تۆپی پێی ژنان لە ڕەت کردنەوەوە بۆ جیهانی بوون

یاری تۆپی پێی ژنان کە لەمڕۆدا دەیبینین پێشتر لە کۆمەڵگادا جێی قبوڵ نەبووە بەوەی یاریەکی پیاوانەیە و لە ڕەگەزی میهرەبان نایەت.

ناوەندی هەواڵ

 

بڵاوبوونەوەی تۆپی پێ لەناو ژناندا بە مێژوویەکی تێكۆشانی قوڵدا تێپەڕیوە، لە سەدەی هەژدەوە کاتێک ژنان لە کارگەکاندا کاریان دەکرد، ئەوەی پیاوان دەیانکرد ژنانیش بەهەمان ڕۆحیەت دەیانکرد، تۆپی پێ-ش یەکێک بوو لە کارەکان.

 

لەو کاتەدا تۆپی پێ تەنها هیوایەتێک بووە، نیازی گەورەبوون و پێشخستنی یاریەکە و پێکهێنانی یانە و هەڵبژرادە یاخود ڕێکخستنی پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی ناوخۆیان نەبووە، لە ئێستادا تۆپی پێی ژنان زاڵە بەسەر بیری ئەو کەسانەی ڕازی نەبوون و هەروەها داکۆکیکار و پاڵپشتیان هەیە.

 

مێژووناسان دەڵێن سەرەتای یاریەکە لە بەریتانیاوە سەریهەڵداوە، لە سەدەی هەژدەوە دەستیپێکردووە وەک هەڵمەتێک بۆ بە شوودانی ژنانی گەنج، ساڵانە ڕێکدەخرا و ژنانی گەنجی سکۆتلەندا دژی ژنان یاریان دەکرد، ئامانج لێی نیشاندانی ژنانی گەنج بوو کە دەبووە جێی دەستخۆشی جەماوەر و بوکێک بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، جگە لە توانا وەرزشیەکانی.

 

ڕێچکە شکاندن لەلایەن ژنانی بەریتانی

بنیادنانی یەکەمین یانەی ژنان لە مێژوودا لە ساڵی ١٨٩٥ لەلایەن ڕابەری یاریەکە نیتی هۆنیبۆڵ-ەوە بوو، ناوی یانەکە ''یانەی ژنانی بەریتانی بۆ تۆپی پێ'' بوو، یانەکەش لەلایەن ڕۆژنامەنووس و نوسەری بەریتانی فلۆرانس دیکسیەوە پاڵپشتی لێکرا.

 

نیتی هۆنیبۆڵ ناوی ڕاستەقینەی یاریزانەکە نەبوو، بەشێك لە ژنانی چینی ناوەند و بەرز یاری تۆپی پێیان دەکرد لەو کاتەدا و هەتا سەدەی نۆزدەیەم شەرمیان دەکرد لە دەرکەوتنی ڕاستەقینەیان و بەشداری کردنیان لە یاریەکە، بە پێچەوانەی ئەوە فلۆرانس دیسکی سەرۆکی یانەکە زۆر بە پەرۆش بوو لە بیرۆکەی یەکسان بوون لەنێوان ژن و پیاودا.

 

ئەو یارییە دۆستانەی کە ''یانەی ژنانی بەریتانیا '' ڕێکیان خستبوو لە نێوان یانەی باکور و باشوری ئینگلتەرادا لەپێناو کۆمەک کردن بوو بۆ کارێکی خێرخوازی و یارمەتی هەزاران بەریتانی، بەڵام لە ڕۆژنامەکاندا دەربارەی ئەم باسە گرنگی پێنەدرا و باسنەکرا.

 

جەنگی جیهانی، لاوازکەری یاری تۆپی پێ

تۆپی پێی پیاوان بەسەر یاریەکە و گرنگیدانی گشتیدا زاڵ بوو، بەڵام لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ تۆپی پێ ئەو گرنگیەی نەما، هەمووان خەریکی ئامادەکاری جەنگ بوون، پیاوان دەچوونە بەرەی جەنگ و ژنانیش بە بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی و زەخیرەکردن خەریک دەبوون.

 

سەرەڕای سەرقاڵبوونی ژنان لە کاتی پشوودا بە یاریەوە خەریک دەبوون، بەڕێوبەرانی کارگەکان ئامادەی یاریەکە دەبوون بە ئامانجی هاندانی ژنان و بەهێز کردنی ڕۆحیەت و مەعنەویاتیان و زیادکردنی بەرهەمهێنان، ژنان بە بیرۆکەکە سەرسام بوون، هەستان بە ئامادەکردنی یانە و ڕێکخستنی یاری دۆستانە و ئامانج لێی کۆمەک کردن بوو بۆ یارمەتیدانی سەربازان و دەریاوانانی لە جەنگدا کەم ئەندام بوون.

 

لایەنگرانی تۆپی پێی ژنان زیادیکرد لە بەریتانیا کاتێک پیاوان خەریکی جەنگبوون، لە جەژنی سەری ساڵی ١٩١٧ نزیکەی ١٠ هەزار کەس ئامادەی یاری ژنانی باکوری ئینگلتەرا بوون، یانەی Dick Kerr سەرەنجی بینەران و ئامادەبووانی بۆخۆی ڕاکێشا، ئەو یانەی پێشنیاری یاری دۆستانەی کرد لە پێناو هاوکاری و کۆمەك کردن، ناوی یانەکەی لە کۆمپانیای '' Dick Care & Co''وەرگرتبوو کە یاریزانان کاریان تێدا دەکرد، لەسەرەتای دەست پێکردنی جەنگەوە بۆ بەرهەم هێنانی زەخیرە تەرخان کراوە، کە بە ترام ناسراوە.

 

١٩٢٠ ساڵی ئاڵتونی تۆپی پێی ژنان

ساڵی ١٩٢٠ بەشێوەیەکی گشتی تۆپی پێی ژنان بڵاوبۆوە دەتوانین بڵێین کاتی ئاڵتونی تۆپی پێی ژنان بوو، کۆمەڵێک یاریزان دەرکەوتن وەک یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی Dick Kerr لەیلابار(١٩٠٥-١٩٧٨)، لەیلابار لە تەمەنی چواردە ساڵیەوە دەستی بە یاریکردن کردووە و تا سی ساڵی بەردەوام بووە، لەیلا بە بونیەت و کەسایەتی بەهێز ناسرابوو.

 

ساڵی ١٩٢١ یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا هاتبوو کە سکاڵایان لەسەر یاریکردنی تۆپی پێی ژنانەوە پێگەشتووە، ئەنجومەن ناچارە بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بدات، بڕیارەکەش ئەوەئە تۆپی پێ بۆ ڕەگەزی میهرەبان گونجاو نییە و نابێت هانیان بدرێت.

 

بەیانامەکە بە ئاشکرا بیری نێرینەی پێوە دیاربوو، لەوکاتەی بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبۆوە ڕووبەڕوی ڕەت کردنەوەیەکی گەورە یاخود کاریگەر نەبۆوە بەڵکو بە پێچەوانەوە یانەی دیک کێر ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد چووە ناو ڕابەڕانی تۆپی ئینگلیزیەوە.

 

هۆکارە سیاسییەکان دژی تۆپی پێی ژنان

بە هۆکاری سیاسی بەرەنگاری تۆپی پێی ژنانیان دەکرد ئەمە ڕاستیەکەیە، بیرۆکەی بۆ ڕەگەزی میهرەبان ناشێت هەڵەیەک زیاتر هیچی تر نەبوو، کورتەی چیرۆکەکە ئەوەبوو یانەی دیک کێر بڕیاری دابوو یاری بکات بۆ پاڵپشتیکردنی کرێکارانی کارگە، ئەمەش بەڵگەیەک بوو بۆ یارمەتیدانی حیزبی کرێکاران.

 

سەرەڕای دەرکردنی بەیانامەکەی یەکێتی ئینگلیز ژنان بەردەوام بوون لە تۆپی پێ و ڕێژەی لایەنگرانی یاریەکان زیاتر بوون، ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ڕاگرتنی یاری ژنان لە ساڵی ١٩٢١ لەپێناو ئەوەی جەماوەر ئامادەی یاری تۆپی پێ پیاوان بن، لەژێر دروشمی پاراستنی ژنان لەبەر ئەوەی تۆپی پێ مەترسی جەستەی لەسەر ژنان دروستدەکات، لە بیریان کردبوو لە ماوەی جەنگدا ژنان پاڵپشتیان کردبوون کۆششیان بۆ بەرهەمهێنانی زەخیرەکردن بەکاردەهێنان، ڕێگریەکە تاساڵی ٢٠٠٨ لە بەریتانیا بەردەوام بوو.

 

یانەی دیک کێر(Dick Kerr)

یانەی Dick Kerr توانی پەرە بە ڕێڕەوی خۆی بدات، یاریزانەکانی چوونە خولی ئەمریکی و کەنەدی، لەو کاتەشدا یەکێتی کەنەداش چووبووە پاڵ یەکێتی ئینگلیزەوە لە ڕێگری کردنی یاریزانان لە یاریکردن، بەڵام توانیان بگەنە یاریگاکانی تۆپی پێی ئەمریکا.

 

یاریەکە لە ئەمریکا ئەو ناوبانگەی بەدەستنەهێنا بەڵام یانە ئینگلیزیەکە نزیکەی ١٠ هەزار جەماوەری پەیدا کردبوو، یانەی  Dick Kerrلەگەڵ پیاوان یاریان کرد چونکە لە ئەمریکا یانەی ژنان نەبوو، ئەم خولەی یانە ئینگلیزیەکە پێی هەستا یارمەتی بڵاوبوونەی تۆپی پێی ژنانی دا لە جیهاندا، ژنانی ئیسپانیا بەربەستیان شکاند و یاریان کرد، ژنانی ئەرجەنتینیش تێکۆشانیان کرد لەپێناو یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز لە وەرزشدا، لە وڵاتە یەگرتووەکانیش بەهەمان شێوە بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینی بە بەراورد بە تۆپی پێی پیاوان.

 

لەگەڵ ئەوەی ژنانی توانیان یەکێتی تۆپی پێی ژنان لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٩ دروستبکەن بەڵام بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی لێنەکرا کاریگەری نەرێنی لە بەرەوپێشچوونی یاریەکە لە وڵاتدا دروستکرد و  هەتا ساڵی ٢٠٠٨ ڕێگەی پێنەدرا.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا

لە رۆژهەڵاتی ناویندا هەمان تێڕوانینی تێکەڵاو سەبارەت بە تۆپی پێی ژنان هەبوو، پیاوان وای دەبینن ئەو یاریە تایبەتە بە خۆیان، بەشێک لە ژنانیش پێیان خۆشنییە ژنانی گەنج بەشداری یاریەکە بکەن باوەڕیان وایە یاریەکی پیاوانەیە و بۆیان نەشیاوە.

 

یەکەم یانەی تۆپی پێی ژنان ساڵی ١٩٥٠ لە شاری حەلەبی سوریا دروستکرا، لە ئێرانیش یەکەمین یانەی ژنان لەساڵی ١٩٥٠ دروستکرا، بەڵام یانەکە بەهۆی ڕاپەرینی ئێرانەوە نەما تا ساڵی ٢٠٠٣.

 

لە فەڵەستین ''هەنی سەلجیە'' یەکەمین یانەی ژنانی لە ساڵی ٢٠٠٦ دروستکرد، بە خەباتی سەربەخۆ بوونی ژنان و هەنگاونان بەرەو یەکسانی نێوان ڕەگەز دانرا، بەڵام هەڵبژاردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن و لەگەڵ هەڵبژاردە جیهانیەکاندا بەشداریبکەن، هیچ یەکێکیان لە سەرەتای دروست بوونیانەوە لە ١٩٩١ نەیانتوانی بچنە جامی جیهانی تۆپی پێی ژنانەوە، هیچ یارمەتیەکی دارایی و دەروونی ناکرێن، بە پێچەوانەی یانەکانی پیاوانەوە.

 

لە باشوری کوردستان تۆپی پێی ژنان تەنها لە چوارچێوەی خوێندنگەکاندا خۆیدەبینێتەوە، بەڵام یانەکانی فوتساڵی ئەفرۆدێت و تۆپی پێی پێشمەرگە و سیروانی نوێ کە کۆنترین یانەی تۆپی پێی ژنانە بوونیان هەیە.

 

ت.پ