چالاکوانانی سوەیدا: ئێمە گۆڕانی ئەرێنیمان دەویست بەڵام ئەوەی ڕوویدا هەنگاوێک بوو بۆ دواوە

دیمەنەکانی سەپاندنی بڕیارەکانی حکومەتی کاتی کە ژنان دەبێت چی لەبەر بکەن لە سووریا دووبارە دەبنەوە، وەک ئەوەی جەستەی ژن گۆڕەپانی شەڕ بێت بۆ سەروەری ڕەوشتی و سیاسی، ئەم سیاسەتانە دەنگی ژنان و مافی چارەی خۆنووسینیان پەراوێز دەخەن.

ڕۆشێل جونيور 

 

سوەیداـ بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی گەشتوگوزار لە حکومەتی کاتی، گفتوگۆی ژنانی سووریای لێکەوتەوە، پرسیار لەسەر چەمکی باڵاپۆشی، بۆچی بە بیانووی پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەسەر چینێکی دیاریکراودا دەسەپێندرێت، لەکاتێکدا گەشتیار و چینەکانی دیکە ئازادی زیاتریان پێدەدرێت لە جل و بەرگ و ڕواڵەتدا.

 

لە کاتێکدا هەندێک لە دەزگا فەرمییەکان بەرگری لە بڕیارەکە دەکەن وەک پێویست بۆ پاراستنی "سەلیقەی گشتی"، زۆرێک لە ژنان پرسیاریان کردووە کێ ئەم شێوازە دیاری دەکات، بۆچی بە دادپەروەرانە بۆ هەموو کەسێک جێبەجێ ناکرێت، هەروەها پرسیاریان کردووە کە چۆن حکومەتێک دەتوانێت باسی چاکسازی و کراوەیی بکات و لە هەمان کاتدا ژنان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمەکانی دوورخستنەوە و سەرپەرشتیکردن.

 

ئەم بڕیارە توڕەیییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەنێو ژناندا، کە بە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مافی ئازادی جل و بەرگ و جیاکارییەکی ڕوون لە نێوان چین و ڕەگەزەکاندا زانی، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە ژنانی شاری سوەیدا ڕەتکردنەوەی خۆیان دەرببڕن، وتیان:  ئەو بڕیارە نوێنەرایەتی دادپەروەری ناکات، خزمەت بە ئامانجەکانی گۆڕانکاری ناکات کە دانیشتوانی شارەکە لەمێژە لە تەڤگەرەکەیاندا دوو ساڵە داوای دەکەن.

 

مەنار ڕەشیدی ڕاشیگەیاند، پرسی ئەمڕۆ ئیتر تەنها گفتوگۆیەک نییە لەسەر ئەوەی کە ئایا ژنان دەبێت کۆدێکی دیاریکراوی جلوبەرگ لەبەر بکەن یان نا، بەڵکو لەسەر زمانی زۆرەملێیە، کە بەتەواوی قبوڵکراو نییە، نوێنەرایەتی دەکرێت بە سەپاندنی ئەم کۆدە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەبێ بەشداریکردنی ژنان خۆیان لە بڕیارەکەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچی دەوڵەمەندەکان و گەشتیاران ئەو ئازادییەیان پێدەدرێت کە هەرچییەکیان بوێت لەبەری بکەن، لەکاتێکدا هەژاران ناچارن پابەندبن بە کۆدێکی دیاریکراوی جل و بەرگەوە بە بیانووی حەیا؟ ئایا ئەمە دوو پێوەر نییە لە جێبەجێکردنی یاساکەدا؟.

 

پێیوایە ئەم بڕیارە ناتوانرێت لە چوارچێوەی فراوانتری جیاکاری چینایەتی و کۆمەڵایەتی جیا بکرێتەوە، کە بەپێی ئاستی داهاتیان مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکرێت. ئێمە دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ چین و توێژ ڕەتدەکەینەوە، چینێک مافی ئەوەی هەیە کە ئەوانی تر مافیان نییە، یان یاساکە هەموو کەسێک دەگرێتەوە یان کەس ناگرێتەوە.

 

هەروەها مەنار ڕەشیدی ئەم سیاسەتەی بەستەوە بە کارەکانی ترەوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر ژنان هەبووە، ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە ژنان لە دوای نەبوونی هاوژین و منداڵەکانیان ناچار بوون بەرپرسیارێتی خێزانەکانیان هەڵبگرن، ئێستاش توانای بڕیاردانی خۆیان هەیە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنانی سووری ئەمڕۆ چیتر قبوڵ ناکەن دەستبەرداری مافەکانیان بن یان بێدەنگ بن بەرامبەر بەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان لەسەر کەرامەت و مرۆڤایەتییان هەیە، ئێمە ترسی ئەوەمان بۆ دروستبووە تەنانەت لە گواستنەوەی دەرەوەی پارێزگاکانمان، چونکە ئێمە ژنین، ئەگەر پیاوان بکرێنە ئامانج، چی بەسەر ژناندا دێت؟

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شۆڕشەی کە ساڵانێک لەمەوبەر هاوڵاتیان کردیان و  ڕژانە سەر شەقامەکان، تەنها دژی دەسەڵاتێکی ستەمکار نەبوو، بەڵکو دژی ئایدۆلۆژیایەکی تائیفی و توندڕەو بوو کە هەوڵی دابەشکردنی هاوڵاتیان و دیاریکردنی چارەنووسیان لەسەر بنەمای پەیوەندی تائیفی و ئایینییان دەدا، ئێمە نەهاتینە دەرەوە بۆ گۆڕینی توندڕەوییەک بە توندڕەوییەکی دیکە، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوەی بە کەرامەت و یەکسانی بژین، ئێمە دەمانویست گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بێت، پێچەوانەکەی ڕوویدا، ئێمە هەنگاومان ناوە بۆ دواوە.

نەوال عەتا جەختی لەوە کردەوە کە ژنان ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە لە ئاراستە جیاوازەکانەوە، لە بۆچوونەکانیان، دەرکەوتنیان، جوڵەی ڕۆژانەیان و تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەیان، بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە پرسەکە "ئازادی" نییە، وەک هەندێک هەوڵی وێناکردنی دەدەن، بەڵکو هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ سنووردارکردنی ژنان و قەتیسکردنیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، وتی: ئێمە بۆ ئازادی و دادپەروەری هاتینە دەرەوە، بۆ ئازادیمان وەک ژن و داوای یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بڕیارەکەی وەزیری گەشتوگوزار دووپاتی دەکاتەوە کە هێشتا ژنان لە ئازادی و یەکسانی لەگەڵ پیاوان بێبەشن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو کۆمەڵگەیەک جل و بەرگ و نەریتی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو نەریتانە بە زۆر بسەپێنرێن یان ئایین و داب و نەریتی وەک ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان بقۆزرێتەوە، ئەو جەختی لە پێویستی ژنان کردەوە کە جێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگرنەبەر، نەک وەک ژێردەستەی تەنیا، بەڵکو وەک بڕیاردەر، پێی وایە بڕیارەکەی ئەم دواییەی وەزیری گەشتوگوزار سنووردارکردنی توندتر بەسەر ژناندا سەپاندووە وەک لە پیاوان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە جیاکارییەکی ناڕاستەوخۆیە کە ئێمە قبوڵ ناکەین، ژنان مافی خۆیانە ئەو بڕیارانە بدەن کە لەگەڵ خۆیان بگونجێت لەڕووی جل و بەرگەوە، بەبێ ئەوەی تووشی ڕەخنە یان پەراوێزخستن ببن.

سەمرا سەعید وتی: ئێمە هاتینە دەرەوە و داوای دادپەروەری بۆ هەمووان دەکەین، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین دادپەروەرییە کە بەپێی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان گونجاوە، لەکاتێکدا ڕێگەیان پێدەدرێت هەموو شتێک بکەن کە دەیانەوێت، هەژاران ناچارن بێدەنگ بن.

 

وتیشی: ئەم سیاسەتانە تەنها کاریگەرییان لەسەر ئازادی جلوبەرگ نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ کەرامەتی مرۆڤ و ئازادی سەرەتایی هەڵبژاردن، بەتایبەتی بۆ ژنان، کە هەمیشە چاوەڕوان دەکرێت بێدەنگ بن، ڕوونە هەنگاوی زۆرمان بۆ دواوە ناوە، ئەمە ئەو دادپەروەرییە نییە کە داوایمان دەکرد، بەڵکو وەشانێکی شێواوییە، بەدەرکردنی چینە لاوازەکان و بەردەوامکردنی کولتوری چینایەتی و باڵادەستی پیاوانە.