گروپی "دارخورمای نیشتمان" بەشداربوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی پاسکیلسوارییەوە بەهێز دەکات
لە شەقامەکانی بەغداوە، ژنانی عێراقی پاسکیلەکانیان لێخوڕین بۆ شکانەوەی وێنە باوەکان و بەهێزکردنی ئامادەبوونی ژنان لە کەشی گشتیدا، لە چوارچێوەی گروپی"دارخورمای نیشتمان"دا کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی کولتووری پاسکیلسواری دەدات وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوە، وەرزش.
رەجا حەمید ڕەشید
عێراق - لە شەقامەکانی بەغداوە، ژنانی عێراقی پاسکیلسوارییان هەڵبژارد وەک ئامرازێک بۆ وەرزش، تەندروستی و هاتووچۆ، بە شکانەوەی تێڕوانینی باو لەناو گروپی "دارخورمای نیشتمان"دا کە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی کولتووری پاسکیلسواری لە نێوان ژنان و منداڵاندا.
سوعاد جەوهەری، سەرۆکی گروپی"دارخورمای نیشتمان" بۆ پاسکیلسواریی ژنانی عێراقی، ڕایگەیاند، کە گروپەکە نزیکەی ١٢٠ ئەندامی لە ژنان و منداڵان لە تەمەنە جیاوازەکان لەخۆ گرتووە، هەروەها یەکێک لە ئەندامانی تەمەنی ٧٢ ساڵە.
ڕوونیکردەوە، کە ژمارەی ئەندامان جێگیر نییە، بەڵکو لە کاتی گەشتەکاندا بەپێی بارودۆخی بەشداربووان و ئەرکەکانیان زیاد و کەم دەکات، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ژن بەرپرسیارێتیی خێزانی و ئەرکی فرەچەشن لە ئەستۆ دەگرێت.
هەروەها گروپەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا دامەزراوە، هەرچەندە ئەو خۆی لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستی بە لێخوڕینی پاسکیل لە شەقامەکاندا کردووە، بە ئامانجی تاقیکردنەوەی ئەزموونەکە و زانینی کاردانەوەی کۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە تێپەڕبوونی کات تێبینیی قبوڵکردنی کۆمەڵگەی بۆ بیرۆکەکە کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ناوچەکەی خۆی و ئەو ناوچانەی پێیدا تێپەڕ دەبوو ناسراوە، ئەوەش وای لە ژمارەیەک ژن کرد کە پەیوەندیی پێوە بکەن و داوای فێربوونی لێخوڕینی پاسکیلی لێ بکەن.
"دارخورما" ئاماژەیە بۆ ژنی عێراقی
سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی "دارخورمای نیشتمان"، سوعاد جەوهەری ڕوونیکردەوە، کە دارخورما ئاماژەی بەرزی و باڵایییە، کە ئەمانە ئەو تایبەتمەندییانەن کە لە ژنی عێراقیدا دەیانبینێت، هەر ژنێک کە لە گروپەکەدا بەشداری بکات "دراخورما"یە، هەروەها ڕەنگی زەردی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی جلوبەرگی گروپەکە بێت، کە لە ڕەنگی بەروبوومی خورما لە کاتی پێگەیشتنیدا ئیلهامی وەرگرتووە.
سەبارەت بەو ئاستەنگانەی گروپەکە ڕووبەڕووی بووەوە، ڕوونیکردەوە ،کە سەرەتای چالاکییەکان لە چەند ناوچەیەکدا هەندێک سەختی تێدا بوو، هەروەها لەم جۆرە هەڵوێستانەش تەنها لە عێراقدا نییە، بەڵکو لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بوونی هەیە.
سوعاد جەوهەری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە پاسکیل تەنها وەرزشێک نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، دەریخست کە ئەندامان لە کاتی گەشتکردنیان لە شەقامەکانی بەغدادا هەست بە خۆشی و ئارامی دەکەن.
جەختیشی لەسەر پێویستیی تەرخانکردنی ڕێڕەوی پارێزراو بۆ پاسکیلەکان کردەوە، هیوای خۆشی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیارەی کە پێشکەشی شارەوانیی بەغدای کردبوو، هەروەها هیوای خواست ئەندامانی گروپەکە بگەنە کێبڕکێ جیهانییەکان، داوای لە منداڵانی کچ کرد بە متمانەوە ئەم وەرزشە ئەنجام بدەن، لەبەر ئەو سوودە تەندروستی و دەروونییانەی کە هەیەتی و ڕۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی ئامادەبوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
ئەزموونی پشتگیریکەر
هودا خالید، کە لە بواری گەشتیاریدا کار دەکات، ڕوونیکردەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا پەیوەندیی بە گروپەکەوە کردووە بۆ هاندانی لەسەر ئەم وەرزشە، جەختی لەسەر ئەو گرنگیە کردەوە کە ژن کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان بشکێنێت.
وتیشی: جێبەجێکردنی پاسکیلسواری نوێنەرایەتیی دەرچەیەک بۆ ژنان و ئارامیی جەستەیی دەکات، ژن دەتوانێت بێتە نموونەیەکی باڵا بۆ کەسانی تر.
ئاماژەی بە گرنگیی هاندانی ژنان لە تەمەنە جیاوازەکاندا کرد، لە منداڵانەوە دەست پێ بکات، و جەختی کردەوە کە وەرزش بە تەمەنێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە، هەروەها پاسکیل ئامرازێک دابین دەکات بۆ هاتووچۆکردن بۆ مەودای جیاواز و گەیشتن بە شوێنی مەبەست لە کاتێکی کورتتردا، بەتایبەتی لە سایەی قەرەباڵغیی هاتووچۆدا.
عەزرا عەبدول ساحب، ئەندامی گروپی "دارخورمای نیشتمان"، ڕوونیکردەوە، کە گروپەکە بەشداری لە چاندنی نەمام، پاککردنەوە، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە، هەوڵەکان بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی دەکات، هەروەها بۆ پاراستنی تەندروستی و لەشجوانی بەشداری کردووە، سەرەڕای دژایەتی سەرەتایی خێزانەکەی و هەندێک لێدوانی نەرێنی.
لە کۆتایدا جەختی لەسەر ئیرادەی خۆی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پاسکیلسواری، هانی ژنانی دیکەی دا تاقیبکەنەوە و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بشکێنن.