بەرەو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی گشتگیر... ژنانی یەمەنی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە
لەژێر سێبەری ئاڵەنگارانی کۆمەڵایەتی و سیاسی یەمەن، ژنان بەردەوامن لە ڕۆڵە گرنگەکانیان، لە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تا بێبەشکردنی ئازادییەکان، ڕۆڵیان وەک بابەتێکی سەرەکی دەردەکەوێت کە پێویستی بە پشتیوانی گشتگیر و کاریگەرە.
مالڤا محەمەد
ناوەندر هەواڵ- لە نێوەندی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەمەندا، پرسی ژنان هێشتا جێگەی سەرنجی زۆرێک لە لایەنەکانە، چونکە هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەیەکی بەردەوام و دادپەروەر بنیات بنێن، ژنانی یەمەن لە هەلومەرجێکی سەختدا دەژین کە زیاتر لە دە ساڵە لە ململانێی نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەنی ناسراوی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی هەیە، ئەم هەلومەرجە ئازاری ژنانی زیادکردووە، ماف و ئازادییەکانیان لاواز کردووە، لەژێر سێبەری نۆرمە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان و سنووردارکردنی مافە سیاسی و یاساییەکان، ژنان پێویستیان بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە، بۆ باشترکردنی پێگەی خۆیان و توانایان بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کاریگەر لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە و بەدیهێنانی ئاشتی و بەشداریکردن لە داڕشتنی ئایندەی سیاسی وڵاتدا.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی یەمەندا، ماجیدە حەمود محەمەد تالیب، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی تۆڕی دەنگی ئاشتی ژنانی یەمەن وتی: ژنانی یەمەن ڕۆڵێکی گرنگیان لە بوارە جیاجیاکاندا گێڕاوە، گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆن، ژنانی یەمەن نوێنەرایەتی لوتکەی هەڕەمیان کردووە لە بڕیارداندا، چەندین شاژنی پێش زایین و دواتریش هەبوون، لەوانە شاژن ئەروە کچی ئەحمەد سلیحی، تەنانەت لە هۆز و خێڵەکانیشدا ژنانی سەرکردایەتی شێخەکان دەکەن، کە بۆچوون و ژیرییان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان وەردەگرت، ئەو فاکتەرە سیاسیانەی وڵات پێیدا تێپەڕیوە کاریگەری لەسەر ژنان هەبوو، چونکە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا کە زیاتر لە سەدەیەکی خایاند، دواتر داگیرکاری عوسمانی، کچان لە مافی خوێندنیان بێبەش کران.
سەبارەت بە کاریگەری نۆرمە کۆمەڵایەتی و دابونەریت لەسەر ڕۆڵی ژنانی یەمەن، تیشک خستنە سەر دەرکەوتەکانی پەراوێزخستنیان لە کۆمەڵگەدا وتی: داب و نەریتی خێڵەکیی و ئایینی پێشکەوتنی ژنان و جێبەجێکردنی مافەکانیان سنووردار کردووە، کە یاسا ژنان لە یەمەن ناپارێزێت، دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەخت لە یەمەن بڵاوبووەتەوە، بەو هۆیە لە پەروەردە و زانیاری بێبەشن،کە لاوازی هۆشیاری سیاسی دروستکردووە.
پێگەی ژنان لە باشووری یەمەن کە حوکمی سۆسیالیستی تێدایە باشترە لە باکوور کە ڕۆڵی ژنانی کەم کردووەتەوە وتی: ڕاستە ژنان لە باشووری یەمەن لە هەموو بوارەکاندا بەشدارییان کردووە، بەڵام بڕیاردەری ڕاستەقینە نەبوون، هێشتا لە باکووری یەمەن باشترە کە ڕۆڵی ئەوانی پەراوێزخستووە، ئەنجومەنی نوێنەران تێیدا ڕۆڵی ژنان بە بەتاڵەی جێهێشتووە، لە هەشتاکان کاتێک ژنێک خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کاندید کرد، ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتیش بووەوە ،چونکە داب و نەریتی کۆن لە کۆمەڵگەی یەمەندا ژنان بێبەش دەکات لە بەشداری سیاسی."
پێیوایە شۆڕشی ٢٠١١ گۆڕانکاری لە ژیانی ژناندا دروستکردو وتی :دوای شۆڕش ژنان دەستیان کرد بە داواکردنی مافەکانیان، لەوانە هەمووارکردنی یاساکە بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان بە ڕێژەی پشک، پێویستی بەهێزکردن و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردانی چارەنووسساز، سەرەڕای ڕێگەدان بە هاتوچۆ،هاتوچۆ بەبێ مەحرام، بە تاوان ناساندنی هاوسەرگیری مێردمنداڵان، کۆتاییهێنان بە دەرباز بوونی ئەنجامدەرانی تاوان، دژ بە ژنان و کچان.
سەبارەت بە کاریگەری ململانێی نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەن کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لەسەر ئازادی سیاسی و مافی ڕادەربڕین و ئازادی ژنان سنووردار دەکات، وتی: شەڕی بەردەوامی یەمەن کاریگەری نەرێنی و فراوانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، چونکە خراپبوونی بارودۆخی ئاسایش بۆتە هۆی سنووردارکردنی ئازادی تاکەکەسی و دەربڕینی بیروڕا.
سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە دەستوور و یاسا لەژێر سێبەری قەیرانەکان، ڕادەی پابەندبوونی پارتە سیاسییەکان بە یاسا ناوخۆیی، نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان، ئاماژەی بەوەدا ئەو پیاوانەی لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندندا کار دەکەن لە مافی دەربڕینی بیروڕای خۆیان بێبەش کراون، ژنانی ڕۆژنامەنووس چەندە بەربەست ڕووبەڕووی دەبنەوە، بۆیە ژنان پەنا دەبەنە بەر چالاکی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئازادی و مافەکانی ژنان هەیە، لەبەر ڕۆشنایی شەڕی یەمەن، لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتی ژنان یەکێکە لە دیارترین ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕوویان بونەتەوە، خراپبوونی بارودۆخی ئابووری بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لەنێوانیاندا ،هەروەها زیادبوونی جیاکاری ڕەگەزی."
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمڕۆ یەمەن بەسەر نزیکەی ٥ حزبدا دابەش بووە، بۆیە تەنانەت ئەگەر ژنان بیانەوێت لەهەر دامودەزگایەکی سەر بەهەر یەکێک لەو لایەنانەدا کار بکەن، دەبێت نوێنەرایەتی ئەو حزبە بکەن کە کاری بۆ دەکەن، بۆیە مافەکانی خۆیان بەدەست ناهێنن و نوێنەرایەتی دەنگی ژنان و داخوازییەکانیان ناکەن.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ململانێیە ژنانی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە بێبەش کردووە ،بارگرانی خستووەتە سەریان کاتێک لە ماڵەوە و دەرەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان ، سەرەڕای ئاستەنگ و کۆتوبەندەکانی کۆمەڵگە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵی بەردەوامیان هەیە بۆ پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی ژنان، پاڵپشتیکردنی لێقەوماوانی ناکۆکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، لێهاتووکردنی کادیری ژنان، دامەزراندنی ناوەندی پاڵپشتی دەروونی بۆ ژنان، ڕێکخستنی خولی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و هەڵمەتی پاڵپشتی دەروونی، جگە لە ڕاهێنانی هەندێکیان بۆ کارکردنیان.
بە وتەی ماجیدە حەمود تالیب، لایەنە ناکۆکەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک یەک پێداویستی ژنان و بەشدارییان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا پشتگوێ خستووە وتووێژەکانی ئاشتی لە کوەیت لە ساڵی ٢٠١٦ بەرزترین ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان هەبوو، چونکە ژنان ١٢٪ ی دانوستانکارەکان پێکدەهێنن، هەرچەندە هەموویان نوێنەری لایەنی حوسییەکان نەبوون. لە دانوستانەکانی رێککەوتنی ستۆکهۆڵم لە سوید لە ساڵی ٢٠١٨، ژنان تەنها ٪٤ ی وەفدی بەشداربوویان پێکهێنا، هەرچەندە وەک دانوستانکار و ناوبژیوان ئامادە نەبوون، لە کاتێکدا ژنان نوێنەرایەتیان نەکرد لە وتووێژەکانی ڕێکەوتنی ریاز لە ساڵی ٢٠١٩ ،هەروەها لە وتووێژەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٠ کە بووە هۆی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئەنجومەنی راگوزەری باشوور و حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی.
سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێتەبەر بۆ باشترکردنی پێگەی ژنان لەدوای کۆتایی هاتنی ململانێکان بۆ بنیاتنانەوەی یەمەن لەماوەیەکی درێژخایەندا، وتی: پێویستە سەرەتا نوێنەرایەتی سیاسی ژنان بەهێز بکرێت لەڕێگەی جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی تێیدا داوای پەسەندکردنی پشکی ژنان بە رێژەی لە ٪٣٠ و بەشداریکردنیان لە دانوستانەکانی ئاشتیدا کرا بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیکردنیان لە پرۆسەی بڕیاردان، داڕشتنەوەی دەستوور، هەڵوەشاندنەوەی یاسا جیاکارییەکان و چاکسازی لە یاساکانی هەڵبژاردن بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان، پاڵپشتیکردنی ئابووری ژنان، ڕەخساندنی هەلی کاری پێویست لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا بچووکەکان و دابینکردنی قەرز بۆ بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابووریەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هەنگاوەکاندا ڕاهێنان و لێهاتووکردنی ژنان بۆ دڵنیابوون لەوەی ژنان دەچنە نێو کەرتەکانی نوێی وەک تەکنەلۆژیا، تەندروستی و پەروەردە و دەبێت لە بازاڕی کاردا بیانپارێزن، یاساکان جێبەجێ بکەن کە موچەی یەکسان دەگرێتەوە، ڕێگری لە دەرکردنی هەڕەمەکی لەسەر بنەمای ڕەگەز، دامەزراندنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کارکردن، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی تەندروستی بۆ ژنان و چاودێری لەدایکبوون، زیادکردنی ناوەندەکان، بەتایبەتی لە گوندەکاندا، پاڵپشتیکردنی خوێندنی کچان بە کەمکردنەوەی هاوسەرگیری پێشوەخت ، دابینکردنی زەمالەی خوێندن، جگە لە نەهێشتنی کڵێشە. ڕێگرە لە بەشداریکردنی ژنان لە بوارەکانی ژیان و مافەکانی ژنان بەرز دەکاتەوە.