چالاکوانێکی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر پاراستنی مافی دایکان و منداڵانی عێراق دەکاتەوە

چالاکوان تاهیرە داخیل تاهر دەڵێت: هەر یاسایەک منداڵ لە دایکی جیا بکاتەوە، دەبێت لە ڕوانگەی بەرژەوەندی منداڵەوە هەڵبسەنگێندرێت، نەک لە ڕوانگەی مافە ناکۆکییەکانەوە، منداڵ پێویستی بە پاراستنی پەیوەندییەکی سەقامگیر و پارێزراو هەیە لەگەڵ هەردوو دایک و باوک.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- لە نێوان چیرۆکی داپیرەکان کە نەوەکانیان پەروەردە کردووە و ئەو هۆڵانەی دادگا کە هەندێک جار دایکان لە منداڵەکانیان جیا دەکەنەوە، ئازارەکە وەک بوونی بەردەوام لە چیرۆکی ئەو خێزانانەدا دەمێنێتەوە کە بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێن، بێبەشکردنی منداڵێک لە دایکی، پەڵەی قووڵی دەروونی بەجێدەهێڵێت، وادەکات دایکانی عێراقی لە ناڕەزایەتییەکاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان، دروشمی "مصلحة المحضون أولاً” "بەرژەوەندی منداڵ لە پێش هەموو شتێکەوەیە" بەرزبکەنەوە، داوا دەکەن منداڵەکە و خۆشگوزەرانییان ببێتە جێی سەرنجی هەر بڕیارێکی سەرپەرشتیکردن.

 

شایەتحاڵی بە ئازار

"م.ع" لە ساڵی ٢٠١٤ هاوسەرگیریان کردووە و دواتر بۆی دەرکەوتووە کە هاوژینەکەی پێش هاوسەرگیریەکەیان لەگەڵ ژنێکی دیکەدا پەیوەندی هەبووە، بەڵام خێزانەکەی ئەو یەکگرتنەیان پەسەند نەکردووە وتیشی: کاتێک دووگیان بووم، لە مانگی یەکەمەوە دەستیکرد بە ئازاردان و لێدانم، بەرەو ماڵی دایک و باوکم دەڕۆیشتم و دواتر دەگەڕامەوە، دوای ئەوەی کچەکەمم لەدایک بوو، بەردەوام بوو لە کاروباری خۆی، تەنانەت زیادی کرد، بە هەموو شێوەیەک پشتگوێی دەخستم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک ویستویەتی مامەڵەی لەگەڵیدا بۆ باوکی هاوژینەکەی ڕوون بکاتەوە، لێی دراوە و بێڕێزی پێکراوە، تەنانەت ویستوویانە بیکوژن، بە وتەی ئەو، هێشتا نیشانەکانی لێدانەکە لەسەر جەستەی دیارە، پاشان بە جلی شەوانە فڕێیاندایە سەر شەقام تا ئەو کاتەی براکەی هات و لە ساڵی ٢٠٢٠ بردییە ماڵی دایک و باوکی، تا ساڵی ٢٠٢٥ لەوێ مایەوە، لەو ماوەیەشدا هیچ پاڵپشتییەکی دارایی بۆ نەنارد، بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی کچەکەی لە ئەستۆ گرتووە، چونکە کارمەندە، لە قوتابخانەیەکی تایبەتدا ناوی کچەکەی تۆمار کرد، لەوێدا سەرکەوتوو بوو، دوای ئەوەی یاسای جەعفەری دەرچوو، هاوژینەکەی ڕێککەوتنی هاوسەرگیریەکەیان گۆڕی بۆ جەعفەری بۆ ئەوەی لە دۆخێکی نادیاردا بمێنێتەوە، پاشان ڕاوێژ بە پارێزەرێک دەکات سەبارەت بە جیابوونەوەی خولع و دەستبەرداری هەموو مافەکانی بووە، ئەویش بە جیابوونەوەکە ڕازی بوو، دوای ئەوەی جیابوونەوەکە یەکلایی بووەوە، سکاڵای یاسایی تۆمار کرد بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کچەکەی لێ بسەنێتەوە.

 

"س.ف" هاوسەرگیری کردووەو جیابووەتەوە بەپێی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)، منداڵەکەی تەمەنی ١١ ساڵ بوو کاتێک سەرپەرشتی لێ وەرگیرا، دوای چەند ساڵێک لە جیابوونەوەکە، ڕێککەوتنی هاوسەرگیرییەکەی بەپێی یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٢٥) گۆڕدرا بۆ یاسای یاسایی جەعفەری، سەرەڕای ناڕەزایەتی و تانەدانی لە بڕیاری گۆڕینی وتی: دوای ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەی کە خستمەگەڕ بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەم، سەرپەرشتیکردنی لە شەوێکدا لێم وەرگیرا، لە سەرەتای مانگی سێیەمیدا ڕادەستی باوکی کرا، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا نەمبینیوە و نە دەنگیشم بیستووە، بێبەشکردنی لەناکاوی منداڵێک لەو دایک و باوکەی کە ساڵانێکە پێی ڕاهاتووە، لە ڕووی دەروونییەوە وێرانکەرە، زانیم هەم لە ڕووی دەروونی و هەم لە ڕووی جەستەییەوە ئازار دەچێژێت و بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، لە مانگی سێیەمیدا سکاڵای سەردان و مانەوەی شەوانەم تۆمارکرد، تا ئێستا دۆسیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، باوکەکە لە هەموو دانیشتنێکدا داوای دواخستنی دەکات، هەر دواخستنێکیش بۆ ماوەی مانگێکی تەواو درێژدەبێتەوە، نازانم کەی منداڵەکەم دەبینم یان گوێم لە دەنگی دەبێت.

 

سەرپەرشتی؛ لە نێوان یاسا و بەرژەوەندی منداڵ

تاهیرە داخیل تاهر، چالاکوانی مافەکانی ژنان و منداڵان ڕوونیکردەوە، دایکان پێگەیەکی باڵایان هەیە و سەرکردایەتی و ڕێنمایی لە هەموو ڕووەکانی ژیاندا دەگرنە ئەستۆ، ئەمەش لە کاتی شەڕ و حاڵەتە نائاساییەکاندا دیار بوو کە عێراق تووشی بووە و تا ئێستاش ئەزموونی دەکات، بەو پێیەی دایکان تەواوی بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام ئەمە بە تەنها ئەو ستانداردە پێکناهێنێت کە یاساکانی سەرپەرشتیکردن لەسەری بونیاد بنرێت،  یاسای سەردەمی دەبێت لە بەرژەوەندییەکانی منداڵەوە دەست پێبکات، بنەمایەک کە سەقامگیری دەروونی، پارێزەراوی، چاودێریکردن و توانای پەروەردەکردنی منداڵەکە لەبەرچاو دەگرێت، دوور لە تێڕوانینە پێشوەختە پێشبینیکراوەکانی پەیوەست بە ڕەگەزی سەرپەرشتیار یان چەشنە چەقبەستووەکانی بۆماوەیی، کاتێک ئەمڕۆ دەنگەکان بەرز دەبنەوە و داوای "بەرژەوەندی منداڵ لە پێشدا" دەکەن، دژایەتی پێگەی دایک یان داپیرە ناکەن، مافی منداڵ بۆ ژینگەیەکی پارێزراو و سەقامگیر دەبێت بەرزترین ستاندارد بێت لە هەر بڕیارێکی سەرپەرشتیکردندا، ئەگەر وا دەرکەوت کە ناکۆکی لە نێوان هەندێک دەقی یاسایی و ڕاستی کۆمەڵایەتیدا هەبێت، ئەوەی پێویستە پێداچوونەوەیە بە یاساکان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی منداڵ، نەک تەنها پەنابردنە بەر نەریت یان دەقی ئەبستراکت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەیامەی دەبێت لە مێشکی منداڵدا بچێنین ئەوەیە کە هەردوو دایک و باوک هاوبەشن لە پاراستن و چاودێریکردنیدا، هەروەها هەر بڕیارێکی یاسایی پێویستە لە پێش هەموو شتێکەوە باشتربوونی دەروونی و کۆمەڵایەتییان لە پێشینەی کارەکانیدا بێت، دووربکەونەوە لە کردنی منداڵەکە بە لایەنێک لە ململانێیەکی گەورەکاندا، کاتێک دەڵێین ”دایک قوتابخانەیە”، مەبەستمان تەنها ئەوە نییە کە چاودێرە، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو ژینگە سەرەتاییە کە ویژدان و بەها و هەستی ئاسایشی منداڵ تێیدا دروست دەبێت، لە ساڵانی سەرەتاییدا پەیوەندی سۆزداری و دەروونییان لەگەڵ دایکیدا بەشێکی سەرەکییە لە گەشەکردنی تەندروستیان

 

جەختی لەوە کردەوە، کە میراسی ڕۆشنبیری ئێمە، کاتێک چاکەکانی بە بوونی دایکەوە بەستەوە، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵ بوو لە ڕۆڵی ئەو لە دابینکردنی سۆز و سەقامگیری دەروونیدا، نەک لەکارخستنی ڕۆڵی باوک یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکە، منداڵ پێویستی بە پەیوەندییەکی دڵنیا هەیە لەگەڵ هەردوو دایک و باوک، هەریەکەیان کاریگەرییەکی پێویست هەیە، بۆیە هەر بڕیارێکی سەرپەرشتیکردن دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی زانستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بێت کە بەرژەوەندییەکانی منداڵەکە لە پێش هەموو شتێکەوە لە پێشینەی کارەکانیدا بێت، دڵنیابێت لەوەی کە منداڵەکە لە پەیوەندییەکی سروشتی و پارێزراو لەگەڵ هیچ کام لە دایک و باوکەکان بێبەش نابێت، مەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان پێویستی پێیان نەبێت، ئامانج لێی لایەنگری دایک یان باوک نییە بەسەر یەکتردا، بەڵکو پاراستنی مافی منداڵە بۆ گەورەبوون لە ژینگەیەکی سەقامگیردا کە پەیوەندییە بنەڕەتییە خێزانییەکانیان بپارێزێت.

 

ئاماژەی بە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی دوورخستنەوەی دایک لە سەرپەرشتیکردن کرد و وتی: ئێمە منداڵ بەرهەم دەهێنین کە هەست بە وێرانبوون دەکەن، ئەو وتە باوەی کە دەڵێت ”ماڵێکی بێ دایک وێران دەبێت”، بەو واتایە نییە کە بوونی باوک کەمتر گرنگە، بەڵکو زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆڵە سۆزداری و پەروەردەییەیە کە دایک لە هۆشیاری بەکۆمەڵدا، وەک سەرچاوەی سۆز و چاودێری و سەقامگیری داگیری دەکات.

 

منداڵ لە هەر بڕیارێکدا ناوەندییە

لە ڕوانگەی دەروونناسی منداڵانەوە، پێداویستییە مادییەکان بە تەنها بەس نین بۆ بونیادنانی کەسایەتییەکی هاوسەنگ، هەروەها منداڵ پێویستی بە ئاسایشی سۆزداری و پەیوەندی سۆزداری و هەستکردنە بەوەی کە لە یەکێک لە گرنگترین کەسەکانی ژیانی بێبەش نەبووە، ئەگەر بڕیاری سەرپەرشتیکردن ئەم پەیوەندییە ببڕێت یان لاوازی بکات بەبێ ئەوەی لە بەرژەوەندی منداڵەکەدا بێت، لەوانەیە منداڵەکە هەست بکات بەشێک لە جیهانی پارێزراوی خۆی لەدەستداوە، بەبێ گوێدانە هەر ئاسوودەیییەکی ماددی کە پێشکەشی کراوە.

 

تاهیرە داخیل تاهر لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێویستی هۆشیاری و پەروەردە کرد، کە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دایک و باوک لە چاودێریکردندا، گرنگی خێزان و یەکگرتوویییەکەی، ئارامی ناوەوە، ڕەتکردنەوەی توندوتیژی لەناو خێزان، بەرەوپێشبردنی کولتووری داوای لێبوردن، چارەسەرکردنی کێشەی لۆژیکی و ئەقڵانی، وەرگرتنی شێوازی پەروەردەکردنی سەردی.