چالاکوانێکی مەغریبی: ئامارە فەرمییەکان گوزارشت لە ڕاستی توندوتیژی دژی ژنان ناکەن
سەعیدا وادی، چالاکوان جەختی لەوەکردەوە ئامارە فەرمییەکان گوزارشت لە ڕاستی توندوتیژی دژ بە ژنان ناکەن، زۆرێک لە قوربانیانی توندوتیژی بە هۆکاری ئابووری و هەندێکی دیکەی پەیوەست بە داب و نەریتی بەسەرچوو لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا توندوتیژی ئاسایی دەکەنەوە.

رەجا خەیرات
مەغریب- بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانان، تەنها لە ١١.٣٪ی ژنانی مەغریبی ڕایانگەیاندووە، کە تووشی توندوتیژی بوون لەلایەن کەسێکی ترەوە جگە لە هاوژینەکەیان، لەکاتێکدا لە ٨٪ی باسیان لە توندوتیژی خێزانی کردووە و تەنها لە ٣٪یان باسیان لە توندوتیژی سێکسی کردووە.
ژنانی مەغریب لە شوێنە جیاوازەکاندا بەرکەوتەی توندوتیژی ڕەگەزی دەبن، لەنێویاندا بۆشای ئەلیکترۆنی کە توندوتیژی ئەلیکترۆنی لە ١٣.٨٪ی پێکدەهێنێت، بەڵام زەمینەی ناوماڵ و هاوسەرگیری زۆرترین باوە و لە ٥٢.٢٪ی کەیسەکان ڕوودەدەن، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی توندوتیژی، هەندێکجار قوربانییەکان بەرەو خۆکوشتن دەبات.
بە سەیرکردنی ئامارەکان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان و ژنانی گەنج بە نزمی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ڕاستیەکە ڕەنگدانەوەی دۆخێکی نائارامکەری دەوروبەری کەیسەکانی توندوتیژییە، ئەمەش پرسیار لەسەر ڕاستی ئەو کەسایەتیانە دەوروژێنێت و ئایا ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا دان بە مافە مرۆییەکانیاندا نانێت؟
سەعیدە وادی، ئەمینداری گشتی لقی مەغریب لە یەکێتیی کردەیی ژنان و چالاکوان، پێی وایە ئەو ئامارانەی کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانان دەریانکردووە، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیە نییە کە ژنان ئەزمونی دەکەن، بەو پێیەی توندوتیژی دژی ژنان هێشتا دیاردەیەک دەمێنێتەوە کە بە شێوەیەکی گونجاو ڕاپۆرت نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، باسکردنی ئەم توندوتیژییە نەوتراوانە کێشەیەکی قوڵ دەوروژێنێت، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر وردبینی ئەو ئامارانە هەیە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی وەک کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانانەوە دەردەچن، لە ئەنجامدا، ڕاپۆرت نەکردن و ڕانەگەیاندنی زۆرێک لە کەیسەکانی توندوتیژی، ئەو ئامارە نزمانە ڕوون دەکاتەوە کە بۆ کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیری بە گشتی تۆمارکراون.
توندوتیژی نەوتراو
ڕوونیشیکردەوە، کە ڕێژەی ڕاپۆرتکردن کە لە ٨٪ی بۆ توندوتیژی خێزانی تێناپەڕێت، بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە توندوتیژی بێ حساب ڕێژەیەکی زۆر زیاترە لەوەی کە ژنان ڕاپۆرتی توندوتیژی دەکەن، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە کۆمەڵگەی پیاوسالاری و داب و نەریتی بەسەرچوو کە لەلایەن هەندێک کۆمەڵگەوە ڕەتدەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم دۆخە بەشدارە لە قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی توندوتیژی ڕەگەزی و بێ سزای تاوانباران،هەروەها هۆکاری زۆر هەیە کە قوربانییەکان پاڵدەنێت بۆ بێدەنگبوون، جگە لە فشارە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان و ئابوورییەکان.
ئەو هۆکارانەى گەڕاندەوە بۆ لاوازى بەهێزکردنى ئابوورى ژنان، کە ژنان پاڵدەنێتە لێوارى بێدەنگى بەهۆى ترسى لەدەستدانى بژێوی ژیانیان، کە زۆرجار هاوژینەکەى دەستدرێژیکارە یان خزمێکە لە کەیس توندوتیژى خێزانیدا، کە ئەمەش جگە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە و دوودڵی بەشداریکردنە لە شەڕێکی سەخت و نادیار.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری دیکەش هەن کە ڕێگری دەکەن لە ڕاپۆرتکردنی کەیسەکانی توندوتیژی لەلایەن ژنانەوە، وەک تێچووی دادگاییکردن، ئاڵۆزی ڕێکارە یاساییەکان و نەزانینی مافە یاساییەکان، کە ئەمش دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات بەهۆی بوونی منداڵ و ترسی لەدەستدانی بژێوی ژیانیان، بەتایبەتی ئەگەر ژنەکە بێکار بێت و سەربەخۆی دارایی نەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری کۆمەڵایەتی پەیوەست بە داب و نەریتەکان هەن کە ڕێگری لە دەستگەیشتن بە دادپەروەری ژنانی قوربانی توندوتیژی دەکەن، زۆرجار دەستێوەردانی خێزان ڕێگری دەکات لەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون بەهۆی "شەرمەزاری"ەوە، وەک لێدوانی "ئاساییە ئەگەر هاوژینەکەت لێت بدات، تەنها ئەوەی دەوێت کە باشترینە بۆ تۆ"، ئەم فشارانەی کە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە دەخرێنە سەر قوربانییەکە، ئەگەری ڕاپۆرتکردن و تۆمارکردنی سکاڵا تێکدەدەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تاوانباران لە سزا ڕزگاریان بێت، کە سەعیدە وادی ئەمەی بە "ئاساییکردنی توندوتیژی" زانی.
ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان
باسی لە دۆخی ناسەقامگئری ژنانی گوندنشین کرد، کە بەدەست دوو لاوازییەوە دەناڵێنن، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی و کێشەکانی ڕاپۆرتکردن و داوای پاراستن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابڕانی کۆمەڵایەتی و لاوازی ژێرخانی و کەمی گواستنەوە، جگە لە هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم هۆکارانە ڕێگری دەکەن لە دەستگەیشتن بە یەکەکانی پشتیوانی بۆ قوربانیانی توندوتیژی بۆ ژنان و ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەری دەکەن، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات و هەستەکانی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن بەردەوام دەکات.
بە مەبەستی چاودێریکردنی ورد و ڕوونی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، سەعیدە وادی داوای بەشداریکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی ورد لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی، لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، داتایان هەیە کە لە ڕێگەی ئەو ناوەندانەی پێشوازی لە ژنانی قوربانی توندوتیژی دەکەن و لە ڕێگەی ناوەندەکانی ڕاوێژکارییەکانیانەوە کۆیان دەکەنەوە.
ڕاپۆرتی وەرزی بۆ چاودێریکردنی دیاردەی توندوتیژی
سەحیدە وادی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ناوەندەکانی گوێگرتن لە هەرێمەکان پێویستە مانگانە و ساڵانە ڕاپۆرتی چاودێریکردنی دیاردەی توندوتیژی پێشکەش بکەن، لەوانەش ڕێژەی ئەو ژنانەی دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، کە پەنا بۆ ئەو ناوەندانە دەبەن، لە هەموو قۆناغەکاندا پاڵپشتییان دەکەن، سەرەتا لە گوێگرتن لە سکاڵاکانیان دەستپێدەکات، دواتر پاڵپشتی دەروونی و یاسایی پێشکەش دەکەن، و یاوەرییان دەکەن بۆ دەسەڵاتی دادوەری بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران.
جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی دەروونی بۆ ڕزگاربووان کردەوە لەڕێگەی دابینکردنی پسپۆڕان، دابینکردنی ڕێکاری فریاگوزاری بۆ پاراستنی ژنان، و فراوانکردنی بازنەی خزمەتگوزارییە یاساییە بێبەرامبەرەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو ڕزگاربووان پشتگیری یاسایی پێویست وەردەگرن.
سەعیدە وادی، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵەی ژنان بەردەوامن لە خەبات بۆ ئەوەی ژنان هەموو مافە مرۆییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، دیارترینیان یاسای خێزانە کە بەردەوامە لە شەڕی نێوان مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی.