چالاکوانی مافی مرۆڤ: نەزانی لە یاساکان پەراوێزخستنی ژنانی تونس زیاتر دەکات

عەفوە میساوی، چالاکوانی مافی مرۆڤ پێیوایە، نەزانی لە یاساکان و نەبوونی هۆشیاری دوو هێندە بووەتە هۆی پەراوێزخستن و هەژارکردنی ژنان، داوای هۆشیارکردنەوەی لەڕێگەی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەکات.

زهور مەشریقی

 

تونس-باشترکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا پەیوەستە بە دەرکردنی یاسایەکی بەهێزەوە کە پارێزگاری لێ بکات و مافەکانیان دەستەبەر بکات، بەڵام بەبێ هۆشیاری ژنان ئەم یاسایانە ناتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن.

 

عەفوە میساوی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ڕێکخەری یاسایی بۆ کۆمەڵەی “ژن یەکەم”، لە ویلایەتی سیدی بوزید لە ناوچەی ناوەڕاستی ڕۆژئاوای وڵات، ئاماژەی بەوەکرد، ترس لە کۆمەڵگە، پابەندبوون بە داب و نەریتی و نەزانی لە یاساکان ئازارەکانی ئەو ژنانەی کە لە پەراوێزخستن و هەژاریدا دەژین زیاتر کردووە، کاتی ئەوە هاتووە کار لەسەر گۆڕین و پەرەپێدانی عەقڵیەتەکان بکەن بۆ پێشخستنی واقیعەکەیان.

 

کۆمەڵەی ژنان لە تونس، “ژن یەکەم” بەشدارە لە بڵاوکردنەوەی کولتووری مافی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان، هاندانی بەشداریکردنی ژنان و گەنجان لە ژیانی گشتیدا، پشتیوانیکردن لە تواناکانی سەرکردایەتیکردنیان.

 

"نەزانینی ژنان بۆ یاساکان پەراوێزخستنیان زیاتر دەکات"

عەفوە میساوی ئاماژەی بەوەشکرد، نەزانینی ژنان لە بوونی ئەو یاسایانەی کە دەیانپارێزن لە ئەنجامی نەبوونی ڕێنمایی میدیایی، پەراوێزخستن و ئیستغلالکردنیان زیاتر کرد، هاوشێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کە لە ساڵی ٢٠١٧ دەرچووە و یاساکانی دیکە کە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و توندوتیژی، وتیشی: ئەو ژینگە کۆنەپەرستانەی کە ژنانی ناوچەکانی ناوخۆ تێیدا گەورەبوون هۆکاری ئەو بەربەستەی دەوروبەری بووە، بەو ترسەی هەستی پێدەکەن، وەک چۆن لە خودی یاسا دەترسن و ترسیان هەیە لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکارەکە یان ئەوانەی کە لەڕووی ئابوورییەوە دەیانقۆزنەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، دیاردەی توندوتیژی ژنان لە ناوچەکەیدا بەقەد دەسەڵاتە جیاوازەکانی ناوخۆ بەربڵاوە، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری و ترس لە تێڕوانینی کۆمەڵایەتی ئەگەر زیانبەرکەوتوو سکاڵا تۆمار بکەن یان سکاڵا لەسەر دەستدرێژیکارەکە تۆمار بکەن، لەبەرئەوە کۆمەڵەکە خەریکی دامەزراندنی پشتگیریکردنیانە بە ڕێنمایی و ڕاوێژکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کۆمەڵەکە  لە سیدی بوزید هەوڵدەدات پشتگیری لە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە دەستدرێژیان کراوەتەسەر بکات.

 

عەفوە میساوی پێیوایە بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە و ڕێگەدان بە کارکردن و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەو بەڵایەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە تونس دوو هێندە زیادی کردووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لە چڕنەبوونەوەی ناوەندەکانی داڵدەدان لە ناوچەکانی ناوخۆ گرت، کە هاوکات لەگەڵ نەبوونی ئامرازە پێویستەکانی پاراستن کە لە یاسای ٥٨ تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاری کراوە، بێبەشکردنی سیدی بوزید و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ لە توانای پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بە شێوەیەکی دروست بووەتە پێویست بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی.