وشەی ناشرین یان خیانەتی هاوژینان بێت، یان هەندێک کار لەڕوی شەرع و یاساوە ڕێگە پێنەدراوە بە دەستدرێژی سێکسی دادەنرێت و دەتوانن داوای جیابوونەوە بە هۆکارێک لە هۆکارەکانی نەگونجان لە ڕێگەی دادگاوە بەرز بکەنەوە، بەڵام هەندێک جار کەیسەکانی ژنان لە دادگادا دوادەکەوێت، هۆکاری ئەو دواکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونی کەیسەکان و درەنگ وەڵامدانەوەی کەیسەکان لە دادگادا، هەندێکجار ژنان لەو ماوەیەدا کە دەمێننەوە ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەبنەوە و یاخود لەلایەن هاوژینانیانەوە دەکوژرێن.

 

لەدوای جیابوونەوە منداڵ قوربانی یەکەم دەبێت

لە درێژەی قسەکانیدا گۆنا مەجید باسی لەوەکرد، لە یاسایی باریی کەسێتی عێراقی باسی مارەیی و نەفەقەی ژن کراوە، مارەیی دیاریکراو نییە هەرچیەک بێت لە ڕووی شەرع و یاساوە گونجاوە، ئەگەر ئەو ژنە مارەی دیارینەکرا بێت لە دادگادا بەپێی مارەی کەسە نزیکەکانی مارەیی بۆ دیاری دەکرێت، هەروەها نەفەقە لەسەر پیاوان ئەرکە لە دوای بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیری، بە هەمان شێوە ٣ مانگ دوای جیابوونەوەی پیاوەکە نەفەقەی ئەو ژنە دەدات، بەڵام منداڵ لەو ڕۆژەوەی لەدایک دەبێت ئەرکی بەخێوکردنی لەلایەن پیاوەکەوە دەبێت، ئەگەر ئەم هاوژینانە جیاش ببنەوە، شێوازی نەفەقەی منداڵ ئەگەر منداڵەکە کچ بێت هەتا ئەوکاتەی زەواج دەکات و ئەگەر منداڵەکە کوڕ بێت هەتا کاتێک لە خوێندندا بێت نەفەقەیان لەسەر باوکە.

 

گۆنا مەجید وتیشی: ئەو کەیسانەی دێتە لامان، ئێمە وەک پارێزەر هەڵدەستین بە ئەرکی خۆمان و هەوڵدەدەین بۆ لێک نەترازانی ئەو خێزانە، چونکە زۆربەی ئەو هاوژینانەی یەنە لامان خاوەنی منداڵن، لە دوای لێکترازانی خێزان منداڵ قوربانی سەرەکیی دەبێت، بۆیە هەوڵی تەواوەتی دەدەین لەگەڵیان بۆ ئەوەی جیابوونەوە ڕوونەدات، خۆشبەختانەش زۆربەیان بە قسەمان دەکەن و هەوڵی دووبارە پێکهێنانی ژیانێکی نوێ دەدەنەوە.

 

کۆمەڵگە دوای جیابوونەوە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکات

گۆنا مەجید لە کۆتاییدا وتی: ژنان ترسێکی زۆریان هەیە لە جیابوونەوە و هەوڵدەدەن زۆرترین قوربانی بدەن لە بەرامبەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە کۆمەڵگەدا بە چاوێکی خراپ سەیرییان نەکرێت، هەروەها لە دوای جیابوونەوەیان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووبەڕووی چەندین وشەی نەشیاو دەبنەوە وەک وشەی بێوەژن، زۆربەی ئەو کەیسانەی دێنە لامان، ژنان دەڵێن چەند ساڵە دەزانم هاوژینەکەم خیانەتم لێدەکات، بەڵام داوای جیابوونەوەم نەکردووە، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەدا پێم نەوترێت بێ هاوژین و بە چاوێکی خراپ سەیر نەکرێم.