ئەم ڕێگایە ماندووبوونی زۆری پێبڕیم، بەڵام گەیشتم بەوەی دەمەویست

هەنار ساڵح باس لە گرنگی وەرزشی لەشجوانی و ئاستی بەشداریکردنی ژنان لە شارۆچکەی دەربەندیخان دەکات، داواش لە ڕاهێنەران دەکات زانیارییەکان نەشارنەوە.

 

هەوار محەمەد

گەرمیان- گەنجێکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان لە ماوەی ٣ ساڵدا دەبێت بەڕاهێنەر و خولیای بوون بە ڕاهێنەری لەشجوانی تۆپی پێی هەیە، لە ئێشتاشدا لە هۆڵی لەشجوانی سەنتەری گەنجانی دەربەندیخان وەک ڕاهێنەر لە وەرزشکردن بەردەوامە.

 

هەنار ساڵح، گەنجێکی پڕ هیوای تەمەن ٢٠ ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە، ئەو وەرزشی بە عەشقەوە خۆشدەوێت،  لە ئێستادا وەک یاریدەدەر و ڕاهێنەری هۆڵی لەشجوانی سەنتەری گەنجان و یاریزانی تۆپی پێی کچانی دەربەندیخانە، ئامانجێتی لە داهاتوودا ببێت بە ڕاهێنەری لەشجوانی و تۆپی پێ و گەنجانی دەربەندیخان پەروەردە بکات.

 

لەم ڕاپۆرتەدا هەنار تیشک دەخاتەسەر دەستپێکی لە وەرزشی لەشجوانی، دەڵێت: "سەرەتا تەنها بە یاریکردن و پەرەدان بە جەستەی خۆم هاتبوومە هۆڵی لەشجوانی، بەڵام بە بینینی یاریدەدەر و ڕاهێنەران خولیای  بوون بە ڕاهێنەرم بۆ دروستبوو، لەگەڵ هەوڵی خۆمدا ئەوانیش هاوکارێکی باشم بوون.

 

ئەو باس لە  هەنگاوەکانی بۆ بوون بە ڕاهێنەر دەکات و وتی: "نزیکی ساڵێک وەک یاریدەدەر بەردەوامبووم، دواتر هەوڵمدا بۆ بوون بە ڕاهێنەر و ماوەی ساڵێکیشە ڕاهێنەرم.

 

"وەرزش نابێت تایبەت بکرێت بە ڕەگەزێک"

دەربارەی بەشداریکردنی ژنان لە یاری ئاسن و لەشجوانیدا پێی وایە کۆمەڵگە ڕۆڵی خۆی هەیە لە ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان، چونکە یاری یاسن و لەشجوانی  تایبەتکراون بە پیاوان، هەنار دەشڵیت وەرزش بەشێکی ژیانی هەموو مرۆڤێکە، وەرزشێک کە  تەندروستی و جەستەیەکی جوان و دەرونێکی ئارام ببەخشێت بە مرۆڤ نابێت تایبەت بکرێت بە ڕەگەزێک.

 

هەروەها لە بارەی  ئاستی بەشداری بوونی ژنان هەنار گەشبینە و دەڵێت: "خۆشبەختانە بەشداریبوونی ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات  و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆمەڵگا بەرامبەر بە وەرزش هۆشیار دەبێتەوە، پێویستە ژنان بە هیچ هۆکارێک دەستبەرداری وەرزشکردن نەبن و قسەی کۆمەڵگە کاریان لێ نەکات، واز لە وەرزشی لەشجوانی نەهێنن"، تایبەتیش داوا لەو ژنانە دەکات کە توانیویانە بێنە هۆڵەکانی لەشجانی و لە سەرەتای وەرزشکردندان و تەشەنوجێکی زۆر دەکەن لە یەک و دوو هەفتەی سەرەتادا کە بەردەوام بن لە یاریکردن.

 

وەک ئەوەی کامێرەی ژنها نیانی و سنگ فراوانی ئەو راهێنەرەی بینی لەکاتی ڕاهێنان کردن بە فێرخوازەکانیدا، بەهەمان شێوە لە خەمی پێدانی تەواوی زانیارییەکاندا بوو، ئاماژەی بەوەشدا: داوا لە ڕاهێنەران دەکەم بتوانن ئەو یاریزانانەی لە بەردەستیاندایە پێیان بگەیەنن و زانیارییەکانیان لێ نەشارنەوە، هەم لە نێوان راهێنەران خۆیاندا و هەمیش لە نێوان ڕاهێنەر و یاریزانەکاندا.  

 

وەرزشکردن لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە تەندروستییەوە هەیە

وەرزشکردن مانای تەندروستییە، هەر کەسێک جەستەیەکی ساغی هەبێت پێویستی بە وەرزشکردنە تا نەخۆش نەکەوێت، وە ئەو مرۆڤانەی کە نەخۆشی زەخت، شەکرە، کێشی زیاد....هتد بە وەرزشکردن و دابەزاندنی کێشیان تەندروستییان جێگیر دەبێتەوە.

هەروەها باس لە جۆری وەرزشەکان دەکات و دەڵێت: لێرە یاری ئاسن و ئایرۆبیک زومبا بۆ ژنان هەیە، بەڵام ژنان خ٢لیای زیاتریان بۆ وەرزشی ئایرۆبیک و زومبا هەیە، چونکە بەڕێژەیەکی زۆر کێش دادەبەزێنێت.

ت.پ