چالاکوانێکی تونسی: ژنانی شەڕڤانی کورد ڕۆڵی نەریتی ژنانیان لە ناوچەکەدا تێکشکاند

ژنانی شەڕڤانی کورد ئەو چەشنە کۆنەپەرست و ڕۆڵە ڕەگەزیە باوانەیان تێکشکاند کە ژنانی لە سووریادا قەتیس کردووە، هەر بۆیە گروپە توندڕەوەکان شەڕیان لەگەڵ دەکەن و بە هێز و توندوتیژی بڕووبەڕوویان دەبنەوە.

زهور مەشریقی

 

تونس-لە ٦ی کانوونی دووەمەوە چەتەکانی هەتەشە شەڕێکی دڕندانەیان لە دژی دانیشتووانی کورد دەستپێکردووە، کە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب دەستیپێکردووە، ئەم هێزانە لە چەتەکانی هەتەشە و تورکیا پێکهاتوون، چەندین پێشێلکارییان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەت ژنان ئەنجامداوە.

 

پەرەسەندنی سەربازی لەدژی گەلی کورد لە سووریا بەردەوامە، کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشە بە کاەنامەی دەرەکی پاڵنەریان بۆ ئەنجام دەدرێت، لەنێویاندا کارنامەی تورکیا لە سووریا، هاوڵاتیانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لە حەلەب و ڕەققە بەرامبەر ژنان ئەنجام دراوە، ئێستا چاویان لەسەر حەسەکە و قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ئیقبال غەربی، چالاکوانێکی ئەکادیمی و مافی مرۆڤ، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، ئەوە شەرمەزارییە لە سەدەی بیست و یەکدا، کە سەدەی مافی ژنان و مرۆڤ و منداڵان و کەمینەکان، ئێمە لە ژێر ئەو جۆرە نادادپەروەری و هەڕەمەکی و دڕندەیی سەدەی ناوەڕاستدا دەژین و کەمینەکان و گروپە ئایینییەکان گۆشەگیری دەکرێن و دەبنە زیانلێکەوتووی توندوتیژی، هەڵاواردن، پەراوێزخستن لە جیهانی عەرەبیدا.

 

دووپاتی کردەوە، کە ئەرکی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە بەرگری لەو گروپانە و مافەکانیان بکات، بە پابەندبوونێکی ڕەوشتی دەزانێت بەپێی ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە چەوساوەکان، وەک مرۆڤ ناتوانین ستەمی ئەوانی دیکە قبوڵ بکەین و ڕێزگرتن لە مافەکانی کەمینەکان بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و بەردەوامی پێویستە، هەموو دەوڵەتێکی خێڵەکی کە کەمینەکان بەدەر بکات، بەرپرسیارێتی شەڕی ناوخۆ و ململانێ خێڵەکی لە ئەستۆ دەگرێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەوروپا شەڕی خێڵەکی و ئایینی تێنەپەڕاند تا ئەوکاتەی دانی بە مافی کەمینەکانیدا نەنا و بە هاوڵاتی پلە یەک نەک هاوڵاتی پلە دووی دەزانی، تەنانەت لەسەر ئاستی کاریش، وەک گەرەنتییەک بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بۆ هاوئاهەنگی و کۆدەنگی کۆمەڵایەتی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، جێگە داخە کاتێک دەسەڵاتداران خۆیان ناتەبایی و توندڕەوی دەچێنن، وتی: ئەمە دەبێتە پرسی سەرەکی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی کە دەوڵەت هەر بەرجەستەی ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت یەکگرتنی کۆمارییەکان، هەوڵدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو هاوڵاتیان بە یەکسانی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و ڕەخساندنی هەلی یەکسانی و هەر کەسێک بە هاوڵاتی بزانێت، ئەمەش بەو واتاییە کە دەوڵەت خاوەنی چوارچێوەیەکی یاساییە کە هەموو جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزی و چینایەتییەکان تێدەپەڕێنێت، دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی بێت کە ماف و بەرپرسیارێتی تێدابێت و ئەمەش مەرجی بنەڕەتی پێکەوە ژیانە، جیاوازیەکان تەنها لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت، دڵنیابوون لە بەردەوامی دەوڵەت، نەک لەسەر بنەمای دڵسۆزی و پەیوەندییە نەتەوەیی یان ئایینییەکان، هەموو هاوڵاتیان بە ژن و پیاوە یەکسانن، ئەمەش مەرجی یەکەمە بۆ بونیادنانی دەوڵەت.

 

وتیشی: دەبێت عەلمانیەت جێبەجێ بکرێت، دەوڵەت دەبێت بێلایەن بێت، چونک عەلمانیەت دژی ئایین نییە، وەک زۆرجار بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو تەکنیکێکە بۆ بەڕێوەبردنی فرەچەشنی و جیاوازی، ئەمەش بەو واتاییە کە دەوڵەت هیچ پەیوەندییەکی نەتەوەیی و ئایینی و چینایەتی نییە و ئایین دەبێتە بابەتی کەسی، سەر بە کایەی تایبەت، کایەی گشتی دۆمەینی یاساکە، کە هەموو کەسێک دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، دوورخستنەوە، یان پەراوێزخستن.

 

"بە ئامانجدەگرتنی کەزی ژنان"

سەبارەت بە بڕینی کەزی ژنان و ئەشکەنجەدانیان و سووتاندنیان و فڕێدانیان لە باڵەخانە بەرزەکانەوە و بێڕێزی کردن بە تەرمەکنیان، ئیقبال غەربی، چالاکوان  وتی: ئەشکەنجەدانی ژنان شەرمەزارییە، ئەمەش دووڕوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەو گێڕانەوەیە ئاشکرا دەکات کە ژن بەڕێز و پیرۆزە و نابێت بە توندوتیژی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەڕاستی مێژوویی پێمان دەوتڕێت کە کاتێک چینایەتی و بەرژەوەندییە سیاسییەکان لە مەترسیدان، ئێمە ئەم وێنە ئایدیالیزەکراوەی ژنان دەکەینە قوربانی، هەروەها ئەمەمان لە مێژووی عەرەبدا بینی لەگەڵ زەرقا يمامە، کەیسەکەی ئۆڵۆمپیای دی گۆگێس، یەکەم ژنە کە ڕاگەیاندراوی مافی ژنانی دەرکرد، کە کوژرا، هەروەها میشێل کە دەستگیرکرا، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، تیۆریستێکی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی، کە تیرۆرکرا، دۆلۆریس، کە بە پاسیۆنێراش ناسراوە، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا ئەشکەنجە و زیندانی کرابوو، دەبینین کاتێک ململانێی چینایەتی سەرهەڵدەدات، هەمان سیناریۆ بۆ ئەو ژنانی شەڕڤانی کوردانە دەگونجێت کە بەرەنگاری هەڕەمەکی و دڕندەیی بوون، بە داعشیشەوە ئێمە ئەمڕۆ وێنەی زۆر ترسناک وەردەگرین کە گوزارشت لە ڕادەی هەمەڕەکی دەکات کە بەرانبەر بە ژنان پێی گەیشتووین ڕۆڵە ڕەگەزییە باوەکان، ئەوان لە بەرگریکردن لە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤدۆستانە و گشتگیردا خەباتیان کردووە، هەر بۆیەش باجی ئەم پێشکەوتنە فێمینیستەیە لە سیاسەت و شەڕ و خەبات و بەرخۆداندا دەدەن، ئەمەش لەڕێگەی ئەو وێنانەوە بینیمان کە لەڕێگەی تۆڕەکانی کۆەڵایەتیەوە گەیشتە دەستمان کە ژنانی شەڕڤانی کورد لە باڵەخانە بەرزەکانەوە فڕێ دەدرێن و دەسوتێنرێن، ئەمەش شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی.

 

دووپاتی کردەوە، کە شەرمەزارییە بۆ ژنانی عەرەب و ڕۆژئاوا کە لە بەرامبەر گۆشەگیریی سەر کورد بێدەنگ بن، هاودەنگی دەکرێت بە بانگەوازکردن بۆ ڕێکخراو و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، هەروەها بە کارکردن بۆ چاندنی هۆشیارییەکی نوێ کە دوژمنایەتی جیاوازی و هەمەجۆریی نەکات و ڕێز لە مافی کەمینەکان بگرێت، ئەمەش لە ڕێگەی خوێندنگە و گەنجان و میدیاکانەوە بەدی دەهێنرێت، کە دەتوانرێت وەک خوێندنگەیەکی بێ دیوار و توانای داڕشتنی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی نوێ و پێشکەوتنخوازانە سەیر بکرێت، دەتوانرێت لە ڕێگەی وتارێکی ئایینی جێگرەوە بەدەستبهێنرێت کە ڕێزگرتن لە جیاوازی و فرەچەشنی و ئازادی بیروباوەڕ و ویژدان بەرەوپێش دەبات و بنەما و بەها و ڕەوشتی گشتگیر دەگەیەنێتە هاوڵاتیان کە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە و مافەکانیان دامەزراوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بیرکردنەوە گرنگە، دەزانین کە کەمینەکان چۆن بەشدارییان لە شارستانییەت و کولتووری عەرەبی- ئیسلامیدا کردووە، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو، زۆربەی پزیشکە بەناوبانگەکان، وەک "رازی" و "ابن سينا" ، بە ڕەچەڵەک عەرەب نەبوون، فەیلەسوفەکان و ئەوانەی پەرتووکیان وەرگێڕاوە لە ماڵی زانست کە بەڵگەنامەکانیان پشتڕاستکردەوە، لە کەمینەکان بوون شەڕەکانی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆیی نەتەوەیی و هەموو کەمینەکان لە مەغریب، میسر، سووریا، عێراق بەشداریان کرد و پارت و یەکێتییان پێکهێنا و پێشەنگایەتی شەڕی ڕزگاریخوازییان کرد دژی داگیرکاری و ئیمپریالیزم، ئەمەش ڕۆڵ و بەشداریی ڕوونیانی لە مێژوودا ڕوون دەکاتەوە، ئەمڕۆ شەرمەزارییە کە وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەم گۆشەگیری و ستەم و نادادپەروەرییە؟

 

"حیساباتی سیاسی کۆمەڵکوژییەکان بەردەوام دەکات"

سەبارەت بە بێدەنگی جینۆسایدی ئەمڕۆ کە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، ئیقبال غەربی ڕوونی کردەوە، کە ڕەنگە حیساباتی سیاسی هەبن کە لە ئەنجامدا ئەم بێدەنگییە گوماناوییە لێکەوتەوە، هەروەها پەڵەیەک لەسەر پێشەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە چونکە ئەم دوو پێوەرییەی تاکەکان لە مافەکانی مرۆڤ نامۆ دەکات و ئەمەش بابەتێکی مەترسیدارە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجان و نەوە نوێیەکان لەوە تێدەگەن کە ڕێکخراو و ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ بێمانان و ئەمەش مەترسیدارە، ڕۆڵی ئێمە ئەوەیە کە لەسەر ئەو بنەمایانە خول و پەروەردەیان بکەین، فێریان بکەین کە چەوساندنەوەی کەسێک لە هەر شوێنێکی جوگرافی بە واتای چەوساندنەوەی ئەو کەسە وەک تاکێک لەناو گروپەکەدا، ئێمە ئەو سیاسەتانە ڕەتدەکەینەوە کە گەلان و گروپە مرۆییەکان و ژنان دەکەنە زیانلێکەوتەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی ئابووری و سیاسی خۆیان، ئەمەش بە درێژایی مێژوو بیندراوە.

 

سەبارەت بە نەبوونی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو نادادپەروەرییانەی ئەمڕۆ کورد تووشی دەبێت، لە داهاتوودا کاردانەوەی نەرێنی دەبێت، هەروەها ئەم گەلە کە بەهۆی ململانێ خێڵەیەکانەوە لەیەکتر دابڕاوە، بەزەحمەت ئەو جینۆسایدە لەبیر دەکات کە کورد و ئێزدی و عەلەوی و دروز تووشی بوون و نیشانەکانیشی دەمێننەوە، مرۆڤایەتی فێری کردین  کە دەکرێت پەیوەندییەکی نەتەوەیی یان پەیوەندییەکی هاوڵاتیبوون دروست بکرێت کە هەموو تایبەتمەندییە نەتەوەیی و کولتووری و ئایینی و چینایەتییەکان تێپەڕێنێت و سەر بە یەک نیشتمان بێت، بە مەرجێک هاوڵاتیان هەمان ماف و ئەرکیان هەبێت، ئەمە جگە لە میکانیزمی لێخۆشبوون و لێبوردن، کە بە درێژایی مێژوو شایەتحاڵی بووە.

 

ئیقبال غەربی چالاکوانی ئەکادیمی و مافی مرۆڤ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەگەر دەرگای هیوا و خەونەکانی بۆ بکرێتەوە لە یەک نیشتمان بە هەمان ماف و ئەرک، بە بەشدارییەکی یەکسانی سیاسی و ئابووری و چێژوەرگرتن لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکان، بۆ نموونە لە سویسرا چوار زمانی فەرمی هەیە، مالیزیا، ئەندەنوسیا و هیندستان، بۆ نا؟ نموونەی سەرکەوتووی خۆبەخشی و دەوڵەمەندی ڕۆشنبیری و ئایینی و نەتەوەیی،  ئەمەیە کە ئێمە لە ناوچەکەماندا پێی ناگەین، لە ڕێگەی هەنگاوی یاسایی و دەستووری و کولتووری و پەروەردەیی و ڕەهەندەکانی دیکە کە دەتوانن هۆشیارییەکی نوێ بەبێ توندوتیژی و توندڕەوی دروست بکەین.